کوردستان

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، چاوەڕواندەكرێت هەفتەی داهاتوو وەزارەتی دارایی عیراق موچەی مانگی دەی موچەخۆران رەوانەی هەرێم بكات.

ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی بە كوردسات نیوزی رایگەیاند، وردبنیكردن لە لیستی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی دە لە یەكەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عیراق بەردەوامی هەیە، وتیشی ئەگەر هیچ كێشەیەك بۆ لیستەكە دروستنەبێت هەفتەی داهاتوو پارەی موچە رەوانەی هەرێم دەكرێت و دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی دە دەكرێت.

رۆژی سێی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی موچەی مانگی  ١٠ی پاش چارەسەكردنی سەرجەم تێبینیەكانی وەزارەتی عیراق ڕەوانەی بەغداد كردەوە، رۆژی چواری مانگیش تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق ئیمزای لەسەر لیستە كرد و رەوانەی یەكەی ژمێریاری وەزارەتەكەی كرد بۆ دەستپێكردنی وردبینی.

هاوكات، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەدا داوای لە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ كرد بە زووترین كات موچەی مانگی دە خەرجبكات و ڕێكاریی جیاكاریی بەرامبەر هەرێمی كوردستان نەگرێتە بەر لە جێبەجێكردنی یاسای بودجە و ڕێكارە داراییەكان.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەرێوەبەری گشتی نەخۆشخانەی هیوا رەتیدەكاتەوە سلێمانی بوبێتە چەقی توشبون بە نەخۆشی شێرپەنجە . 

د. یاد نەقشبەندی، بەرێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ، ساڵی رابردوو شەش هەزار و ٤٤٢ كۆدی گشتی لە نەخۆشخانەی هیوا  كراوەتەوە كە لەو ژمارەیە سێ هەزار و ٣٥٦ حاڵەتی شێرپەنجەیی بووە.

راشیگەیاند، لە دە مانگی ئەمساڵیشدا، پێنج هەزار و ٨٦٦ كۆدی گشتی كراوەتەوە كە لەو ژمارەیە سێ هەزار و ١٥١ ی حاڵەتی توشبون بە شێرپەنجە بووە، بۆیە بەشێوەیەكی گشتی ئەمساڵ و ساڵی رابردوو ئامارەكان نزیكن لە یەكەوە و رەتیشیكردەوە سلێمانی بوبێتە چەقی توشبون بە شێرپەنجە و ووتی، ئامارەكە هەمووی هی سلێمانی نییە بەڵكو هی هەموو ناوچەكانی تر و عیراقیشی تێدایە  چونكە ژمارەیەكی زۆر لە توشبوانی شێرپەنجە لە هەموو ناوچەكانی ترەوە دێنە نەخۆشخانەی هیوا .

هەروەها ئاماژەیبەوەشکرد، ماوەیەكی زۆرە زەوییەكی ١٢ دۆنمی لە هەواری شار بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەی هیوای گەورە تەرخان كراوە ، بەڵام تا ئێستا بریاری دروستكردنی نەدراوە، بۆیە بە پێویستی زانی بە زوترین كات لیژنەی تایبەتی ئەنجومەنی وەزیران بێنە سلێمانی و هەنگاوەكان بۆ ئەو مەبەستە دەستپێبكەن.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە قەزای شارەزوور نزیكەی هەزار كەس بە هۆكارێكی نادیار تووشی سكچون و رشانەوە بوون و گوماندەكرێت هۆكارەكەی پیسبوونی ئاوی خواردنەوە بێت، لیژنەیەكی تەندروستی سلێمانیش لێكۆڵینەوەی لەو بارەیەوە دەستپێكردووە.

بەڕێوەبەری ئاوی شارەزوور لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەئێستادا سامپڵی ئاویان وەرگرتووە و پشكنین دەكەن و تا ئەنجامی پشكنینەكان دەرنەچێت ناتوانن هۆكاری تووشبوون بە سكچوون و رشانەوەكە بە روونی ئاشكرا بكەن.

