کوردستان

"شیروان میرزا"ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، وەفدێکی ھونەری حکومەتی ھەرێم دوای پشوەکانی جەژن سەردانی بەغداد دەکات، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی ماددەی ١١ لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١.
وتیشی، وەفدەکەی ھەرێم گفتوگۆ دەکات لەسەر چۆنێتی رادەستکردنی داھاتی نەوت و  ئەو بڕەی دەبێت بەغداد لە بودجەی گشتی بۆ ھەرێمی بنێرێت.
راشیگەیاند، ئەوەی پەیوەندی بە نەوت و بەرھەمی نەوتییەوە ھەیە لە نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵی یەکلایی دەکرێتەوە، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە داھاتی نانەوتییەوە ھەیە، لە نێوان ھەردوو دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم و عێراق گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و یەکلایی دەکرێتەوە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە
لە راگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر ئەو ھاوڵاتیانە ئاگادار دەکاتەوە کە ٢١ تاوەکو ٢٨ رۆژ پێش ئێستا یەکەم ژەمی ڤاکسینی جۆری "فایزەر"یان لێدراوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات دەتوانن لە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە لە سەعات ٨ و ٣٠ دەقەی بەیانی تاوەکو ٥ی ئێوارە بە مەبەستی وەرگرتنی ژەمی دووەم سەردانی (سەنتەری پێدانی ڤاکسینی کۆرۆنا) بکەن لە نەخۆشخانەی ڕزگاری. ھاوڵاتیانیش دڵنیا دەکاتەوە تەواوی ڤاکسین بۆ ژەمی دووەم دابینکراوە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە
لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی بارودۆخی دەڤەری سۆران و باڵەکایەتی و پێداویستییە خزمەتگوزارییەکانی ناچەکە گفتوگۆ کرا. 
 ھاوکات لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایەسەر باردۆخی ئێستای عێراق و خۆ ئامادەکردن بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە لەگەڵ بارودۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و بەشداربووان لەبارەی تەوەرەکانەوە بیروڕایان ئاڵوگۆڕکرد.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
"نەبەز ئیسماعیل" وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ٧٠ ھەزار کەس لە ھەرێمی کوردستان ناویان تۆمارکردووە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج، بەپێی تیروپشکی ساڵی ٢٠١٩ کە ٤ ھەزار و ٣٥٠ کەس ناویان بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج دەرچووە، بڕیاربوو لە ٢٠٢٠ فەریزەکە ئەنجام بدەن بەڵام بەھۆی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا پرۆسەکە دواکەت. وتیشی، لە ئەمساڵدا لەگەڵ دیاریکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی فەریزەی حەج ھەمان ئەو ٤ ھەزار و ٣٥٠ کەسە گەشت بۆ سعودیە ئەنجام دەدەن.
 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ھەفتەی ڕابردوو تیرۆریستانی داعش ھەردوو بیرە نەوتی ژمارە ١٧٧ و ١٨٣یان لەناوچەی بایی حەسەن لەسنوری قەزای دووبز تەقاندەوە و بەوھۆیەوە ئاگرێکی بەھێز لە بیرە نەوتەکە کەوتەوە و ئاگرەکە زیانی نزیکەی ٥ ھەزار بەرمیل نەوت لێکەوتەوە .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستان ٨٢٩ کەسی تر توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ١٠ توشبووی تری کۆرۆنا گیانیان لە دەستدا و ھەزار و ١٤٢ توشبووی تری ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە.

ڕاگەیاندراوی (٢٤) کاتژمێری تایبەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ   COVID١٩                         ژمارە (٤٣٩)
١. پشکنین: (٧٥٨٥ پشکنینی نوێ) 
• (٢٩٦٢) ھەولێر
• (١٣٦٥) سلێمانی
• (٢٥٤٢) دھۆک
• (٢٦٣) ھەڵەبجە
• (٤٥٣) گەرمیان
• (٠) ڕاپەڕین

٢. تووشبوو: (٨٢٩ تووشبووی نوێ)
• (١٨٣) ھەولێر
• (٢٥٩) سلێمانی
• (٣٢٨) دھۆک
• (٨) ھەڵەبجە
• (٥١) گەرمیان
• (٠) ڕاپەڕین
٣. چاکبوون: (١١٤٢ چاکبوون)
• (٣٠٥) ھەولێر
• (٣٩٨) سلێمانی
• (٣٦٦) دھۆک
• (١٠) ھەڵەبجە
• (٥٨) گەرمیان
• (٥) ڕاپەڕین

