کوردستان

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە ٣/١١/٢٠٢٤ هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ، وتەبێژی رەسمی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە شاری هەولێر پێشوازیكرد لە وەفدێكی كۆماری ئیسلامی ئیران كە پێكهاتبوون لە بەڕێزان نەسروڵڵا زارع رەشنوودی كونسڵی گشتی كۆماری ئیسلامی ئیران لە هەرێمی كوردستان و ژمارەیەک لە راوێژکاران و دیبلۆماتکارانی ئەو ووڵاتە.

لە دیدارێکی نێوان ھەردوولادا،  بارودۆخی سیاسی ناوچەکە بەگشتی و عیراق و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی تاوتوێکرا.

نەسروڵڵا زارع رەشنوودی كونسڵی گشتی كۆماری ئیسلامی ئیران ڕایگەیاند, كۆماری ئیسلامی ئیران بە بایەخ و گرنگییەکی زۆرەوە دەڕوانتە بارودۆخی سیاسی عیراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە پێناو سەقامگیری سیاسی و ئاشتی و بەرە‌و پێشچوونی پروسەی سیاسی و گەشەسەندنی ئابووری و ئاوەدانی زیاتر و بەھێزترکردنی دیموکراسی لە ناوچەکەدا .

‎ھەرلەو دیدارەدا، سەعدی ئەحمەد پیرە، وێرای خستنەرووی رەوشی سیاسی، بەتایبەتیش پرسی ململانێیە نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتیەکان، تەئکیدی کردەوە کە یەكێتی نیشتمانی كوردستان  خوازیاری چارەسەری دیپلۆماسیانەی کێشە سیاسییەکانە لەسەر بنەمای بەند و بڕگەکانی دەستوری هەمیشەیی عیراق لە ڕێگەی گفتوگۆی ئاشتیانە و لەیەکتر گەیشتن بە ئاراستەی چارەسەری گونجاو کە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و سەقامگیری بۆ گەلانی عیراق، هاوكات بەبۆنەی كۆتاییهاتنی ماوەی كاركردنی وەك سەركونسڵی گشتی كۆماری ئیسلامی ئیران لە هەرێمی كوردستان هەڤال سەعدی ئەحمەد پیرە سوپاسی بەڕێز نەسروڵڵا زارع رەشنوودی كرد كە لەماوەی ڕابردوودا وێڕای ئەركە دیبلۆماسییەكانی ڕۆڵیكی گرنگی بینیوە لەبەرەو پێش بردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوری و فەرهەنگییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان ،هیوای سەركەوتنیشی بۆ  ئەرك و بەرپرسیارییەتییەكانی ئایندەی خواست

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

توركیا بە قوڵایی ٣٠ كیلۆمەتر خاكی هەرێمی كوردستانی بەزاندووە و هەشت سەربازگەی دیكەی دروستكردووە و ئۆپراسیۆنی نوێش دژی پەكەكە ئەنجام دەدات.


میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە، توركیا بە قوڵایی ٣٠ كیلۆمەتر خاكی هەرێمی بەزاندووە و هەشت سەربازگەی نوێی دروستكردووە، كە دەكەونە ناوچەكانی زیلۆك و ئەركیانەوە.


ئەوەشی خستووەتەڕو، بەگوێرەی رێككەوتنە ئەمنییەكانی نێوان توركیا و عیراق، هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان هاوكار دەبن، لە ئۆپراسیۆنەكانی سوپای توركیا دژی پەكەكە و لە دواین سەردانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ توركیا و كۆبوونەوەی لەگەڵ بڕیاردراوە ئۆپراسیۆنێكی نوێ لە ناوچە سنورییەكان ئەنجام بدرێت.