هاوكات لیژنەیەك  لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی راسپێردراوە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە ئەنجامبدات و هۆكارەكان دەستنیشانبكات. هەروەها لەلایەن تەندروستی سلێمانی پزیشكی پسپۆڕ و پێداویستی پزیشكی رەوانەی قەزای شارەزوور كراون بۆ ئەوەی رەوشەكە كۆنتڕۆڵبكەن.



 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە ناحیەی فەیدی لەسنوری پارێزگای دهۆك ژن و مێردێك كە تەمەنیان لە نێوان ٣٥ بۆ ٤٠ ساڵیدایە بە كوژراوی لە ماڵەكەی خۆیاندا دۆزرانەوە.

پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، بە پێی زانیارییە سەرەتاییەكان، ئەو ژن و مێردە خەڵكی روژئاوای كوردستانن و بكوژەكەشیان ئاشكرانەبووە. 

وتیشی، تائێستا پۆلیس و ئاسایشی دهۆك هیچ زانیارییەكیان لەبارەی رووداوەكە بڵاونەكردووەتەوە و هۆكاری كوژرانیان دیار نییە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم بریاریدا بە هەڵگرتنی باج و رێگەدان بە هاوردەكردنی بەرهەمی تەماتە لە دەرەوەی هەرێم.


بێگەر تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵی هەرێم رایگەیاندوە، دوابەدوای بەدواداچوونیان بۆ بەرهەمی تەماتە، دەركەوت ئەو بەرهەمە لە بازاڕەكانی هەرێم كەمبوەتەوە و بەشی پێویستی هاوڵاتیان ناكات، لە هەمانكاتدا نرخیشی بەرزبوەتەوە.


راشیگەیاندوە، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و پاڵپشت بە یاسای پاراستن و پێشخستنی بەرووبوومی كشتوكاڵی و پاڵپشت بە بڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، تایبەت بە پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی بڕیاریاندا بە هەڵگرتنی باج و قەدەغە لەسەر هاوردەكردنی بەرهەمی تەماتە لە دەرەوەی وڵات، بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم لایەنە رەسمیەكان ئاگاداركراونەتەوە بۆ گرتنەبەری رێككاری پێویستی كارگێری و یاسایی .
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق داوای خەرجكردنی ٢٨٤ ملیار دیناری پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستانی ئاڕاستەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران دەكات.


هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردسات نیوزی راگەیاند، بە هەوڵی سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان و بە تایبەتیش فراكسیۆنی یەكێتی و سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە دوو نوسراوی جیا داوایان ئاڕاستەی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق كردووە بۆ خەرجكردنی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم.


وتیشی، نوسینگەی سەرۆك وەزیران داوای لە وەزارەتی بازرگانی كردووە كە ئاگاداریان بكاتەوە لە بڕی ئەو پارەیەی كە تائێستا ماوە و خەرجنەكراوە، لە بەرامبەریشدا وەزارەتی بازرگانی رایگەیاندووە 248  ملیار دیناری پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم ماوە.


سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكرد، نوسینگەی سەرۆك وەزیران داواكەی ئەوانی بە نوسراو ئاڕاستەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران كردووە بۆ خەرجكردنی پارەكە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ٧٠ زەمالەی خوێندنی لە وڵاتی رووسیا راگەیاند و مەرج و داواکارییەکانیشی بۆ پێشکەشکردن بڵاوکردەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە :

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی مامۆستایان و فەرمانبەران و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە، کە وڵاتی ڕوسیای فیدراڵ ٧٠ زەمالەی خوێندن بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٥_٢٠٢٦ڕادەگەیەنێت، بەمەبەستی خوێندنی (بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا) بەم شێوەی خوارەوە:

