کوردستان

ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكان لەدژی دوورخستنەوەی سێ سەرۆك شارەوانی كورد لە باكوری كوردستان و دانانی قەیوم لە شوێنیان بەردەوامە و تائێستا ٦٠ خۆپیشاندەر دەستگیركراون.


ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیا بڵاویكردەوە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی فراوان لەبەردەم شارەوانی ئێلیهـ وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر دوورخستنەوەی سێ سەرۆك شارەوانی كورد بەڕێوەچوو، بەڵام هێزە ئەمنییەكانی توركیا هەوڵیاندا بە بەكارهێنانی توندوتیژی و گولـلـەی پلاستیكی بڵاوە بە خۆپیشاندەران بكەن. 


ئاماژەی بەوەشكردووە، تائێستا  ٦٠ خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراون.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە ماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا زۆرترین رێژەی بارانبارین لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە شاری مەریوان تۆماركراوە و بەهۆی بارینی تەرزەشەوە كرماشان زۆرترین زیانی بەركەوتووە.


بەڕێوەبەرایەتی كەشوهەوای پارێزگای سنە بڵاویكردەوە، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا ١٩٣ ملیم باران لە شاری مەریوان باریوە. لەلایەكی دیكەوە، بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی خزمەتگوزارییەكانی شاری سنە رایگەیاند، بۆ ئەوەی زیانەكانی بارانبارین و دروستبوونی لافاو لە شارەكە كەمبكرێتەوە ٣٦ رێڕەوی سەرەكیی ئاو پاككراوەتەوە.


هاوكات قائیمقامی قەسری شیرینی سەربە پارێزگای كرماشان رایگەیاند، بەهۆی تەرزە و بارانبارینی بەخوڕەوە سەرجەم خانووە پلاستییەكانی تایبەت بە كشتوكاڵ لەو ناوچەیە بە تەواوەتی لەناوچوون و زیانی بە هێڵەكانی كارەباش گەیاندووە، وتیشی، زیانەكانیش بە نزیكەی 500 هەزار دۆلار خەمڵێندراوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان، سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەریان لە هەولێر دەستگیركرد و دەستیانگرت بەسەر پێنج كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر.


بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەرەكان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە بەردەوامی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەكانیان بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش و زانیاری ورد، لە چالاكییەكدا تیمەكانیان رۆژی 3ـی ئەم  مانگە، سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەری بیانیان لەنێو شاری هەولێر دەستگیركردووە.


ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە چالاكییەكەدا دەستگیراوە بەسەر پێنج كیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆری كریستاڵ، كە بازرگانە بیانییەكان هێناویانە و هەوڵیانداوە لە ناو هەولێر ساغیبكەنەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ ٢٠٢٤/١١/٤  مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە سێ سەردانی جیادا لە قەزای دوکان ، شارۆچکەی پیرەمەگرون هەریەک لە ( خاڵە بەکر تەلانی ، حەمە ئەمین کوێرەکانی ، هاوڕێ سۆران ) فەرماندە و تێکۆشەری دێرینیان بەسەرکردەوەو سڵاو رێزی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانییان پێگەیاندن لەپای ماندوبوون و رۆڵیان لە خەبات و تێکۆشانی کوردایەتیدا.

مەکتەبی سکرتارییەت لەو سەردانانەدا بە رێزەوە ئاماژەیان بە خەبات و قوربانیدانی تێکۆشەرانی یەکێتی و شۆڕشی نوێکرد کە لە قۆناغەکانی سەختی خەباتدا قارەمانانە لەگەڵ گەلەکەیان مانەوە و بە ورە بەرزیان گیانی شۆڕشیان جۆشدایەوە کە یەکێتی شانازی بەهەموو ئەو هەڤاڵانەیەوە دەکات کە بەشێک بوون لەم شۆڕشەو نەیان هێشت خەباتی گەلەکەمان بەهەدەر بڕوات کە خاڵە بەکر تەلانی ، حەمە ئەمین کوێرەکانی ، هاوڕێ سۆران لە نموونەی ئەو سەدان قارەمانانەن کە لەگەڵ یەکێتی و گەلەکەیان مانەوەو ژیانی خۆیان خستەخزمەتی بەدیهێنانی ئامانجە نیشتمانییەکانی گەلەکەمان .