٤. مردن: (١٠ مردن)
• (٣) ھەولێر
• (٤) سلێمانی
• (٢) دھۆک
• (٠) ھەڵەبجە
• (١) گەرمیان
• (٠) ڕاپەڕین 

ئاماری گشتی:
کەڕەنتین ھاوڵاتی ٢١٨٧١ (٢١٨٧١ دەرچوو)
پشکنین ١٧٠٧٧٣٤ (٥٩٦٦٨٣ ھەولێر، ٣٩٢٨٧٤ سلێمانی، ٧٠٥٣٢٠ دھۆک، ١٢٨٥٧ ھەڵەبجە)
تووشبوون ١٥٧٤٨٢ (٥٠٢٢٥ ھەولێر، ٤٨١١١ سلێمانی، ٥٥٦٢٩ دھۆک، ٣٥١٧ ھەڵەبجە)
چاکبوون ١٣٨٠٢١ (٤٣٢٩٣ ھەولێر، ٤١٤٦٠ سلێمانی، ٥٠١٢٦ دھۆک، ٣١٤٢ ھەڵەبجە)
لەژێر چارەسەر ١٥٣٤٣ (٥٨٠٤ ھەولێر، ٤٧٦٨ سلێمانی، ٤٥٤٣ دھۆک، ٢٢٨ ھەڵەبجە)
مردن ٤١١٨ (١١٢٨ ھەولێر، ١٨٨٥ سلێمانی، ٩٦٠ دھۆک، ١٤٦ ھەڵەبجە)
بۆ زانیاری زیاتر سەردانی داشبۆردی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن لەم لینکە (https://gov.krd/coronavirus/dashboard/).
وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و ھەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، جەخت دەکەینەوە ھاووڵاتیان پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و دورکەوتنەوە لە شوێنی قەڵەبالغ و دانانی ماسک و وەرگرتنی ڤاکسین، وە لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە ھێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢). 
 وەزارەتی تەندروستی       
حکومەتی ھەرێمی کوردستان    
١٠ی ئایار ٢٠٢١
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نێردەی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق لە راگەیەنراوێکدا نیگەرانی خۆی پیشانداوە لە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی کوردستانی عێراق بۆ پەسەندکردنی بەندکردنی پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاککوان و ئاماژەی بەوەکردوە، ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەنووسی و دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە ڕەگەزە سەرەکیەکانی کۆمەڵگە دیموکراتیەکانن،  حوکمڕانیکردنی نەرێنی کاریگەری  لەسەر دەنگە ناڕازییەکان و ڕۆژنامەوانان دەبێت و وایان لێدەکات چیتر نەتوانن ڕاپۆرت و ھەواڵەکانیان بەبێ ترس بڵاو بکەنەوە یاخود.

راشیگەیاندوە، نێردەی یەکێتی ئەوروپا و نێردە دیبلۆماتیەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا نیگەرانن لەو ئاماژەیە لە حوکمی دادگەدا ھاتووە بە بوونی پەیوەندی لە نێوان باڵیۆزخانەکان و تۆمەتباراندا وەک کونسوڵخانەی گشتی ئەڵمانیا لە ھەولێر، ئاڵوگۆڕی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی بەشێکی سەرەکین لە کاری نێردە دیبلۆماتیەکان لە ھەموو جیھاندا .

نێردەی یەکێتی ئەوروپا داوا لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن پابەند بێت بە مافەکانی مرۆڤەوە کە خۆی دەبینێتەوە لە ئەنجامدانی دادگاییەکی دادپەروەرانە و زامنکردنی بوونی ئازادی ڕادەبڕینی و ئازادی ڕۆژنامەنووسی. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەنامەیەکدا بۆ حکومەتی ھەرێم رایگەیاندوە، دادگایکردنی  شێروان شێروانی، گوھدار زێباری، ھاریوان عیسا، ئەیاز ئەکرەم و شڤان سەعید نادادپەروەرانە بووەو رێگەش نەدراوە سزادراوەکان سکاڵا لەسەر ئەشکەنجەدانیان و مامەڵەی خراپ لەگەڵیان، بکەن.

