سبەینێ دەستبە دابەشکردنی یەکەمین موچەی مامۆستایانی گرێبەست دەکرێت و لە چەند رۆژێکدا موچەی سەرجەم پەروەردەکان دابەشدەکرێت.
عەلی رەئوف، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بڕیارە سبەینێ یەکەم موچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەشبکرێت، کە مووچەی مانگی ئەیلولە.
ئەوەشی خستەڕوو، دابەشکردنی موچەی مانگی ئەیلول لە سنووری پەروەردەی چەمچەماڵەوە دەستپێدەکات و لە ماوەی چەند رۆژێکدا لە تەواوی پەروەردەکان موچەکە بەسەر مامۆستایانی گرێبەستدا دابەشدەکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، بڕیارە موچەی مانگی تشرینی یەکەمی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دابەشبکرێت.
وتیشی، چاوەڕوان دەکرێت کۆتاییەکانی مانگی تشرینی دووەم شایستە داراییەکانی مامۆستایانی گرێبەست بۆ مانگەکانی ئاب و تەممووز پێکەوە دابەشبکرێت.
بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن راگەیەنراوێک بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، "بەکۆی دەنگی ئەندامانی ھەڵبژێردراوی جڤاتی نیشتیمانی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان رەتکرایەوە"
دەقی راگەیەنراوەکە...
ئەمرۆ ۲٦ ـ ۱۰ ـ ۲۰۲٤ ئەندامانی ھەڵبژێردراوی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بەسەرپەرشتی لیوا جەلال مستەفا، سەرۆکی جڤاتی گشتی لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لەگردی زەرگەتە کۆبونەوە.
بەکۆی دەنگی ئەندامانی کۆبونەوەکە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕەت کرایەوە، ڕێکاری یاسایی و مەدەنی دەگیرێتە بەر بۆ پارێزگاریکردن لەدەنگی ڕاستەقینەی ھاونیشتمانیانی کوردستان.
بزوتنەوەی گۆڕان
بە ھەوڵی پەرلەمانتارێکی یەکێتی، لە سبەینێوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی فرۆشتنی دۆلار بە نرخی رەسمی بانکی ناوەندیی بە گەشتیاران دەستپێدەکاتەوە.
د.بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە ئەنجامی ھەوڵەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی فڕۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ھاوشێوەی فڕۆکەخانەکانی دیکە، لە سبەینێوە فڕۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەستپێدەکاتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، گەشتیارانی سلێمانی ھاوشێوەی گەشتیارانی پارێزگاکانی تری عیراق لە سبەینێوە دەتوانن بە نرخی رەسمی بانکی ناوەندیی دۆلار لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی وەربگرن.
گۆڤارێکی ئەمریکی دەڵێت پێدانی چەک بە ھێزەکانی پێشمەرگە لە ھەرێمی کوردستان لەلایەن ئەمریکاوە لە بەرژەوەندی عیراق و سیسمی بەرگری ئەو وڵاتەدایە.
گۆڤاری فۆربسی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، ھەندێک لێپرسراو و لایەنی عیراقی ناڕازیی بوون و دژی پێدانی چەک بوون بە ھێزەکانی پێشمەرگە بە تایبەتی تۆپھاوێژی ھاوتزەر لەکاتێکدا ئەو رێککەوتنەی نێوان ئەمریکا و پێشمەرگە بە رەزامەندی حکومەتی پێشووی عیراق بووە و وەزارەتی بەرگری عیراقیش ئەو راستییەی بە ئاشکرا باسکردووە و ئەوەش ئاماژەیەکە بۆئەوەی کە ئەمریکا بەبێ پرس و راوێژ لەگەڵ حکومەتی عیراق چەکی بە ھێزەکانی پێشمەرگە نەداوە.