لەبەرامبەردا دووپاتیانکردەوە کە لەسەر هەمان رێبازی سەرۆک مام جەلال بەردەوامن و لە هەرشوێن و جێگایەی پێویست بکات هەر پێشمەرگەی کوردو یەکێتی دەبن .
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە ئاكرێ دیاردەی هەڵدانەوەی گۆڕ و شوێنە مێژوییەكان سەریهەڵداوە و چەندین حاڵەت تۆماركراون.

پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراوە گۆڕێك لە گۆڕستانی گوندی بەیبیناڤا لە سنوری قەزای ئاكرێ هەڵدراوەتەوە و دەوترێت ئامانج لە هەڵدانەوەی گۆڕەكە گەڕانە بەدوای زێڕ و دراوی كۆندا.

وتیشی گۆڕەكە نزیكە لە بازگە و كارگەیەكی غاز و بە  ئامێری پێشكەوتوو هەڵدراوەتەوە.

تا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئاكرێ هیچ رونكردنەوەیان لەو بارەیەوە نەداوە، لەكاتێكدا ئەمساڵ ئەمە سێ یەم جارە لەماوەیەكی كەمدا هەڵبدرێتەوە و لە ساڵانی رابردوودا حاڵەتی هاوشێوە تۆماركراوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کارەبای سلێمانی رایدەگەیەنێت، نرخی یه‌ك ئه‌مپێر كاره‌بای موه‌لیده‌ی ئه‌هلی گه‌ڕه‌كه‌كان بۆ مانگی ١٠ له‌ناو سەنتەری شارەکە له‌نێوان حەوت هەزار بۆ هەشت هەزار دیناره‌.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاره‌بای سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، به‌پێی نرخی سووته‌مه‌نی له‌ بازاڕه‌كاندا نرخی هه‌ر سەعاتێک کارەبای موەلیدە بۆ یه‌ك ئه‌مپێر ٤٣ دینارە،‌ به‌مه‌ش نرخی یه‌ك ئه‌مپێر كاره‌بای موه‌لیده‌ی ئه‌هلی گه‌ڕه‌كه‌كان له‌ناو شاری سلێمانی له‌نێوان ٧ هەزار بۆ ٨ هەزارە دیناره‌.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەو پێیەی موەلیدەکان لەنێوان ١٦٥ بۆ ١٨٥ سەعات کاریانکردووە، به‌هۆی جیاوازی كارکردنیان نرخی ئه‌مپێرێك له‌ گه‌ڕه‌كێك بۆ گه‌ڕه‌كێكی دیكه‌ جیاواز ده‌بێت.

هاوکات کارەبای سلێمانی سەبارەت بە خشته‌ی كارپێكردنی موه‌لیده‌ ئەهلییەکانی رایگەیاند، بۆ مانگی تشرینی دووەم رۆژانە لە سەعات ١٢ـی نیوەڕۆ تا ١ـی شەو کاردەکەن، لە سەعات ١ـی شەو دەکوژێتەوە تا ٦:٣٠ ی بەیانی، سەعات ٣ـی بەیانی تا ٨ـی بەیانی کاردەکەن، سەعات ٨ـی بەیانی تا ١٢ـی نیوەڕۆ کارناکەن.

وتیشی، رۆژانی هەینی و شەممە موەلیدە ئەهلییەکان بەیانیان کارناکەن، لەبری بەیانیان سەعات ١١ـی پێشنیوەڕۆ کاردەکەن.