 
بەپێی میدیاكانی توركیا، سوپای توركیا لە بەعشیقەش سەربازگەیەك دادەمەزرێنێت و تێیدا مەشق و راهێنان بە سەربازانی عیراق دەكات و ئاڵوگۆڕی زانیارییە هەواڵگرییەكانی نێوانیان فراوانتردەكرێت ، بڕیاریشە تاكو كۆتایی ئەمساڵ ناوەندێكی هەماهەنگی لەنێوان هەردوولادا دابمەزرێنرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەكەكە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەنجامی وەرگرتنی دەرچووانی ١٢ی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی راگەیاند.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا وەزارەتی خوێندنی باڵا  ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردوه‌، بە بەكارهێنانی هەمان ناوی بەکارهێنەرو وشەی تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسوۆرد) كە پێشتر فۆڕمەکانیان پێ‌ پڕكراوەتەوە دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە كە لێیی وەرگیراون

بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامەکان کلیک بکە:

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەو شەپۆلی بارانبارینەی رووی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کردووە کاریگەرییەکەی تا رۆژی دووشەممە بەردەوام دەبێت.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەبارەی کەشی پێشبینیکراوی ٤٨ سەعاتی داهاتوو رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە کاریگەریی شەپۆلی بارانبارین لە سەنتەری پارێزگای هەولێر و ناوچە شاخاوییەکان و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەردەوام دەبێت، لە نیوەڕۆدا دووبارە بارانبارین دەستپێدەکاتەوە، لە دوای نیوەرۆشدا رێژەی بارانبارین زیاد دەکات بۆ لێزمە بارانی ناوبەناو، پاشان کاریگەرییەکەی تا درەنگانی شەو دەمێنێتەوە.

راشیگەیاند؛ لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین، کاریگەریی شەپۆلی بارانبارین بەردەوام دەبێت، لە دوانیوەڕۆدا لە ناوچە جیاجیاکاندا بارانبارین دەستپێدەکات، لە هەندێک ناوچەی ئیدارەی راپەڕین و باکووری پارێزگای سلێمانی بارانی بەلێزمە دەبارێت و هەورەبروسکە دەبێت. 

ئاماژە بەوەش کراوە؛ لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئاسمانی ئەم ناوچانە زیاتر نیمچەهەور دەبێت، کاریگەریی بارانبارین لەم ناوچانەدا بە شێوەی نمەبارانی پچڕپچڕ دەبێت.

سەبارەت بە پێشبینییەکانی کەشوهەوا بۆ سبەینێ، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند، شەپۆلی بارانبارین بەگشتی لەسەر ناوچەکانی هەرێم لاواز دەبێت، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت، بارانبارین بەشێوەی نمەباران و هەندێ کات هەورەبروسکە دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت، هەموو ئامادەکارییەکی پێویستیان بۆ وەرزی بارانبارین گرتووەتەبەر و سەرجەم تیمە خزمەتگوزارییەکان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان، بۆیە هیچ هۆکارێک بە پێویست نابینن تاکو سبەینێ بکرێت بە پشوو.

راگەیاندنی پارێزگای هەولێر لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر فەرمان و راسپاردەی پارێزگاری هەولێر، تیمەکانی سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا هەموو جۆرە ئامادەکارییەک و رێوشوێنێکی پێویستیان بۆ وەرزی بارانبارین و زستانی ئەمساڵ گرتووەتەبەر و تەواوی چەپەرەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆلەکان، ئاوەڕۆكانی شەقامە گشتییەکان و کوچە و کۆڵانەکانی گەڕەکەکانی سەنتەری شار، دەرەوەی شار، کەند و رێڕەوەکانی ئاوی سروشتی باران پاککراوەنەتەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هاووڵاتیانی سنووری پارێزگاکە دڵنییا دەکەنەوە، هەموو ئامادەکارییەکی پێویست کراوە و تیمەکانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانیش لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ رێگریكردن لە روودانی هەر حاڵتێکی نەخوازراو و چارەسەركردنی.

هاوکات پارێزگای هەولێر سەبارەت بە پشووی سبەینێ رایگەیاند، هیچ هۆکارێک بە پێویست نابینن تاکو سبەینێ بکرێت بە پشوو، هەموو لایەک ئاگاداردەکەنەوە، سبەینێ لە سەرجەم فەرمانگە و دامودەزگاکانی سنووری پارێزگاکە دەوام ئاساییە و پشوو نییە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەهۆی کۆچیدوایی حاجی کاکە ئەحمەد دارەتوو تێكۆشەر و كەسایەتیی دیاری دزەیی و هەولێر پەیامێکی هاوخەمی بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، "‎لەخوای گەورە داواكارم كۆچكردوو بە بەهەشتی بەرین شادبكات و سەبووری بەهەموولایەك ببەخشێت".