گۆڤارە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە سەرجەم لایەنە عیراقییەکان پشتیوانی پێدانی چەک بن لەلایەن ئەمریکاوە بە ھێزەکانی پێشمەرگە کە بەشێکە لە سیستمی بەرگری عیراق بەتایبەتی کە تائێستاش پێشمەرگە ھەماھەنگی تەواوی لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکانی عیراق ھەیە لە کۆی بابەتە ئەمنییەکان بە گشتی و راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش بەتایبەتی، کەئەوەش لە بەرژەوەندی سیستمی بەرگری عیراقدایە.
بانکی تانجەرۆ لە سلێمانی ئاگاداری خانەنشینان و خاوەن پێداویستی تایبەت دەکاتەوە کە بۆ تۆماری بایۆمەتری رۆژانی ھەینی و شەممە بانکەکەیان کراوەیە.
بانکی تانجەرۆ لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئەمڕۆ ھەینی و سبەی شەممە دەرگایان کراوەیە بۆ دروستکردنی بایۆمەتری بۆ خانەنشینان و کەمئەندامان و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت.
دەشڵێت، سەبارەت بە مامۆستایانی گرێبەستیش لەبەرئەوەی بڕیاری تۆماری بایۆمەتریان بۆ دەرنەچووە با لە ئێستادا سەردانیان نەکەن.
مانگی ئابی ئەمساڵ دوای کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئابوری عیراق و ھەرێم، حکومەتی عیراق تا کۆتایی ئەمساڵ مۆڵەتی بە حکومەتی ھەرێمدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو موچەخۆرانەی تۆماری بایۆمەتریان نییە.
ھەفتەی رابردووش وەزارەتی دارایی و ئابوری ھەرێم رایگەیاند، لە دوو مانگی رابردودا زیاتر لە ١٠٥ ھەزار مووچەخۆر بایۆمەتریان کردووە و ٧٥٪ی کێشەی بایۆمەتری مووچەخۆران و فەرمانبەران چارەسەر کراوە.
ئیسرائیل دەڵێت، تورکیا تاوانی جەنگ لە دژی کورد ئەنجام دەدات و جیھانیش لێی بێدەنگە.
ئیسرائیل کاتز وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رەخنە لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگرێت و دەڵێت، کاتێک ئیسرائیل بەرگری لە خۆی دەکات، گۆتێرێس بەردەوام ھێرشیان دەکاتە سەر، بەڵام کاتێک ئەردۆغان ھێرش دەکاتە سەر کورد، ئەو بێدەنگە.
کاتز ھەروەھا ئەردۆغان بە دیکتاتۆر ناو دەبات و دەڵێت، کورد سەردەبڕێت و بۆردومانی کوردی سیڤیلی بێتاوان لە باکووری سوریا دەکات و گۆتێرێس و جیھانیش ھیچ ناڵێن.
دەشڵێت، کوان داواکان بۆ ئاگربەست و کۆبونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایش، کوا گرنگیدان بە مافی کورد و تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگای لاھای لە دژی ئەردۆغان.
داھاتی نانەوتی ئەم ھەفتەیەی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە زیاتر لە نۆ ملیار دینار بووە و بەراورد بە ھەفتەی رابردوو زیاتر لە ٣٤٪ کەمیکردووە.
ماڵپەڕی شەفافیەت کە چاودێری داھاتی نانەوتی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان دەکات، بڵاویکردەوە، داھاتی نانەوتی ئەم سنوورە لە ١٢ی تشرینی یەکەم تا ئەمڕۆ ٩ ملیار و ٨٠ ملیۆن و ١٧٤ ھەزار و ٤٢٥ دینار بووە، لە کاتێکدا ھەفتەی رابردوو داھاتەکە زیاتر لە ١٣ ملیار دینار بووە، واتە بەبڕی زیاتر لە ٤ ملیار دینار کە دەکاتە ٣٤.٩١٪ کەمیکردووە.
دەشڵێت، داھاتی نانەوتی ئەم ھەفتەیەی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە، لە ٨٦٪ـی بەشێوەی نەختینە و ١٤٪ـی بەشێوەی چەک بووە.
لەماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا سوپای تورکیا ٤٥ ھێرشی ئاسمانی لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوەو بەھۆیەوە ٥٤ ھاوڵاتی مەدەنی گیانیانلەدەستداوە و برینداربوون.
لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممەوە سوپای تورکیا ھێرشەکانی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان چڕ کردووەتەوەو بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چەندین ناوچەی بۆردومان کردووە، لەوانەش: ٦٣ گوند و شار و ٤ پارێزگا کە بەھۆیەوە ١٤ ھاوڵاتی کوژراون، ٤٠ کەسی تریش برینداربوون.
لە بەیاننامەیەکدا ھێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاندووە، سوپای تورکیا ژێرخانی رۆژئاوا دەکاتە ئامانج لەنێویشیاندا نانەواخانە، وێستگەی کارەبا و نەوت، ھەروەھا بازگەکانی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ.
ھاوکات ئاسایشی رۆژئاوا رایگەیاندووە، سوپای تورکیا شاری کۆبانێی بەچڕی بۆردومانکردووە ھەروەھا ھۆڵی زەماوەندی فورات و بازگەی جەرابلوس، ئاشی کۆبانی، یاریگای کۆبانی، نەخۆشخانەی ئەلئەمەلی بۆردومان کردووە و لەماوەی ھەفتەیەکدا ٢٧ ھاووڵاتی گیانیانلەدەستداوە.
دەشڵێت، سوپای تورکیا بەوەشەوە نەوەستاوەو بۆردومانی سایلۆکانی کۆبانی کردووە کە بەھۆیەوە کرێکارێک گیانیانلەدەستداوە و ھەشتی تریش بە سەختی برینداربوون، ئەوەشی دووپاتکردووەتەوە کە ئەم ھێرشە بەردەوامانە ھەڕەشە لە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە دەکەن.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق رایگەیاند، نزیکەی ٢٠٠ ئاوارەی ئێزدی لە کەمپێکی پارێزگای دھۆکەوە گەڕانەوە قەزای شەنگال.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ١٨١ ئاوارە لە کەمپی شێخانی سەربە پارێزگای دھۆک گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان لەقەزای شەنگال.
دەشڵێت، گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە بە ھاوکاری لێپرسراوانی ھەرێمی کوردستان و رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە نەینەوا بووە.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە شەنگال مینحەیەکیان بۆ تەرخانکراوە و یارمەتی مرۆیش دەدرێن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، کە لە مانگی تەمموزی ئەمساڵ سەرجەم ئاوارەکان لە سلێمانییەوە گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان و کەمپی ئاشتی کە تایبەت بوو بەو ئاوارانە داخرا.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا بڵاویكردەوە، دەوڵەتی توركیا ژمارەیەك رۆژنامەنووسی كردووەتە ئامانج، كە ئاسەواری بۆردوومانەكانیان بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان روماڵ دەكرد.
نوسینگەی راگەیاندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بڵاویكردەوە، ژمارەیەك رۆژنامەنووس لەكاتی بەجێگەیاندنی ئەركەكانیاندا بۆ روماڵكردنی كاریگەری و ئاسەواری بۆردوومانەكانی توركیا لە عامودا كراونەتە ئامانج، كە ئەوە یەكەمجار نییە و توركیا بەردەوام بە مەبەستی بێدەنگكردنی دەنگی راستی و شاردنەوەی رووداوەكان لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی، رۆژنامەنووسان دەكاتە ئامانج.
راشیگەیاند، بەئامانجكردنی رۆژنامەنوسان پێشێلكارییەكی زەقی پەیماننامە و یاسا نێودەوڵەتییەكانە بۆ پاراستنی رۆژنامەنوسان لەو ناوچانەی ئاڵۆزی تێدایە.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هێرشكردنە سەر رۆژنامەنووسانی ئیدانە كرد و داواشی لە رۆژنامەنوسان و میدیاكاران كرد بە ئاگاییەوە روماڵ بكەن و رێكارەكانی خۆپارێزی بگرنەبەر.
