كەشناسی پێشبینی بارانی بەخوڕ و هەورە بروسكە دەكات و هۆشداریش لە روودانی لافاو دەدات، داواش لە هاووڵاتیان دەكات، رێگەكانی دەرەوە تەنها لە كاتی پێویستدا بەكاربهێنن.
كەشناسی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ ئەگەری بارینی كەمێك نمە باران هەیە لە ناوچە شاخاوییەكان و ناوچەكانی سنووری پارێزگای سێمانی، سبەینێش ئاسمان هەوری تەواو دەبێت نمە باران و بارانی مامناوەند لە كات و ناوچەی جیاجیا دەبارێت , لە كاتەكانی ئیوارەدا ڕێژەی دابارین كەمێك زیاتر دەبێت بە تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی پاشان لە شەودا كاریگەری ئەو شەپۆلە زیاد دەكات و باران بارین تەواوی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە .
هاوكات كەشناسی عیراق لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، رۆژانی شەمە و یەكشەممە باران بارین لە لوتكەدا دەبێت لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و بەشێكی باشور و ناوەڕاست كە هەورەبروسكەی لەگەڵدا دەبێت، هۆشداریشیدا لە روودانی لافاو لە چەند ناوچەیەك بە تایبەت ناوچەكانی رۆژهەڵاتی عیراق، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەكات لەو ناوچانەی مەترسییان لەسەرە دوور بكەونەوە.
كەشناسی عیراق داواشی لە هاووڵاتیان كردووە، رێگەكانی دەرەوە تەنها لە كاتی پێویستدا بەكاربهێنرێن، چونكە بارانەكە بەهێز دەبێت و ئاستی بینین كەمدەبێتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی توركیا، سەرۆك شارەوانییەكی كوردی سەر بە جەهەپەی لە ئیستەنبوڵ دوورخستەوە و قەیومی لە شوێنەكەی دانا جەهەپەش دەڵێت، كودەتا لە دەنگی خەڵك كراوە.
لەسەر داوای پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان –دەم پارتی و پارتی گەلی كۆماری-جەهەپە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی لە دژی دورخستنەوە كاندیدێكی هاوبەشی ئەو دووپارتە بۆ سەرۆكایەتی شارەوانیی ئەسەنیورت لە ئیستەنبوڵ بەرێوەچوو.
ئوزگور ئوزەل سەرۆكی جەهەپە لە كاتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەكان لە ئیستەنبوڵ رایگەیاند، ئاكەپە بە دانانی قەیوم لە جێگای سەرۆكی شارەوانیی یاسای و هەڵبژێردراو ، كودەتای لە دەنگی خەڵك كردوە.
پێشتر وەزارەتی ناوخۆی توركیا رایگەیاندبوو، لە دوای لێكۆڵینەوەەكانی سەرۆكایەتی داواكاری گشتی كۆماری ئیستەنبوڵەوە، ئەحمەد ئۆزەر سەرۆكی شارەوانی ئەسەنیورت بە تاوانی ئەندامبوون لە پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە دەستبەسەركراوە و بەپێی ماددەكانی 45 و 46ی یاسای شارەوانی لە كارەكەی دورخراوەرتەوە جێگری پارێزگاری ئیستەنبوڵ لە شوێنەكەی دانراوە.
كۆمپانیای ئای كیو ئاگاداری بەشداربووانی دەكاتەوە و دەڵێت، بۆ ئەوەی هێڵی ئینتەرنێتەكەیان بەردەوام بێت پێویستە ناسنامەكانیان پشتڕاستبكەنەوە.
كۆمپانیای ئای كیو لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەشكردووە، كۆمپانیاكانی پەیوەندی و گەیاندن لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئاگاداركراونەتەوە كە هەر كەسێك بەشداری هێڵی ئینتەرنێتی كردووە و بەڵگەنامە فەرمییەكانی وەك (ناسنامە یان كارتی نیشتمانی و كارتی زانیاری یان كۆدی ئاسایش)ی پێشكەشی كۆمپانیای دابینكەری هێڵی ئینتەرنێتی نەكردبێت لەكاتی بەشداریكردندا، ئەوا لەماوەیەكی نزیكدا هێڵەكەی دەبڕدرێت.