دەقی پەیامەکە...

کۆچی دوایی (حاجی کاکە ئەحمەد دارەتوو) تێكۆشەر و كەسایەتیی دیاری دزەیی و هەولێر لەدڵەوە نیگەرانیكردین.

‎بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی كەسوكار و بنەماڵە سەربەرزەكەیان دەكەم كە نموونەی باڵای خەبات و تێكۆشانن لەپێناو گەلەكەمان.

‎لەخوای گەورە داواكارم كۆچكردوو بە بەهەشتی بەرین شادبكات و سەبووری بەهەموولایەك ببەخشێت.

‎دڵسۆزتان

‎بافڵ جەلال تاڵەبانی

‎سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بۆ ئەمساڵیش كرێی خوێندن بە شێوەی پارالێڵ و ئێواران لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێم كەمكرایەوە.
بەگوێرەی نووسراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم، بە رەچاوكردنی دۆخی دارایی خوێندكاران، بۆ ئەمساڵیش بڕیارداوە كرێی خوێندن بەشێوەی پارالێڵ و ئێواران كەمبكرێتەوە، لە زانكۆ و پەیمانگە حكومی و تایبەتەكان.
لە نووسراوەكەدا هاتووە، كرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران لە زانكۆ و پەیمانگە حكومییەكان بە رێژەی %45 كەمدەكرێتەوە و لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكانیش بە رێژەی لە سەدا 10 بۆ 20 كەمدەكرێتەوە و سەرجەم بەش و قۆناغەكانیش دەگرێتەوە.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هاوشێوەی ناوچەكانی باشوور، شەپۆلی بارانبارین رۆژهەڵاتی كوردستانیش گرتووەتەوە، بەپێی پێشبینیەكانیش زۆرترین بڕی بارانبارین لە كامیاران تۆمار دەكرێت.
كەشناسی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی كوردستان رایگەیاند، ئەو شەپۆلە بارانبارینەی لە رۆژی پێنجشەممەوە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی گرتووەتەوە تا ئێوارەی سێشەممە بەردەوام دەبێت .
بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی سنە، بارانی بەخوڕ ناوچەكانی هەورامان، سنە و مەریوان، سەقز و بانە و بیجار دەگرێتەوە.
هاوكات هۆشداریی ئەوەشیداوە لە دروستبونی لافاو لە زۆربەی ناوچەكانی پارێزگای سنە و داواشدەكات خەڵك خۆیان لە نزیكبونەوەی پرد و كەنار روبارەكان دوور بگرن.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دادگای جێبەجێكردنی سزاكانی بوورسا، جارێكی تر سزای دیسپلینی نوێی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان دەركرد و دیداری لەگەڵ خانەوادەكەی لێ قەدەغەكرا.


بەپێی هەواڵی میدیاكانی باكوری كوردستان، جارێكی تر سزای دیسپلینی نوێ بۆ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان دەركراوە، پارێزەرانی نووسینگەی یاسایی سەدە بە مەبەستی ئەنجامدانی دیداری خانەوادەكەی سەردانی دادگای جێبەجێكردنی سزاكانی بوورسایان كردووە.


دادوەری دادگای جێبەجێكردنی سزاكانی بوورسا لە 16ی تشرینی یەكەمی 2024، سزای دیسپلینی بۆ ماوەی سێ‌ مانگ دەركردوە، پارێزەرانیی دۆسیەی ئۆجالان بڕیارە تانە لە دەركردنی سزاكە بدەن.