هەرکەسێک ئەم مەرجانەی خوارەوەی تێدا بەرجەستە بێت و ئارەزوی خوێندن لە زانکۆکانی وڵاتی ڕوسیا دەکات بە لەبەرچاوگرتنی ئەم تێبینیانەی خوارەوە، تکایە داواکاری لە ڕێگەی ئەم لینکەی خوارەوە پێشکەش بە سەرچاوەی زەمالەکە بکەن:

https://education-in-russia.com
- هەروەها بەهۆی ئەوەی پێشکەشکردن راستەوخۆ لەڕێگەی ماڵپەری زەمالەکە دەبێت، وەزارەتەکەمان هیچ فایلێکی لەبەردەست نابێت تا کاری لەسەر بکات، بۆیە تاکو دەرچونی ئەنجامەکان، بە هیچ شێوەیەک پێشکەشکار سەردانی وەزارەت نەکات. هاوکات کاندیدی سەرکەوتوو پێویستە دۆسیەی ئەلیکترۆنی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە رێگەی ئەم لینکەی خوارەوە پر بکاتەوە:

Scholarship.digital.gov.krd

- ئەو پێشکەشکارانی فەرمانبەری حکومەتن ئەگەر زەمالەی ڕووسیا بەدەستبهێنن بەڵام مەرج و ڕێنماییەکانی ئاماژە پێکراوی خوێندنەکانی تێدا بەرجەستە نەبێت، دواجار مۆڵەتی خوێندنی پێنادرێت و بڕوانامەکەی بۆ یەکسان ناکرێت.
مەرجەکانی پێشکەشکردن:

١. بەکالۆریۆس:
- پێشکەشکار دەبێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.
- پێویستە لە هیچ دامودەزگایەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دانەمەزرابێت.
- بۆ ئەو پێشکەشکارانەی داواکاری بۆ پسپۆری پزیشکی پێشکەش دەکەن، دەبێت کۆنمرەی پۆلی دوانزەی زانستیان لە (٨٥%) کەمتر نەبێت، بۆ ئەو بەڕێزانەشی کە داواکاری بۆ پسپۆری ددان و دەرمانسازی پێشکەش دەکەن، دەبێت کۆنمرەی پۆلی دوانزەی زانستیان لە (٨٠%) کەمتر نەبێت، هەروەها ئەو بەرێزانەی کە داواکاری بۆ پسپۆری ئەندازیاری پیشکەش دەکەن دەبێت کۆنمرەی پۆلی دوانزەی زانیستیان لە (٧٥%) کەمتر نەبێت.
- کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی ڕوسیا پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ خوێندنەوەی وردەکاری زیاتر سەردانی مالپەری زەمالەکە بکەن.
٢. ماستەر:
- پێشکەشکار دەبێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.
- پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەوا دەبێت بە لایەنی کەم دوو سال خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دواین بڕوانامە.
- پێویستە کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە (٦٥%) کەمتر نەبێت.
- پێشکەشکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. (واتە بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت).
- کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت، واتا بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
- کاندیدی سەرکەوتو لەلایەن وڵاتی ڕوسیا پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەری زەمالەکە بکەن.
٣. دکتۆرا:

- پێشکەشکار دەبێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.
- پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یا مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، پێویستە بەلایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دواین بڕوانامە.

- دەبێت کۆنمرەی ماستەری لە ٧٠٪ کەمتر نەبێت.
- داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی دکتۆرا پێشکەش بکات. (واتا ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت).

- کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوا لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت، واتە بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.

- کاندیدی سەرکەوتوو لە لایەن ولاتی ڕوسیا پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبوونەوەدایە و پرسی موچە و ژمارەی وەزیفی فەرمانبەران و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و سەرژمێری گشتی تاوتوێدەكات. 

بەپێی كارنامەكە، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران لە سێ بڕگە پێكهاتووە كە لە بڕگەی یەكەمدا، تاوتوێی خستنەڕووی دواپێشهاتەكانی سەرژمێری گشتی دانیشتووانی عیراق دەكرێت كە بڕیارە لە ٢٠ی ئەم مانگكەدا ئەنجامبدرێت.