رونیشیکردووەتەوە، دەستگیرکراوان تەنانەت لەکاتی دەستبەسەرکردنیاندا مامەڵەی خراپیان لەگەڵ کراوە، مانیان لە خواردن گرتووە، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لەحکومەتی ھەرێم کردووە بە پەلەو بێ مەرج ئەو پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوانە ئازاد بکات و لێکۆڵینەوەش بکات لەبارەی ئەشکەنجەدان و مامەڵەکردنی خراپ لەگەڵیاندا.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەرمانگەی میدیاو زانیاری بڵاویکردەوە، چوارچێوەی ھێڵە گشتییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بواری چاکسازی کە پێداگری لەسەر چاکسازیی سیستەمی باج بە شێویەکی دادپەروەرانە دەکاتەوە لە وەرگرتنی باج و گرتنەبەری ھەموو ڕێکارێکی یاسایی و کارگێڕی بۆ ڕێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج و میکانیزم و پێوەری تازە بۆ ڕێکخستنی باج و لەو پێناوەشدا کۆمەڵێک ڕێکاری گرتۆتەبەر

راشیگەیاندوە، رێکارەکان بریتین لە: وەرگرتنی باجی دەرامەت لەسەر بەرھەمە نەوتی و سوتەمەنییەکان و مەوادی کیمیایی تایبەت بە سوتەمەنییەکان و پاشەڕۆی سوتەمەنییەکان، کە لە ڕێکەوتی ٢٠٢١/٣/٥ چووەتە بواری جێبەجێکردنەوەو ٧% باج لە بەھا لە کاتی ھاوردەکردن،  ٤% باج لە بەھا لە کاتی ھەناردەکردن وەردەگیرێت. مامەڵەی ھیچ کۆمپانیایەکی نەوت و گاز ڕایی ناکرێت تا پاکانەی باجی لەگەڵدا نەبێت. وردبینیی بڕی باجی خەمڵێنراو لە لایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئەنجام دەدرێت.  

ھەروەھا دەبێ سەرجەم کۆمپانیاکانی دابینکار  خۆیان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، تۆمار بکەن. وەرگرتنی باجیش لە کارمەندی بیانیی بواری نەوت و گاز کە لە ڕێکەوتی ٢٠٢١/١/١٧ چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە رونکردنەوەیەکی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی ئاماژە بەوەدەکات، لە زۆربەی سایت  کەناڵەکانی راگەیاندن  ھەواڵی فرۆشتنی  چەند قوتابخانەیەکی ناوشاری سلێمانی بڵاوکراوەتەوە  کە دورە لەراستیەوە.

راشیگەیاندوە، تەنھا دووقوتابخانە کە خویندن بەزمانی تورکییە و خویندن تێیاندا ساڵانە بە پارەیە، ئەم دووقوتابخانەیە بە بڕیاری ئەنجومەنی  وەزیران و بەراوێژ لەگەڵ وەزارەتی پەروردە  بەمەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی کەمی قوتابخانە و بە راوێژ لەگەڵ وەزارەتی  شارەوانی وگەشتوگوزار ئەو دووقوتابخانەیە  بفرۆشرێت  بەزیادکردنی ئاشکرا.

سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی تەئکیدی کردووەتەوە، دواتر بریار  دەرچوو بە ھەڵوەشاندنەوەی فرۆشتنی لەگەڵ راگرتنی  زیادکردنکە  وبڕیاری راگرتنی  زیادکردنەکە  لە پەیجی فەرمی سەۆکایەتی شارەوانی سلێمانی  بلاو کرایەوە  لە رێکەوتی ٣ی ئایاری ٢٠٢١ لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ دا بڕیاری بڵاوکراوەتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاسۆ ھاشم سەرۆکی تیمی پارێزەرانی بەدەل بەرواری بە کوردسات نیوزی راگەیاند، راگیراوەکانی بادینان لە ٢٦ی شوبات، حەوت کەس بوون ، پێنج کەس لەوانە سزای ٦ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا، بەڵام دۆسیەی مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد حاجی برۆشی، لەلایەن دادوەری دادگایی تاوانەکانی دووی ھەولێر گەڕێنرایەوە بۆ دادگای لێکۆڵینەوە، چونکە وتەی یەکێک لە شاھیدەکانی تێدا نەبووە، بەوھۆیەشەوە پەڕاوی ئەو دوو کەسە لە پەڕاوی راگیراوەکانی تری بادینان جیاکرایەوە.

 وتیشی، لە ٩ی نیسانی ٢٠٢١ جارێکی تر دادگای لێکۆڵینەوە، پەڕاوەکەی گەڕاندەوە بۆ دادگایی تاوانەکانی دووی ھەولێر، لە ئێستاشدا بڕیاردراوە ١٧ی ئابی ٢٠٢١ مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد حاجی برۆشی دادگایی بکرێن.

جەختی لەوەشکردەوە، ئەو بڕیارە نا دادپەروەرانەیە، چونکە ئەو ماوە درێژە بەشێکە لە پڕۆسەی ئازاردانی مامۆستا بەدەل بەرواری و ئەو سیناریۆیەی لە بەرامبەری ھەیە و ھیچ بەڵگەیەک لە دژی نییە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یەکێک لەو ھاوڵاتیانەی لە ھندستان گیری خواردووە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دەیان ھاوڵاتی ھەرێمی کوردستان، کە بۆ چارەسەر روویان لە ھندستان کردووە، زیاتر لە مانگێکە لە وڵاتە گیریان خواردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە.