هاوکات لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخی موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان جه‌ختیان له‌وه‌كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌كاتی كوژاندنه‌وه‌ی كاره‌بای نیشتیمانی نابێت كارپێكردنی موه‌لیده‌ و پێدانی كاره‌با به‌هاووڵاتیان له‌ پێنج خوله‌ك زیاتر بخایه‌نێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ خاوه‌ن موه‌لیده‌كه‌ سزاده‌درێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال بەهۆی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی ژنانی کوردستانەوە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی رێکخراوەکە دەکات و دەڵێت،" ئومێدەوارم ئەم ساڵیادە ببێتە وێستگەیەک بۆ وەرچەرخان لەبەردەم ئاڵنگارییەکانی ئەم قۆناغەی تێکۆشانی ژنان".

دەقی پەیامەکە...

بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی ژنانی کوردستانەوە، پیرۆزباییتان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.

ئەم ڕێکخراوە شوێن و پێگەی خۆی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق لەکایەکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و پاڵپشتیکردنی ژناندا مسۆگەرکردووە بەتایبەت کە لە مێژووی خەباتیدا خاوەنی چەندین هەڵوێستی نیشتمانی دیار و بەرچاو بووە، جگە لەبەشدارییەکانی لەپەرەپێدانی هۆشیاری گشتی و خەبات لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان بۆ هێنانەکایەی کۆمەڵگەیەک کە یەکسانی لە ماف و بەرپرسیارێتی فەراهەم بکات.

ئومێدەوارم ئەم ساڵیادە ببێتە وێستگەیەک بۆ وەرچەرخان لەبەردەم ئاڵنگارییەکانی ئەم قۆناغەی تێکۆشانی ژنان.

 

قوباد تاڵەبانی

لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دارایی عیراق ئیمزای لەسەر لیستی موچەی مانگی 10 ی فەر مانبەرانی هەرێم كرد، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی دەڵێت، كۆتایی ئەم هەفتەیە یاخود سەرەتایی هەفتەی داهاتوو پارەی موچە رەوانەی هەرێم دەكرێت.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق ئیمزای لەسەر لیستی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی بۆ مانگی 10 كردوە، رەوانەی یەكەی ژمێریای كردوە بۆ دەستپێكردنی وردبینی لە لیستی موچەی هەرێم.

وتیشی، ئەگەر هیچ كێشەیەك بۆ لیستی موچە نەیەتە پێشەوە، كۆتایی ئەم هەفتەیە یاخود سەرەتایی هەفتەی داهاتوو پارەی موچەی مووچەخۆرانی هەرێم رەوانە دەكرێت.

ئەو سەرچاوەیی وەزارەتی دارایی عیراق ئاماژەی بەوەشكرد، هۆكاری دواكوتنی ناردنی موچەی موچۆرانی هەرێم بەهۆی ئەوەیە، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم درەنگ لیستی موچەی مووچەخۆرانی رەوانەی بەغداد كردووە.

وەزارەتی دارایی هەرێم دوێنێ دوای چارەسەركردنی تێبینییەكانی بەغداد لەسەر لیستی موچە، جارێكی تر لیستی موچەی مانگی 10ـی رەوانەی وەزارەتی دارایی عیراق كرد.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە سنووری ماوەت ٢٠٠ دۆنم پوشوپاوان و داری سروشتی سووتا و پۆلیسی دارستانیش کەسێک لەسەر ئەو روداوە دەستگیردەکات.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لەلایەن دانیشتووانی گوندی گەڵاڵێ ئاگادارکرانەوە لە روداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە سنوورەکەیاندا، دەستبەجێ مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی دارستانی ماوەت گەیشتنە شوێنی روداوەکە و توانیان بە هاوکاری دانیشتووانی گوندەکە لە ماوەیەکی کەمدا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن .

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەهۆی ئاگرەکەوە ٢٠٠ دۆنم پوشوپاوان و داری سروشتی ناوچەکە سووتان.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، لەسەر ئەو روداوە کەسێک دەستگیرکراوە و رادەستی دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، چوونی بانكی تی بی ئای بۆ ناو هەژماری من بە مانای تەوتین و جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی نییە و وەڵامی داواكاری مووچەخۆرانیش نییە.

