دەقی روونکردنەوەکە..

شەوی ٨ \٩-٥-٢٠٢١ راپۆرتێک بڵاوکراوەتەوە کە تیایدا بە شێوەیەکی ناڕوون تۆمەتی بەشداربوون لە کەیسی تیرۆرکردنی ژەنراڵ قاسم سلێمانی دەخاتە سەر چەند ئەفسەرێکی کوردی و لە شوێنێکی تر ناوی ھێزێکی دژە تیرۆری سەر بە ھەرێمی کوردستان ھاتووە، گەرچی ئێمە نازانین کە نووسەرانی راپۆرتەکە مەبەستیان لە کام ھێزی دژە تیرۆرە لە کوردستان، چونکە بەداخەوە ‌ تا ئێستاش وەک ئاشکرایە، دوو ھێزی پێشمەرگە و دوو ئاسایش و دوو ھەواڵگری و دوو دژە تیرۆر لە ھەرێمی کوردستان ھەن، بەڵام ئەوەی پەیوەندیی بە ئێمەوە وەک ھێزەکانی دژە تیرۆر ھەبێت، بەھەموو شێوەیەک ئاگاداربوون و بەشداربوونی ھێزەکەمان لە کردەوەی لەوجۆرەدا رەتدەکەینەوە، خۆ ئەگەر راپۆرتەکە پەیوەندی بە لایەنەکەی ترەوە ھەبێت، ئەوا حەقی وایە خۆیان روونکردنەوە بدەن، بەتایبەت کە ئێمە ئاگاداری ھیچ چالاکییەکی ئەوان نین و ئەوان لە دەرەوەی ھەموو دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستانن.

ژەنراڵ قاسم سلێمانی ھاوڕێیەکی نزیکی خوالێخۆشبوو ھەڤاڵ مام جەلال بووە و، دەزگای دژە تیرۆر رۆژگارێک لەو سەنگەرەدا شەڕی دژ بە تیرۆریزمی کردووە کە قاسمی سڵێمانییش تیایدا دەجەنگا، ئاشکرایە کە بە تیرۆرکردنی سەرکردەیەکی لەم ئاستە، ھەرێمی کوردستان دۆستێکی مێژوویی خۆی لەدەستدا و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش ھاوڕێیەکی مام جەلالی لەدەستچوو.

شایانی بیرھێنانەوەیە کە حکومەتی ئێران و حکومەتی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسی بە ئامانجگرتنی فەرماندە باڵاکەی یٔێران لە عێراق، لە ساڵی رابردووەوە لیژنەیەکی ھاوبەشیان پێکھێناوە بۆ بەدواداچوون لەسەر دۆزینەوەی بکەرەکانی ئەو کردەوەیە و، بۆ دەستنیشان کردنی بکەرەکانی چاوەڕوانی راپۆرتی میدیایی ناکەن، ئێمەش ئامادەین بۆ وەڵامی ھەر پرسیارێک.

سەرباری ئەمانەش، ئێمە ئەو گریمانەیە بەھەند وەردەگرین کە دەزگایەکی ھەواڵگریی ناوخۆیی لە ھەرێمی کوردستان، دەستی ھەیە لە ھەوڵدان بۆ تێوەگلاندنی دەزگاکەمان، بەتایبەت کە ئاگادارین ماوەیەکە ئەو دەزگا ھەواڵگرییە،‌ (بەشێکی تایبەت)ی پێکھێناوە بۆ دزەپێکردنی زانیاریی چەواشە بۆ میدیا ناوچەیی و جیھانییەکان و، دەیانەوێت بە ھەر نرخێک بووە زیان بە ناوبانگ و ئاسایش و ئارامیی ھەرێمی کوردستان و زۆنی سەوز بگەیەنن. بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە ھەواڵەش تایبەت بە شەھیدکردنی حاجی قاسم سلێمانی لەم کاتەدا، و لکاندنیشی بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە لەلایەن میدیاکانی پارتییەوە، بۆ ئەوەیە قەرەبووی ئەو زیانە گەورەیە بکەنەوە کە بەھۆی پاراستنی بەرژەوەندیی تەسک، دژایەتییان لەگەڵ خەڵک و یاریکردن بە چارەنووسی ھەرێمی کوردستان، بەر پێگە حزبی و سیاسی و دیپلۆماسییەکەیان کەوتووە، بەتایبەتتریش دوای سکانداڵی دەستگیرکردن و زیندانی کردنی رۆژنامەنووسی  گەنجی کورد بە تۆمەتی بێ بنەما، کە متمانەی لای خەڵک و دەرەوەش بۆ نەھێشتوون.

وتەبێژی دەزگای دژە تیرۆر
٩-٥-٢٠٢١