وتیشی، باڵیۆزخانەی عێراق و ھێڵی ئاسمانی عێراق ئەولەوییەتیان بۆ ھاوڵاتیانی عەرەبە و ئاستەنگی بۆ گەڕانەوەی کوردەکان دروست دەکەن.

رونیشیکردەوە، بڕیارە رۆژی پێنج شەممە بەشێکی تر لە ھاوڵاتیانی عێراق لە ھندستانەوە بگەڕێنەوە، بەڵام ھیچ ھاوڵاتییەکی کوردی تێدا نیەو بلیتی گەڕانەوەش گرانکراوە و  گەیشتووەتە ھەزار دۆلار.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی کارەبای ھەرێم، تائێستا ٦٣٣ ھەزار و ٦٦٥ پێوەری زیرەک بۆ ھاوبەشانی کارەبا بەستراوە.

بەپێی راگەیەنراوەکە، لە سلێمانی ٢٤١ ھەزار و ٣١٥ پێوەر و لە ھەولێر ٢٠٦ ھەزار و ٦٠٦ پێوەر و لە دھۆک ١٢٤ ھەزار و ٥٧٩ و لە گەرمیانیش ٦١ ھەزار و ١٦٥ پێوەری زیرەک بۆ ھاوبەشانی کارەبا بەستراوە.

وەزارەتی کارەبا راشیگەیاندوە، پێوەری زیرەک یەکەکانی کارەبا بە پێی کات تۆمار دەکات و دەیپارێزێت و ھەڵیدەگرێت و لەڕێگەی پەیوەندی و گەیاندنەوە بۆ ناو کۆمپانیا یان کۆنترۆڵی دەنێرێت، بێجگە لەوەش ھەموو وردەکارییەکی ھەر بەکارھێنەرێکی کارەبا تۆمار و چاودێریی دەکات، ھەروەھا وردەکاریی زۆر لەسەر بەکارھێنانی کارەبا لەلایەن بەکاربەرەوە تۆماردەکات، کۆنترۆڵی کارەباش ئاگادار دەکاتەوە لە ھەر سەرپێچی و دەستکارییەک کە ھاوبەشی کارەبا بیکات و کۆنترۆڵ دەتوانێت کارەباکەی ببڕێت، بڕیاریشە لە ماوەی ئەمساڵدا پێوەری زیرەک لە تەواوی ھەرێمی کوردستان ببەسترێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم رایگەیاند، ئامادەکاری دەکەن بۆ پێدانی بەشە خۆراکی سێیەم بۆ ھاووڵاتیان و لەو چوارچێوەیەشدا بەڕێوبەرایەتی خۆراکی سەر بە بەرێوبەرایەتی گشتی بازرگانی ھەرێم، بڕی ٣٦٠ تۆن زەیت و ٢٢٥ تۆن شەکری ئامادە کردوە بەمەبەستی دابەشکردنی بەسەر بریکارەکاندا.

لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە،ئەو زەیت و شەکرەی ئامادەکراوە بەشی سێیەمە بۆ مانگی نیسانی ٢٠٢١و لەڕێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەشدەکرێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی روونکردنەوەکە..

شەوی ٨ \٩-٥-٢٠٢١ راپۆرتێک بڵاوکراوەتەوە کە تیایدا بە شێوەیەکی ناڕوون تۆمەتی بەشداربوون لە کەیسی تیرۆرکردنی ژەنراڵ قاسم سلێمانی دەخاتە سەر چەند ئەفسەرێکی کوردی و لە شوێنێکی تر ناوی ھێزێکی دژە تیرۆری سەر بە ھەرێمی کوردستان ھاتووە، گەرچی ئێمە نازانین کە نووسەرانی راپۆرتەکە مەبەستیان لە کام ھێزی دژە تیرۆرە لە کوردستان، چونکە بەداخەوە ‌ تا ئێستاش وەک ئاشکرایە، دوو ھێزی پێشمەرگە و دوو ئاسایش و دوو ھەواڵگری و دوو دژە تیرۆر لە ھەرێمی کوردستان ھەن، بەڵام ئەوەی پەیوەندیی بە ئێمەوە وەک ھێزەکانی دژە تیرۆر ھەبێت، بەھەموو شێوەیەک ئاگاداربوون و بەشداربوونی ھێزەکەمان لە کردەوەی لەوجۆرەدا رەتدەکەینەوە، خۆ ئەگەر راپۆرتەکە پەیوەندی بە لایەنەکەی ترەوە ھەبێت، ئەوا حەقی وایە خۆیان روونکردنەوە بدەن، بەتایبەت کە ئێمە ئاگاداری ھیچ چالاکییەکی ئەوان نین و ئەوان لە دەرەوەی ھەموو دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستانن.