دەشڵێت، پێویستە بە زووترین كات ئەو بەڵگەنامانە پێشكەش بە كۆمپانیای هێڵی ئینتەرنێت بكرێت، ئەگەر كەسەكەش بیانی بوو، ئەوا پێویستە پاسپۆرت و نشینگە پێشكەش بكات وەك بەڵگەنامەی فەرمی.
وتیشی، لەئێستادا كۆمپانیای ئای كیو دەستیكردووە بە پەیوەندیكردن بە بەشداربووانیەوە و وەرگرتنی بەڵگەنامەكان لەڕێی ئەپڵیكەیشنەكەیانەوە.
ماوەی دوو رۆژە لە چاكسازی گەورانی سلێمانی زیندانییەك برایەكی دەخاتە شوێنی خۆی هەڵدێت كە سزای لەسێدارەدانی هەیە، هێزە ئەمنییەكانیش لە هەوڵی دەستگیركردنەوەیدان.
سەرچاوەیەك لە چاكسازی گەورانی سلێمانی بە كوردسات نیوزی ڕایگەیاند، زیندانییەك دوو بڕیاری سزای لەسێدارەدانی هەیە، لەكاتی سەردانیكردنی براكەیدا جلوبەرگەكانیان گۆڕیووەتەوە و براكەی خستووەتە شوێنی خۆی و دواتر هەڵاتووە و لەئێستادا براكەی لە زینداندا ماوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ڕووداوەكە رۆژی چوارشەممە ڕوویداوە و لەئێستادا هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردووە بە ئامانجی دووبارەدەستگیركردنەوەی زیندانییەكە.
زنیدانییە هەڵاتووەكەی چاكسازی گەورانی سلێمانی، بە مادەی ٤٠٦ ی تایبەت بە كوشتن بەیاسای سزادانی عیراقی سزادراوە.
لە مانگی تەممووزی ئەمساڵیشدا، دوای ئەوەی ڕاگیراوێكی زیندانی چاكسازی ژنان و منداڵانی سلێمانی هەڵات، بەڵام توانرا لە ماوەی كەمتر لە 24 سەعاتدا لە سلێمانی دەستگیربكرێتەوە و شەش كەسی دیكەش دەستگیركران كە هاوكاربوون لە هەڵهاتن و حەشاردان و گواستنەوەی زیندانییەكە.
لە ئەمڕۆوە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق دەرگای تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەكاتەوە و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
عومەر ئەحمەد، سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە دەرگای تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكرێتەوە و لایەنەكان لە سێ رۆژدا دەتوانن تانە پێشكەش بكەن، وتیشی رۆژی یەكشەممە لەگەڵ كۆتایی دەوامدا تۆماركردنی تانەكانیش كۆتایی دێت.
رۆژی چوارشەممە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی راگەیاند و دوپاتیكردەوە هەڵبژاردنەكە پاك و نمونەیی بووە، رەتیشیكردەوە هیچ ساختەكارییەك لە پڕۆسەكەدا ئەنجامدرابێت.
مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە رایگەیاند، داعش سودی لە جەنگ و رەوشی ئاڵۆزی ناوچەكە بینیوە و هێرشەكانی لە سوریا چركردووەتەوە.
مەزڵوك كۆبانێ لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی "الحورە" رایگەیاند، مەترسییەكانی داعش تائێستا هەیە و بەردەوامیش دەبێت، چونكە داعش كێشەی دارایی نییە و دەتوانێت بە ئاسانی چەكداری نوێ كۆبكاتەوە، جگە لەوەش سەربازگەی مەشقپیكردنی هەیە و سودیشی لە جەنگ و رەوشی ئاڵۆزی ناوچەكە بینیوە و هێرشەكانی چركردووەتەوە.
وتیشی، هەسەدە لەگەڵ هاوپەیمانان بەردەوامن لە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی هاوبەش و ئەو ئۆپراسیۆنانە هۆكارن بۆ دروستكردنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا .
سەبارەت بە بۆردومانەكانی توركیاش، مەزڵوم كۆبانێ رایگەیاند، هێرشەكانی توركیا سنوری وەڵامدانەوەی تێپەڕاندووە و ئەو دەزگایانە دەكاتە ئامانج كە خزمەت بە گەل دەكەن تا لەو رێیەوە ناچاریان بكەن كۆچبكەن ، هەروەها رەتیكرەوە هەسەدە باڵی سەربازیی پەكەكە بێت، وتیشی، ئەوە تەنها بیانویەكە كە توركیا ماوەی دە ساڵە بەكاریدەهێنێت بۆ ئەنجامدانی هێرشەكانی و دوپاتیشیكردۆتەوە هەسەدە بەشێك بێت لە ململانێكانی ناوخۆی توركیا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کۆچیدوایی تێکۆشەر"حەمە بۆر قوتانی" پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات و دەڵێت، هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی ئێوەی سەربەرز و شۆڕشگێڕ دەكەین؛ كە نموونەی باڵای خەبات و قوربانیدانن لەپێناو كوردستان.
دەقی پرسەنامەیەکەی سەرۆک بافڵ...
بەڕێزان خانەوادە و بنەماڵەی تێکۆشەری دێرین هەڤاڵ حەمەبۆر
كۆچیدوایی هەڤاڵ(حەمە بۆر قوتانی) تێكۆشەر و پێشمەرگەی دێرین لەدڵەوە نیگەرانیكردین.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی ئێوەی سەربەرز و شۆڕشگێڕ دەكەین كە نموونەی باڵای خەبات و قوربانیدانن لەپێناو كوردستان.
لە خوای گەورە داواكارین هەڤاڵی ئازیزمان بە بەهەشتی بەرین شادبكات و سەبووری بەهەموولایەك ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پرسەنامەیەک بۆ کۆچیدوایی پێشمەرگەی دێرین حەمەبۆر قوتانی بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، "لە یەزدانی مەزن داواكارین كۆچكردوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبوری و ئارامی هەموو لایەک بدات".
دەقی پرسەنامەکە...
كەسوكارو خانەوادەی تێكۆشەری دێرین هەڤاڵ حەمەبۆر
بۆ كۆچی دوایی تێكۆشەر و پێشمەرگەی دێرین هەڤاڵ حەمەبۆر قوتانی، پرسەو ماتەمی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە تێكۆشەرەكەتان دەكەین.
هەڤاڵ حەمەبۆر لەبنەماڵەیەکی کوردپەروەر و تێکۆشەر بووە، لە ساڵانی خەباتی پێشمەرگایەتیدا لە ناوچە ئازادكراوەكانی دەشتی كۆیە ماڵەكەیان شوێنی خزمەت و حەوانەوەی هێزی پێشمەرگە بووە، لە پاش راپەرینیش وەك كادرێكی دلسۆز لە نێو ریزەكانی رێكخستندا لە رانیە درێژەی بە كاروانی خەباتداوە .
لە یەزدانی مەزن داواكارین كۆچكردوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبوری و ئارامی هەموو لایەک بدات.
انا لله و انا الیە راجعون
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، كۆماری توركیا بە تەنها موڵكی هیچ كەس و نەتەوەیەك نییە و چەند موڵكی توركە، ئەوەندەش موڵكی كوردەكانە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە میانی بەشداریكردنی لە كۆبونەوەی پەرلەمانی توركیا وتارێكی پێشەكەشكرد و رایگەیاند، لەكاتی هەوڵدان بۆ دووبارە كێشانەوەی سنوورەكانی ناوچەكەیان، پێویستە برایەتی هەمیشەیی خۆیان لەگەڵ برا كوردەكانیان بپارێزن.
جەختییشكردەوە لەسەر گرنگی و پێویستی بەهێزكردنی بەرەی ناوخۆ و بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی ئێستای برایەتی نێوان تورك و كورد كردەوە.
سەرۆك كۆماری توركیا وتیشی، لەكاتێكدا كە هەوڵی دووبارە كێشانەوەی سنوورەكانی ناوچەكەیان دەدرێت، پێویستە برایەتی هەمیشەیی خۆیان لەگەڵ برا كوردەكانیان بپارێزن.