كاروان یاروەیس ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەكرد، حەوت مانگ لەمەوبەر بانكی عیراقی بازرگانی "تی بی ئای" لەناو فۆڕی پڕۆژەی هەژماری من زیادكرا، بۆیە سەیرە لەكاتێكدا هەوڵەكان بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی تەوتینی موچەی هەرێم چڕ بووەتەوە، ئەو بانكە چوونی بۆ ناو هەژماری من رادەگەیەنێت.

وتیشی، لەو كاتەوە تا ئێستا، تی بی ئای تەنها چەند سەد هەژمارێكی بانكی كردووەتەوە، تا ئێستاش رێوشوێنی كردنەوەی لقی نوێ لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین و سۆران و زاخۆ، دانانی ئامێری ئای تی ئێم نەبووە.

كاروان یاروەیس ئاماژەی بەوەشدا لە فۆڕمی هەژماری من، موچەخۆر دەتوانێت لە خانەی هەڵبژاردنی بانكەكان لە خانەی سەرەكی تی بی ئای هەڵبژێرێت، بەڵام لە خانەی یەدەگ ناتوانێت، جەختی لەوەش كردەوە، هاتنی تی بی ئای بۆ ناو هەژماری من بە مانای تەوتین و جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی نایەت، هەروەها وەڵامی داواكاری موچەخۆرانی هەرێمیش نییە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی ناوخۆی توركیا سێ سەرۆك شارەوانی كوردی لە باكووری كوردستان لە پۆستەكانیان دورخستەوە و سێ كەسی وەكو قەیوم خستە شوێنەكانیان.

وەزارەتی ناوخۆی توركیا لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەكەكە هەریەك لە ئەحمەد تورك سەرۆكی گەورە شارەوانی مێردین و گولستان سۆنۆك سەرۆك شارەوانی ئێلیهـ و هاوكات سەرۆكی شارەوانیی خەلەفەتی لە روهای باكووری كوردستان دورخراونەتەوە و قەیوم لە شوێنیان دانراوە.

دوای دورخستنەوەیان، پۆلیس گەمارۆی بینای ئەو شارەوانیانەی داوە و رێوشوێنی ئەمنی توند گیراوەتەبەر.

ئەحمەد تورك سەرۆكی گەورە شارەوانی مێردین سەبارەت بە بریارەكە لە تۆری كۆمەڵایەتی ئێكس نوسیوویەتی، هیچ كات دەستبەرداری مافی ئازادی و دیموكراسی نابن و بەردەوامیی بە بەرخۆدان دەدەن و كەس ناتوانێت دەستبەسەر ئیرادەی گەلدا بگرێت.

ئەو سێ سەرۆك شارەوانییەی دورخراونەتەوە و قەیومیان بۆ دانراوە لەلایەن دەم پارتیەوە بەڕێوەدەبرێن و لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەكان سەركەوتنیان بەدەستهێنا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بەبۆنەوی ۳٥ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ژنانی کوردستانەوە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی ئەندامانی رێکخراوەکە دەکات و دەڵێت، "رێکخراوەکەتان سەکۆیەکی گرنگ و پشتیوان و پشتگیری تەواوی سەرجەم چینەکانی دیکەبوونە و قوتاخانەیەکی گەورەبووە بۆ پێگەیاندنی کادری خاوەنفکر و رۆشنبیر".

دەقی پەیامەکە...

دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی ۳٥هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ژنانی کوردستان پیرۆز دەکات

بەرێز/ سکرتێری یەکێتیی ژنانی کوردستان 
بەڕێزان/ ئەندامانی سکرتاریەتیی یەکێتیی ژنانی کوردستان

لە ٣٥هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکێتیی ژنانی کوردستاندا گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەرێز و سەرجەم ئەندامانی رێکخراوەکەتان دەکەین.