ئەوەش لە كاتیكدایە رۆژی 23ی تشرینی یەكەمی رابردوو، عومەر ئۆجالان پەرلەمانتاری دەم پارتی دوای 43 مانگ دیداری لەگەڵ ئۆجالان ئەنجامدا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە چەند ناوچەیەكی شاری وانی باكوری كوردستان قەدەغەی هاتوچۆ بۆ ماوەی ١٥ رۆژ راگەیەنرا


بەپێی هەواڵی میدیاكانی باكوری كوردستان، بۆ جاری دووەم لە چەند ناوچەیەكی ئەلباكی سەر بە شاری وانی باكوری كوردستان بۆ ماوەی ١٥ رۆژ تا ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، هاتوچۆ قەدەغەكراوە و ئەو ناوچانە وەك هەرێمی ئەمنیی تایبەت” راگەیەندران.


ئەوەش لە كاتێكدایە، ئەو ناوچانە پێشتریش لە نێوان ١٨ی تشرینی یەكەم تا ١ی تشرینی دووەم، قەدەغەی هاتوچۆیان تێدا راگەیەنرابوو.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەم پارتی رایگەیاند، كێشەی كورد بە چەك و شەڕ چارەسەر نابێت، پێویستە شەڕوپێكدادان كۆتایی پێبهێنرێت و پرۆسەیەكی ئاشتی و دیموكراسییانە دەستپێبكات. 


تولای هاتیمئۆغولاری هاوسەرۆكی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، ئەگەر لە توركیا كێشەی كورد نەبێت و هاوڵاتییان هەست بە یەكسانی بكەن و بە زمانی دایك بخوێنن، وڵات دابەشنابێت، بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست توركیا لاواز بێت و دووچاری قەیرانی ئابووری ببێت، هۆكارەكەی ئەوەیە لەو وڵاتە پرسی كورد چارەسەرنەكراوە.


وتیشی، ئەگەر ئومێدێكی بچووك هەبێت، دەیانەوێت ئەو ئومێدە گەورە بكەن، چونكە كێشەی كورد بە چەك و شەڕ چارەسەر نابێت،  پێویستە شەڕوپێكدادان كۆتایی بێت و پرۆسەیەكی ئاشتی و دیموكراسییانە دەستپێبكات.


 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پاسپۆرتی سلێمانی كوردانی دەرەوەی وڵات ئاگاداردەكاتەوە كە بۆ دەركردن و نوێكردنەوەی پاسپۆرت كار بە سورەت قەیدی ئەلیكترۆنی ناكرێت و تەنها كار بە كارتی نیشتمانی دەكرێت.


بەرێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا، ئاگاداری هاوڵاتییانی دەرەوەی وڵات دەكاتەوە، كە بۆ دەركردن و نوێكردنەوەی پاسپۆرت بەهیچ جۆرێك كار بە  سورەت قەیدی ئەلیكترۆنی ناكرێت، چونكە بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی فیدڕاڵی كاركردن بەو بەڵگەنامەیە راگیراوە.


ئاماژەی بەوەشكردووە، بۆ دەركردن و نوێكردنەوەی پاسپۆرت تەنیا كار بە كارتی نیشتمانی دەكرێت، پێویستە هاوڵاتیانی دەرەوەی وڵات لە كاتی گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی كوردستان مۆڵەتی ٣٠ رۆژ وەربگرن لەبەرئەوەی تەواو بوونی كارتی نیشتیمانی ماوەكەی ٢٠ بۆ ٣٠ رۆژی پێ دەچێت .
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەرلەمانتارێكی ئێران دەڵێت، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر خاكی ئێران لە ئاسمانی هەرێمی كوردستانەوە ئەنجام نەدراوە و بەكارهێنانی ئاسمانی عیراقیش بەبێ مۆڵەتی ئەو وڵاتە بووە.


روحوڵا نەجابەت ئەندامی پەرلەمانی ئێران لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر خاكی ئێران رایگەیاندووە، حكومەتی عێراق بەڵێنی داوە، ئاسمانی خۆی لەدژی بەرژەوەندی ئێران بەكارنەهێنێت، بەڵام نەتوانراوە رێگری لێ بكرێت، ئەوەی كەكراوە بە ڕەزامەندی و مۆڵەتی حكومەتی عیراق نەبووە.


جەختی لەوەشكردوەتەوە، هێرشی چەكدارانی ئیسرائیل بۆ سەر خاكی ئێران، لە ئاسمانی هەرێمی كوردستانەوە ئەنجام نەدراوە.