روونیشیكردەوە، حكومەتەكەی بڕیاریداوە پرسی تیرۆر بە تەواوەتی لە كارنامەی توركیا لاببات.
سەرۆک وەزیرانی عیراق رایدەگەیەنێت، پێویستە رێوشوێنی زیاتر بگیرێتەبەر بۆ رێکخستنەوەی دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لە میانی سەرپەرشتیکردنی ٤٤ـھەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رایگەیاند، لە پرۆسەی چاکسازی ناو دەروازە سنوورییەکاندا، رووبەڕووی چەند ئاستەنگییەک بوونەتەوە و داھاتی دەروازەکان نەگەیشتووەتە ئاستی پێویست.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان بەتایبەت پێویستە رێوشوێنی زیاتر بۆ رێکخستنەوەیان بگیرێتەبەر.
وەزارەتی شارەوانی ھەرێم رەزامەندیدا لەسەر تەرخانکردنی دوو ھەزار و ٤٧٤ پارچە زەوی بۆ فەرمانبەرانی نیشتەجێی سنووری ئیدارەی گەرمیان.
بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی شارەوانی ھەرێم، تەرخانکردنی ئەو پارچە زەوییانە قۆناغی یەکەمە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەکانی گەرمیانیشی راسپاردووە، کاری پێویست ئەنجامبدەن بۆ وردبینی کۆتایی تایبەت بە نیشتەجێبوون و سوودمەندبوونی پێشتر.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، دواتر رێکارەکانی دابەشکردنی زەوییەکان لە رێگای تیروپشکەوە بۆ فەرمانبەران و خانەنیشان ئەنجام دەدرێت.
دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئاوارەکانی نیشتەجێی ھەرێم زانیارییەکانیان نادەن بە تیمەکانی سەرژمێری و داوا لە بەغداد دەکات میکانزمێکی ھاوبەش بۆ چارەسەری کێشەکە دابنرێت.
سیروان محەمەد، لێپرسراوی ژووری ئۆپەراسیۆنی سەرژمێری لە ھەرێمی کوردستان لە نسوراوێکدا کە ئاڕاستەی دەستەی ئاماری عیراقی کردووە باسی لەوەکردووە، لەکاتی گەمارۆسازی و ژمارەلێدان بۆ پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە ھەرێمی کوردستان، رووبەڕووی کێشەی ئاوارەکان بوونەتەوە کە ھیچ زانیارییەکی خۆیان بە تیمەکانی سەرژمێری نادەن.
دەشڵێت، پێویستە میکانیزمێک بۆ ئەم کێشەیە دابنرێت، ئەگەر نا دەبێتە ھۆی کەموکوڕی لە ئامادەکردنی داتاکان بۆ سەرژمێری.
پێشتر وەزارەتی پلاندانان ھۆشداری ئەوەی دابوو کە دەبێت ئاوارەکانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەتایبەت ئاوارە کوردەکان، لەسەر ناوچەکانی خۆیان تۆمار بکرێن نەک ئەو ناوچانەی کە لێی نیشتەجێن یان بۆی راگوێزراون، ئەگەر نا گۆڕانی دیموگرافی لەو ناوچانە ڕوودەدات، بەتایبەت شەنگال و کەرکوک.
بڕیارە رۆژی ٢٠ و ٢١ ی مانگی داھاتوو، سەرژمێری گشتی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.
مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە شاری سلێمانی سەردانی سەبری عەبدول نەبی خێزانی شەھیدی سەرکردە ئەنوەر زۆراب یانکرد و چەپکە گوڵی رێز و وەفای سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانیان پێشکەشکرد.
لەو سەردانەدا مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال ئاماژەیان بە رۆڵی شەھیدی سەرکردە ئەنوەر زۆراب لە خەبات و تێکۆشانی کوردایەتیدا کە وەک یەکێک لە رەمزە دیارەکانی شۆڕشی نوێ و یەکێتی و داینەمۆی سەرپێخستنی بوژانەدنەوەی گیانی شۆڕشگێڕی بوون لە زیندانیشدا وەک قارەمانێک تا دوا پلەی شەھادەت بە وورە بەرزییەوە لەگەڵ ھەڤاڵەکانیان شۆڕشیان جۆشدایەوە و بە خۆڕاگری و ئازایەتییان زیندانەکانیان کردە قوتابخانەی بەردەوامی و سەرخستنی ئامانجەکانی شۆڕشی نوێ کە شانازی بەو مێژووە دەکەن و لەسەر ھەمان ئەو رێبازە بەردەام دەبن.