خەباتی یەکێتیی ژنانی کوردستان شانازیەکی گەورەیە بۆ ئێمە لە دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، یەکێتیی ژنان مێژوویەکی پڕ سەروەرییان لە خەباتی شاخ و شار بۆ گەلەکەم تۆمار کردووە، رێکخراوەکەتان سەکۆیەکی گرنگ و پشتیوان و پشتگیری تەواوی سەرجەم چینەکانی دیکەبوونە و قوتاخانەیەکی گەورەبووە بۆ پێگەیاندنی کادری خاوەنفکر و رۆشنبیر.

خەبات و تێکۆشانتان لە ۳٥ ساڵی رابردوودا لەپێناو دابینکردنی مافەکانی ژنانی کوردستان و هەموو مافەکانی گەلی کورد بەرز دەنرخێنین و شوێن پەنجەتان دیارە.
ئێستاش ئێوە بوونەتە پایەیەکی بەهێز و گرنگ بۆ داکۆکیکردن لە مافەڕەواکانی ژنانی کوردستان لە سەرجەم  بوارەکاندا.

بۆیە لەم یادە پیرۆزودا سڵاوی تایبەت بۆ ئەو ژنان و  کچانی شەهید کە خوێنی پاکی بێگەردی خۆیان بە گەلەکەمان بەخشیوە.


سەرکەوتوو و سەرفرازبن، یادتان پیرۆزبێت

باڵیۆز د. محەمەد سابیر
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی
۳ی ۱۱ی ٢٠٢٤

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەکتەبی سیاسی یەکێتی پەیامێکی پیرۆزبایی بە بۆنەی یادی ٣٥ ساڵەی دامەزراندنی ئاراستە یەکێتی ژنانی کوردستان دەکات

 

دەقی پەیامەکە

 

بەرێز سکرتێری یەکێتی ژنانی کوردستان

 

لە یادی ٣٥ ساڵەی دامەزراندنی  یەکێتی ژنانی کوردستاندا  پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی بەرێزتان و مەکتەبی سکرتاریەت وگشت ئەندامانی رێکخراوەکەتان دەکەین

 

یەکێتی ژنانی کوردستان  لە مێژووی کارکردنیدا سەروەرییەکی پرشنگداری بۆ خۆی تۆمار کردوە کە توانیویەتی وەک رێکخراوێکی ئازاد  گرنگی بەرۆڵی ژنان بدات بۆ هێنانە پێشەوەیان لە گشت بوارەکانی تێکۆشان و خەباتدا، بەشداری چەندان ژن لە بوارەکانی حزبی و حوکمڕانیدا چ وەک سەرکردەی سیاسی  چ وەک پسپۆڕیی لەبەرێوەبردنی وڵاتدا ، سەلمێنەری تواناکانی رێکخراوەکەتانە لە رووی  پێگەیاندنەوە

 

وەک چۆن هەمیشە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  باوەڕی پتەونەگۆڕی  بەمافەکانی ژنان هەبوە، بۆ برەودان بە کارەکانی رێکخراوەکەتان و گرنگیدانی زیاتر بە رۆڵی ژنان ، لە پێناو بەدیهێنانی مافە رەواکانتان ،پشتیوانی و پشتگیری خۆمانتان بۆ  دووپات دەکەینەوە.

هەمیشە سەربەرز وسەرکەوتوبن 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، فرۆشیارانی سیمكارتی تۆمارنەكراو سزای گەورەی دارایی دەدرێن و سەرپێچیكار بە سێ ملیۆن دینار سزا دەدرێت.


راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بڵاویكردووەتەوە، بۆ خێراكردنی رێوشوێنەكانی كۆنترۆڵكردنی فرۆشتنی سیمكارت كە لە دەرەوەی رێوشوێنی یاسایی تۆماركردن، لیژنە تایبەتمەندەكان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان راسپێردران رێكاری یاسایی بەرامبەر هەر فرۆشگایەك بگرنەبەر كە سیمكارت دەفرۆشن بێ تۆماركردنی یاسایی و لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەك فرۆشگا دران و داخران و بەدواداچوونی رۆژانەش بەردەوام دەبێت.