بڕگەی دووەمیش، تایبەتە بە تاوتوێكردنی پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەوبارەیەوە.

هەروەها لە تەوەری سێیەمدا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم تاوتوێی دۆخی دارایی و موچە و ژمارەی وەزیفی فەرمانبەران و ئەو رێكارە نوێیانەی وەزارەتی دارایی عیراق لەبارەی موچەی مانگی ١٠ەوە دەكات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، سبەینێ هاوكاری دارایی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ مانگی دە، بەسەر هێزەكانی پێشمەرگە دابەشدەكرێت كە بڕەكەی ٤٠٧ هەزار دینارە.

وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، دوای ئەوەی هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و بەرنامەكان"ژمێریاری سەربازی"، ڕێكارە دارایی و ژمێریارییەكانی ئەنجامداوە و  لە سبەینێوە هاوكارییەكە بۆ مانگی دە دابەشدەكرێت.

ئەو هاوكارییەی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان تەرخانیكردووە  بڕەكەی زیاتر لە ١٣ ملیار دینارە و هەر پێشمەرگەیەك ٤٠٧ هەزار دینار وەردەگرێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ ٢٠٢٤/١١/٥ مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە شاری سلێمانی سەردانی کەسایەتی وفەرماندە و  تێکۆشەری دێرینی گەلی کورد ( جەمیل  هەورامی ) یانکرد .


لەو سەردانەدا مەکتەبی سکرتارییەت وێڕای ئەوەی چەپکە گوڵی رێز و وەفای سەرۆک بافڵ جەلال و قوباد تاڵەبانیان پێگەیاند ، لە نزیکەوە لە بارودۆخی تەندروستیان پرسی و هیوای سەلامەتی هەمیشەییان بۆ خواست .

 

مەکتەبی سکرتارییەت لەو سەردانەدا بەرێزەوە باسیان لە خەباتی پڕشکۆ و دانەبڕاوی جەمیل هەورامی کرد کە وەک یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی شۆڕشی نوێ و یەکێتی رۆڵی دیاروبەرچاوبووەو لە دوای راپەڕینیش بەهەمان رۆحیەتی شاخ بەردەوام بوو لە خزمەتەکانی و لەگەڵ هێزی پێشمەرگە مایەوەو بەردەوام پارێزەرێکی راستەقینەی پاراستنی مافەکانی تێکۆشەرانی کوردایەتی بوو ئەمە جگەلەوەی  لەبواری پاراستنی ژینگەو زیاتر سەوزکردنی کوردستان خزمەتی بەرچاوی کرد کە جێگای ستایشی هەموومانە .

لەبەرامبەردا سەرکردە و  تێکۆشەر جەمیل هەورامی دووپاتیکردەوە  هەتا تەمەن و تەندروستی رێگای بدات بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردنی تێکۆشەران و پێشمەرگەو کوردستانەکەی و لەسەر هەمان رێبازی سەرۆک مام جەلال کار دەکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، تەنها لە مانگی رابردوودا لە سلێمانی نزیكەی ١٢ تۆن خواردن و شمەكی ماوەبەسەرچوو دەستیبەسەرداگیراوە و لەناوبراوە.

قائیمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، لیژنە هاوبەشەكان لە مانگی رابردوودا حەوت هەزار و ٢٣٠ سەردانیان ئەنجامداوە، ٣٩٢ سەرپێچییان تۆماركردووە و ١٣ شوێنیشیان داخستووە.

راشیگیەاند، بەپێی ئامارەكانی لیژنەكان لە مانگی رابردوودا، ١١ تۆن و ٧٥٥ كیلۆ كیلۆگرام خواردن و شمەكی خراپ و ماوەبەسەرچوو لەناوبراون، پسوڵەی ئاگاداركردنەوەش دراوە بە ١٩١ شوێنكار، زیاتر لە ٤٨ ملیۆن دیناریش سزای دارایی سەرپێچیكاران دراوە.