هێزەكانی سوریای دیموكرات شەهیدبوونی ١٢ مەدەنی و برینداربوونی ٢٥ی دیكەی بەهۆی دواین بۆردومانەكانی توركیا لە رۆژئاوای كوردستان راگەیاند.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە چەند سەعاتی رابردودا توركیا بۆردومانی بۆ سەر ژێرخانی سەرەكی دانیشتوانی رۆژئاوای كوردستان و شوێنە مەدەنییەكان و ناوەندەكانی هێزی ئاسایش ئەنجامداوە، كە بەهۆیەوە ١٢ مەدەنی شەهیدبوون كە دووانیان منداڵن، هەروەها ٢٥ی كەسی تریش برینداربوون كە برینی هەندێكیان سەختە.
هەسەدە راشیگەیاندووە، سەرباری بۆردوومانكردنی ئەو ناوچانەی مەدەنی تێدایە، وێستگەی كارەبا و بەربەستەكانی هێزی ئاسایشی ناوخۆ كە بەرپرسن لە پاراستنی ناوچەكە بوونەتە ئامانجی فڕۆكە جەنگی و درۆنەكانی توركیا.
دەشڵێت، ئەو بۆردومانانە ئاماژەیەكی روونە بۆ دوژمنكاری توركیا بەرامبەر گەلی رۆژئاوا و بیرخستنەوەیەكی مەترسیدارە بۆ تاوانەكانی ئەو وڵاتە.
توركیا چەندین ناوچەی لە رۆژئاوای كوردستان بۆردوومان كرد، كە بەهۆیەوە چوار كەس شەهید بوون و 15ی دیكەش برینداربوون، مەزڵوم عەبدیش دەڵێت، ئامادەی بۆ بەرگرین.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، توركیا وێستگەی سەعیدەی نەوتی لە ترپەسپی و كارگەی غازی سویدیە و چەندین خاڵی دیكەی نەوتی لە ریفی دیریك و دوو ناوەندی ئاسایشی لە قامیشلۆ و وێستگەی كارەبا لە عامودا و ناوەندی هێزەكانی ئاسایش لە كۆبانێ و چەندین شوێنی دیكەی بۆردومان كردووە. هاوكات تۆپخانەیەكی توركیا شاری تەل رەفعەت و شەهبای تۆپباران كردووە، لەگەڵ چەند ناوچەیەك لە ریفی باكوری مەنبەج.
بەپێی ئەو ئامارانەی خراونەتەڕوو، بەهۆی بۆردومان و تۆپبارانەكانی توركیاوە لەو ناوچانەی رۆژئاوای كوردستان، چوار كەس شەهید بوون و زیاتر لە 15 كەسیش برینداربوون، كە سیانیان ئەندامی هێزی ئاسایشی ناوخۆ "ئاسایش"بوون.
لای خۆشیەوە، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاند، ناوچەكە بەشێوەیەكی هەڕەمەكی و بەبێ هیچ پاساوێك لەژێر بۆردومانی توركیادایە.
وتیشی، چەندینجار ئامادەییان بۆ دانوستان دەربڕیوە، هێزەكانیشیان ئامادەن بۆ بەرگریكردن لە گەل و خاك.
موراد قەرەیلان رایدەگەیەنێت دژی چارەسەری پرسی کورد نین، بەڵام لە تورکیا ھەوڵێک ھەیە لە چوارچێوەی شەڕی تایبەتدا بۆ لاوازکردنی کورد .
موراد قەرەیلان فەرماندەی ناوەندی گشتی ھێزەکانی پاراستنی گەل نەپەگە رایگەیاند، تورکیا لە شەڕی ٩ ساڵی رابردوو دژی کورد شکستیھێناوە و کورد توانیویەتی سەرکەوتنی بەرچاو دژی دوژمن بەدەستبھێنێت.
دەشڵێت، دژی چارەسەری دیموکراتیانە نین، بەڵام دژی تاکتیکی شەڕێکی تایبەتن کە تورکیا بۆ فریودان بۆ دروستکردنی شەڕ لە نێوان لایەنە کوردەکان لە باکووری کوردستان بە ناوی پرۆسەی چارەسەریی بەکاریدەھێنێت.