راشیگەیاندووە، رێوشوێنی یاسایی توند لە بەرامبەر هەر كەس و فرۆشگا و بریكارێك دەگیرێتەبەر كە سیمكارت لە بازاڕ بفرۆشێ و تۆماریان نەكات بە ناوی كڕیار، سەرپێچیكاریش بەرامبەر هەر سیمكارتێكی دەست بەسەرداگیراو بە بڕی سێ ملیۆن دینار سزا دەدرێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بڕیاریدا پێش كۆتایی ئەمساڵ كۆنگرەی نۆیەم ببەستێت و جەختیشیكردەوە، بەشدار نابێت لە كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم.


ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەكۆبوونەوەیەكدا كە رۆژی شەممە بەڕێوەچوو،  بڕیاردراوە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پێش كۆتایی ئەمساڵ كۆنگرەی نۆیەمی ببەستێت و بۆ ئەو مەبەستەش كۆبوونەوەكە چەند لیژنەیەكی راسپارد، بۆ تەواوكردنی ئامادەكارییەكانی كۆنگرەكە.


هەر لە كۆبوونەوەكەدا، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بڕیاریدا بەشداری كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم نەكات و درێژە بە رۆڵی ئۆپۆزسیۆنی بدات لە پەرلەمانی كوردستان.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە ٣/١١/٢٠٢٤ هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ، وتەبێژی رەسمی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە شاری هەولێر پێشوازیكرد لە وەفدێكی كۆماری ئیسلامی ئیران كە پێكهاتبوون لە بەڕێزان نەسروڵڵا زارع رەشنوودی كونسڵی گشتی كۆماری ئیسلامی ئیران لە هەرێمی كوردستان و ژمارەیەک لە راوێژکاران و دیبلۆماتکارانی ئەو ووڵاتە.

لە دیدارێکی نێوان ھەردوولادا،  بارودۆخی سیاسی ناوچەکە بەگشتی و عیراق و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی تاوتوێکرا.

نەسروڵڵا زارع رەشنوودی كونسڵی گشتی كۆماری ئیسلامی ئیران ڕایگەیاند, كۆماری ئیسلامی ئیران بە بایەخ و گرنگییەکی زۆرەوە دەڕوانتە بارودۆخی سیاسی عیراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە پێناو سەقامگیری سیاسی و ئاشتی و بەرە‌و پێشچوونی پروسەی سیاسی و گەشەسەندنی ئابووری و ئاوەدانی زیاتر و بەھێزترکردنی دیموکراسی لە ناوچەکەدا .

‎ھەرلەو دیدارەدا، سەعدی ئەحمەد پیرە، وێرای خستنەرووی رەوشی سیاسی، بەتایبەتیش پرسی ململانێیە نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتیەکان، تەئکیدی کردەوە کە یەكێتی نیشتمانی كوردستان  خوازیاری چارەسەری دیپلۆماسیانەی کێشە سیاسییەکانە لەسەر بنەمای بەند و بڕگەکانی دەستوری هەمیشەیی عیراق لە ڕێگەی گفتوگۆی ئاشتیانە و لەیەکتر گەیشتن بە ئاراستەی چارەسەری گونجاو کە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و سەقامگیری بۆ گەلانی عیراق، هاوكات بەبۆنەی كۆتاییهاتنی ماوەی كاركردنی وەك سەركونسڵی گشتی كۆماری ئیسلامی ئیران لە هەرێمی كوردستان هەڤال سەعدی ئەحمەد پیرە سوپاسی بەڕێز نەسروڵڵا زارع رەشنوودی كرد كە لەماوەی ڕابردوودا وێڕای ئەركە دیبلۆماسییەكانی ڕۆڵیكی گرنگی بینیوە لەبەرەو پێش بردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوری و فەرهەنگییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان ،هیوای سەركەوتنیشی بۆ  ئەرك و بەرپرسیارییەتییەكانی ئایندەی خواست

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...7891011...672