لە بەرامبەردا سەبری عەبدول نەبی دووپاتیکردەوە، پابەند بە رێبازی سەرۆک مام جەلال و شەھیدەکانی کوردایەتی لە خزمەتی ئامانجەکانی گەلی کوردادەبن و خۆشحاڵی خۆی دەڕبڕی کە یەکێتی ئەمڕۆ لە دەستێکی ئەمیندایەوە لەسەر ھەمان رێبازی مام درێژە بە خەبات ئەدات.
وەزارەتی کارەبا دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی پرۆژەی پێوەری زیرەکی کارەبای بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی گشتی کارەبای پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان شۆڕکردەوە و بڕیاریشیدا، پرۆسەی چاکسازی وەرزی زستانە بۆ تۆڕەکانی کارەبا دەستپێبکات.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، بە سەرپەرشتی کەمال محەمەد وەزیری کارەبا، ئەنجومەنی وەزارەتی کارەبا کۆبوەتەوە و تێیدا، بڕیاریداوە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی پرۆژەی پێوەری زیرەکی کارەبا بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی گشتی کارەبای پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان شۆڕبکرێتەوە.
ھەر لە کۆبوونەوەکەشدا، وەزارەتی کارەبا بڕیاریداوە، پرۆسەی چاکسازی وەرزی زستانە بۆ تۆڕەکانی کارەبا دەستپێبکات.
لە بەشێکیتری کۆبونەوەکەدا، پرۆژەی رووناکی کارەبای ٢٤ سەعاتی خراوەتەبەرباس و ئاماژەبەوەکراوە، کە پرۆژەکە یەکێکە لە پرۆژە گرنگ و ستراتیژییەکان بۆ چارەسەی بنەڕەتی کێشەی کارەبا و پرۆژەکە فراوانتر دەکرێت، ھاوکات رێنماییەکانی پێدانی کارەباش لەژێر رۆشنایی پرۆژەکە ھەمواردەکرێتەوە.
ئیدارەی سلێمانی لە دادگای فیدراڵی عیراق سكاڵا لەدژی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆماردەكات كە رێگری دەكات لە بەبانكیكردنی موچەی فەرمانبەرانی سلێمانی و هەڵەبجە.
سەرچاوەیەك لە ئیدارەی سلێمانی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئیدارەی سلێمانی بەنیازە دوو سكاڵا لە دادگای فیدراڵی لە دژی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆماربكات كە دەیەوێت رێگری لە بەبانكیكردنی موچەی فەرمانبەران بكات.
دەشڵێت، سكاڵاكان دژی حكومەتی هەرێم و ئەو وەزیرانەیە كە دەیانەوێت رێكار دژی ئەو بەڕێوەبەرایەتیانە بگرنەبەر كە بەبانكیكردنی موچەی فەرمانبەرانی سلێمانی و هەڵەبجە بكەن.
لە ئەمڕۆوە دابەشكردنی پارەی گەنمی جوتیارانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەستیپێكرد و تا سەرەتایی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت كە بڕەكەی ٢٠ ملیار دینارە.
نەسرین ئەحمەد بەڕێوەبەری سایلۆكانی سلێمانی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو جوتیارانەی گەنمیان ڕادەستی سایلۆی سلێمانی كردووە، ئەمڕۆ پارەی گەنمیان بەسەردا دابەشدەكرێت.
وتیشی، بڕی ٢٠ ملیار دینار پارەی گەنمی جوتیاران گەیشتووە و لە شەش سایلۆی سنوری سلێمانی دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەمەبەستی ئەوەی قەرەباڵغی لەسەر بانكەكان دروستنەبێت و جوتیاران بەشێوەیەكی ئاسان پارەكانیان وەربگرن، دابەشكردنی ئەو پارەیە تا 1ی تشرینی دووەم بەردەوامدەبێت.