قەرەیلان ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەندێک لێدوانی سەرکردەکانی تورکیا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ترسیان لە پێگەی کورد ھەیە لە چوارچێوەی رۆژھەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ کە شێواز و سنورەکانی گۆڕانکاریان بەسەردا دێت، تورکیاش نایەوێت کورد لە گۆڕانکارییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست رۆڵ و پێگەی ھەبێت.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عیراق ژماردنەوەی دەستی بۆ دەنگی ١٣ وێستگە لە ھەولێر دەکات.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاندوە، سبەینێ وردبینی لە دەنگی ئەو وێستگانە دەکرێت، کە ئەنجامەکانیان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان رانەگەیەندراون، بەپێی خشتەی کۆمسیۆن سبەینێ لە لە پارێزگای ھەولێر، وردبینی لە دەنگی ١٣ وێستگە دەکەن، کە دەنگەکانیان ھەژمار نەکراون.
راشیگەیاندووە، نوێنەری ھاوپەیمانی و حزب و پاڵێوراوان و چاودێرانی ھەڵبژاردنەکان و راگەیاندنەکان دەتوانن سەردانی ناوەندەکانی وردبینی بکەن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، ژماردنەوەی دەنگی ئەو وێستگانە کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردن نابێت.
ژماردنەوەی دەستی بۆ دەنگی ئەو وێستگانەش دوای ئەوە دێت، پێشتر گرفت لە ناردنی ئەنجامی دەنگی ئەو وێستگانە ھەبووە بۆ بەغداد لە دوو رۆژی رابردوشدا کۆمسیۆن پرۆسەی ژماردنەوەی دەستی لە حەوت وێستگەی دھۆک و شەش وێستگەی سلێمانی ئەنجامداوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێم لیژنەیەک بۆ وردبینی لە ناوی مامۆستایانی وانەبێژ پێکدەھێنێت، کاری لیژنەکەش دڵنیابوونەوەیە لە ناوی سەرجەم وانەبێژان.
بەپێی راگەیەنراوێک، د. ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێم بڕیاریداوە بە پێکھێنانی لێژنەیەکی باڵا و تایبەت بۆ پێداچونەوە و وردبینیکردنی ناو و سەرەتاکانی سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا، کە ناوەکانیان بە نوسراوی زانکۆکان ئاڕاستەی وەزارەت کراوە و رەزامەندی دارایی بۆ بەگرێبەست بوونیان دەرچووە.
باس لەوەشکراوە، کاری لیژنەکە دڵنیابونەوەیە لە ناوی سەرجەم وانەبێژان، بەشێوەیەک بێ جیاوازی و لە چوارچێوەی رێنماییەکاندا سەرجەم وانەبێژانی سودمەند بگەن بە مافی ئاسایی و یاسایی خۆیان کە ئەویش دەرچوونی فەرمانی بە گرێبەست بونیانە.
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان دەڵێت، ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی مەترسی ھەیە لەسەر ناوچە کوردستانییەکان بە گشتی و کەرکوک بەتایبەتی.
فەھمی بورھان سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بۆ ئەنجامدانی سەرژمێی گشتی لە عیراق و ھەرێمی کوردستان کردووە و رایگەیاندووە، سەرژمێری گشتی لە عیراق، مەترسی ھەیە لەسەر ناوچەکوردستانییەکان بە گشتی و کەرکوک بە تایبەتی، بەھۆی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە لەلایەن عەرەبی ھاوردە لە دوای ساڵی ٢٠١٧ و نەگەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.
راشیگەیاندووە، دەبێت سەرژمێریی بۆ دیاریکردنی رێژەی دانیشتوان و خزمەتکردن بێت، چونکە بە درێژایی ساڵانی رابردوو حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عیراق سەرژمێری گشتی بۆ مەرامی سیاسی بەکارھێناوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، دژی سەرژمێری نین، بەڵام جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و ئاسایکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکان لە ئەنجامدانی سەرژمێری گرنگترە.