 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان وادەی وەرگرتنی پارەی حاجیان تا ١٢ی ئەم مانگە درێژكردەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە ئاگاداری ئەو هاووڵاتیانەی كردەوە كە ناویان بۆ پرۆسەی حەجی ساڵی ٢٠٢٥ هاتووەتەوە، گوژمەی یەكەمی پارەكەیان تا رۆژی سێشەممە واتە ١٢ی ئەم مانگە درێژكرایەوە، ئەگەریش لەو ماوەیەدا پارەكە نەدەن مافی حەجكردنیان دەفەوتێت و ناوێكی یەدەگ دادەنێن. 

داواشی لەو كەسانە كرد كە ناویان هاتووەتەوە، بە زووترین كات سەردانی نوسینگەكانی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان بكەن لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی زاخۆ و سۆران و راپەڕین و گەرمیان بۆ تەواوكردنی مامەڵەكانیان.

داواشیكردووە بڕی چوار ملیۆن دیناری عیراقی وەك گوژمەی یەكەم بهێنن تاوەكو گوژمەی دووەمی پارەكە دیاریدەكرێت، لەگەڵ پاسپۆرتدا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان رایگەیاند، لە شەش مانگی ئەمساڵدا لە بەرهەمەمهێنانی مریشك زیانی گەورەیان بەركەوتووە و داوا لە حكومەت دەكات هاوكارییان بكات.

نازم عەبدوڵا سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەسەرەتای مانگی ئایار تا سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، واتە لە شەش مانگدا لە بەرهەمەمهێنانی مریشكدا زیاینان كردووە و بەرهەمەكەیان بە زەرەر فرۆشتووەتەوە، بۆ هەر هۆڵێك نزیكەی ٢٠ ملیۆن دینار زیانیانی كردووە، بە گشتی زیانی هۆڵەكان دەگاتە ٨٠ ملیار دینار.

راشیگەیاند، كێشەی بەبازاڕكردن و بەردەوامی نەخۆشی ڤایرۆسی و گرانبوونی سوتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخی عەلەف و گرانبوونی جوچكیان هەیە، هەروەها رێگەگرتن لە رۆیشتنی مریشك بۆ خوارووی عیراق كێشەی گەورەی بۆ خاوەن كێڵگەكان دروستكردووە، هیچ لایەنێكیش هاوكاری كەرتی پەلەوەر ناكات بۆ پڕكردنەوەی زیانەكان.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، حكومەتی هەرێم پێیخۆشە ئەو كەرتە بەتەواوەتی نەمێنێت تا مریشكی بەستوو زیاتر هاوردەبكات و پارەی هەرێم بڕواتە دەرەوە، لەكاتێكدا كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان زیاتر لە ٤٥ ملیار دۆلاری خستووەتەگەڕ، زیاتر لە ٤٠٠ هەزار هەلی كاری رەخساندووە، كە پوێستە حكومەت هاوكارییان بكات نەك دژایەتی.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

كارەبای سلێمانی رایگەیاند، قۆناغی دووەمی دابینكردنی كارەبای ٢٤ سەعاتی لە سلێمانی دەستیپێكردووە.

ئەندازیار ئەنوەر حەمەسەعید بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی سەبارەت بە دابینكردنی كارەبای ٢٤ سەعاتی رایگەیاند، دوای تەواوبوونی قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی پێوەری زیرەك، ئێستا بۆ قۆناغی دووەمی پرۆژەكە لیژنەیەكی تایبەت دروستكراوە، بەشێوەیەك گەڕەك بەگەڕەك هەموو هاوبەشەكان پێوەری زیرەكی بۆ ببەسرێت و دواتر كارەباكەی بكرێت بە بەردەوام و نرخەكەشی رێكبخرێتەوە بەشێوەیەك بارگرانی دروستنەكات.