ژەنراڵ قاسم سلێمانی ھاوڕێیەکی نزیکی خوالێخۆشبوو ھەڤاڵ مام جەلال بووە و، دەزگای دژە تیرۆر رۆژگارێک لەو سەنگەرەدا شەڕی دژ بە تیرۆریزمی کردووە کە قاسمی سڵێمانییش تیایدا دەجەنگا، ئاشکرایە کە بە تیرۆرکردنی سەرکردەیەکی لەم ئاستە، ھەرێمی کوردستان دۆستێکی مێژوویی خۆی لەدەستدا و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش ھاوڕێیەکی مام جەلالی لەدەستچوو.

شایانی بیرھێنانەوەیە کە حکومەتی ئێران و حکومەتی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسی بە ئامانجگرتنی فەرماندە باڵاکەی یٔێران لە عێراق، لە ساڵی رابردووەوە لیژنەیەکی ھاوبەشیان پێکھێناوە بۆ بەدواداچوون لەسەر دۆزینەوەی بکەرەکانی ئەو کردەوەیە و، بۆ دەستنیشان کردنی بکەرەکانی چاوەڕوانی راپۆرتی میدیایی ناکەن، ئێمەش ئامادەین بۆ وەڵامی ھەر پرسیارێک.

سەرباری ئەمانەش، ئێمە ئەو گریمانەیە بەھەند وەردەگرین کە دەزگایەکی ھەواڵگریی ناوخۆیی لە ھەرێمی کوردستان، دەستی ھەیە لە ھەوڵدان بۆ تێوەگلاندنی دەزگاکەمان، بەتایبەت کە ئاگادارین ماوەیەکە ئەو دەزگا ھەواڵگرییە،‌ (بەشێکی تایبەت)ی پێکھێناوە بۆ دزەپێکردنی زانیاریی چەواشە بۆ میدیا ناوچەیی و جیھانییەکان و، دەیانەوێت بە ھەر نرخێک بووە زیان بە ناوبانگ و ئاسایش و ئارامیی ھەرێمی کوردستان و زۆنی سەوز بگەیەنن. بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە ھەواڵەش تایبەت بە شەھیدکردنی حاجی قاسم سلێمانی لەم کاتەدا، و لکاندنیشی بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە لەلایەن میدیاکانی پارتییەوە، بۆ ئەوەیە قەرەبووی ئەو زیانە گەورەیە بکەنەوە کە بەھۆی پاراستنی بەرژەوەندیی تەسک، دژایەتییان لەگەڵ خەڵک و یاریکردن بە چارەنووسی ھەرێمی کوردستان، بەر پێگە حزبی و سیاسی و دیپلۆماسییەکەیان کەوتووە، بەتایبەتتریش دوای سکانداڵی دەستگیرکردن و زیندانی کردنی رۆژنامەنووسی  گەنجی کورد بە تۆمەتی بێ بنەما، کە متمانەی لای خەڵک و دەرەوەش بۆ نەھێشتوون.

وتەبێژی دەزگای دژە تیرۆر
٩-٥-٢٠٢١

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.شاناز نەقشبەندی وتەبێژی تەندروستی ھەڵەبجە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە بەردەوامیی زیادبونی ئامارەکانی کۆرۆنادا لە ھەڵەبجە، توشبویەکی تر گیانی لەدەستداوە، ژمارەیەکیش لە توشبوانی ڤایرۆسەکە لە نەخۆشخانەی وەفا لە ژێر چاودێری پزیشکیدان و دوان لە توشبوەکان رەوشی تەندروستییان ناجێگیرە و لە ژێر چاودێری چڕدان. 

وتیشی, لە ماوەی ٣٠ رۆژدا سێ توشبوی کۆرۆنا لە ھەڵەبجە گیانیان لەدەستداوە و ھۆکاری زیادبونی ئامارەکانیش بۆ پابەند نەبوون بە رێنماییەکان و وەرنەگرتنی ڤاکسین دەگەرێتەوە، چونکە ھاوڵاتیان بەپێی پێویست بە دەم ڤاکسینەکانەوە نەچوون و تا ئێستا تەنھا ٦٠٠ کەس لە ھەڵەبجە ڤاکسینیان وەرگرتوە .

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...648649650651652...659