لەلایەكی ترەوە حەبیبوڵا سیاری، جێگری ڕێكخەری سوپای كۆماری ئیسلامی ئێران ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، دوای ئۆپەراسیۆنی سادق دوو،  تەواوی ئاسمانی ئێراق لە ژێر كۆنترۆڵی فڕۆكەكانی ئیسرائیل و ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسادایە و نزیكەی ٢٥ رۆژ بەدوای ئەوەدا دەگەڕان چالاكی لە دژی ئێران ئەنجام بدەن.


پێشتر كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندبوو ئیسرائیل ئاسمانی عیراقی بەكارهێناوە لە هێرشەكەی مانگی رابردوودا بۆسەر ئێران، دواتر حكومەتی عیراق یاداشتێكی ناڕەزایی ئاڕاستەی نەتەوەیەكگرتووەكان كرد و دانینا بەوەی ئیسرائیل لە ئاسمانی عیراقەوە هێرشیكردووەتە سەر تاران.


 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند، رێژەی توشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان لە خوار ستانداردی جیهانییەوەیە و لەژێر كۆنترۆڵدایە.

وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە روونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە، بەپێی ستانداردی جیهانی بۆ توشبوون بە شێرپەنجە بۆ هەر ١٠٠ هەزار كەسێك ١٩١ توشبوو دیاریكراوە، بەڵام لە هەرێم كوردستان بۆ هەر ١٠٠ هەزار كەسێك ١٥١ كەس توشی ئەو نەخۆشییە بووە.

ئەوەشی خستووەتەڕو، پێویستە هاوڵاتییان خۆیان بەدوور بگرن لەو هەواڵە نادروستانەی لەبارەی ئامارەكانی توشبوون بەشێرپەنجە لە هەرێم بڵاودەكرێنەوە  و ئامانج لێیان بڵاوكردنەوەی ترس و دڵەڕاوكێیە لەنێو هاوڵاتییاندا.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەرگری شارستانی هەرێم سەرجەم تیمەكانی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ روبەڕوونەوەی لافاو و هەر پێشهاتێكی نەخوازراو.

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەو،  لە سەنتەری شارەكان ئامادەباشی تەواوكراوە لە پاككردنەوەی مەنهۆلەكان و كردنەوەی رێڕەوەكانی ئاوی قورس و باران، هەروەها داوای لە هاوڵاتییانی ناوشار كردووە، دووربكەونەوە لە شوێنانەی ساڵانی رابردوو لافاویان تێدا دروستبووە.

بەرگری شارستانی هەرێم داواشی لە هاوڵاتییانی دەرەوەی شار كردووە، دووربكەونەوە لە ناوچە نزمەكان و چەم و رێڕەوی ئاو و ئەو شوێنانەی مەترسی هەورە بروسكەیان لەسەرە، هەروەها خۆیان لە گەشتكردن بە دووربگرن.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

١٠ ساڵ بەسەر بەرخۆدانی کۆبانێ دژی هێرشی رێكخراوی تیرۆریستی داعش  تێدەپەڕێت، ساڵح موسلیم دەڵێت لە داستانی بەرگریكردن لە كۆبانێ جارێكی تر مێژوو نووسرایەوە.


ساڵح موسلیم ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پەیەدە لە وۆركشۆپێكدا لە كۆبانێ رایگەیاند، لە ئەنجامی بەرخۆدانێكی داستانیدا لە كۆبانێ مێژوو جارێكی تر نووسرایەوە، لە ١ی تشرینی دووەم هەموو گەلانی جیهان خاوەنداریان لە كۆبانی كرد.


وتیشی  بەهەزاران گەنج ڕوویان لە كۆبانێ كرد و بەرخۆدانی مێژووییان تۆمار كرد.


هاوكات ئەنوەر موسلیم هاوسەرۆكی كانتۆنی فورات رایگەیاند، هاوڵاتییان لە باكوری كوردستان شەو و ڕۆژ لەسەر سنووری كۆبانێ لەسەر پێ بوون، هاوكات گەلانی جیهانیش لەپێناو كۆبانێدا تێكۆشان و كۆبانێیان بە تەنیا بەجێنەهێشت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...89101112...672