وتیشی، لەگەڵ لیژنەكەی ئەنجومەنی وەزیران چەند جارێك كۆبوونەتەوە، چەند پێشنیازێكیان پێشكەشكردووە بۆ ئەوەی پڕۆژەكە سەركەوتوو بێت و سەرەتا نرخ دیاریبكرێت، دواتر میكانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی كارەبای بەردەوام دابنرێت.

وتیشی، ئەوان سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن لە چۆنیەتی جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە، كەی و لە كوێ دەستان پێكرد بڵاویدەكەنەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەمەبەستی بەشداربوون لە پڕۆسەی سەرژمێری گشتی وەك بژمێر، دەستەی ئاماری هەرێم ماڵپەڕی پێشكەشكردنی فۆڕمی ئەلیكترۆنی بۆ دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان راگەیاند و تا سێ رۆژ بەردەوامدەبێت،

شوان جەبار، یاریدەدەری سەرۆكی ژووری ئۆپراسیۆنی سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە هەرێم بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ماڵپەڕەكە لە رۆژی سێشەممەوە  كارا دەكرێت تا رۆژی پێنجشەممە، واتە بۆ ماوەی سێ رۆژ كراوە دەبێت بۆ پركردنەوەی فۆرمی ئەلكترۆنی بۆ هەموو دەرچوویەكی زانكۆ و پەیمانگا كە دانەمەزراون تا بە ویستی خۆیان فۆڕم پێشكەشبكەن بۆ كاری بژمێری لە پرۆسەی سەرژمێری.

وتیشی، پێشكەشكردنەكە بەپێی شوێنی نیشتەجێبونە و هەركەسێك لە شوێنی نیشتەجێبونی خۆی دەتوانێت بەپێی چەند مەرجێك كە بۆی دیاریكراوە فۆرمەكە پربكاتەوە.

هاوكات ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، مەرج نییە هەموو پێشكەشكارێك ناوی بگەرێتەوە وەك بژمێر، چونكە بەپێی پێداویستی و ژمارەی دیاریكراو لەسەر ئاستی گەڕەك و گوند 

دەستنیشانی پێشكەشكاران دەكرێت، ئەو كەسانەش كە وەردەگیرێن خول دەبینن و دواتر دەچنە كاری مەیدانی بۆ قۆناغی دووەمی پرۆسەی سەرژمێری.

کلیک بکە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکە

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەكانی باكوری كوردستان لەدژی دوورخستنەوەی سێ سەرۆك شارەوانی كورد و دانانی قەیوم لە شوێنیان بەردەوامە و تائێستا زیاتر لە 60 خۆپیشاندەر دەستگیركراون. 

تونجەر باقرخان، هاوسەرۆكی گشتیی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان "دەم پارتی" لە كۆبوونەوەیەكی جەماوەری لە بەردەم شارەوانی مێردین رایگەیاند، تاوەكو خاوەنداری لە ئیرادەی خۆتان بكەن، هەرگیز قەیوم لە باكوری كوردستان سەرناكەوێت.

جەختیی لەوەشكردەوە، هەرگیز سیاسەتی قەیوم نەگەیشتووەتە ئەنجام و شكستیهێناوە، دەیانەوێت لەو شوێنانەی لە هەڵبژاردندا سەرنەكەوتوون، بە ساختەكاری و بڕیاری دادگا دەستیبەسەردا بگرن. 

داواشی لە دەسەڵاتدارانی توركیا كرد، دەست لە سیستمی قەیوم هەڵبگرن، چونكە ئەو سیستمە مایەپووچبووە.

رۆژی دووشەممە هەریەك لە سەرۆك شارەوانییەكانی ئێلح و مێردین و خەلفەت دوورخرانەوە و قەیوم لە شوێنەكانیان دانرا، ئەوەش ناڕەزایەتی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا كە تائێستاش بەردەوامە و بەهۆیەوە زیاتر لە ٦٠ خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە دەستگیركراون.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...678910...672