کوردستان

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان دەڵێت، ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی مەترسی ھەیە لەسەر ناوچە کوردستانییەکان بە گشتی و کەرکوک بەتایبەتی.

فەھمی بورھان سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بۆ ئەنجامدانی سەرژمێی گشتی لە عیراق و ھەرێمی کوردستان کردووە و رایگەیاندووە، سەرژمێری گشتی لە عیراق، مەترسی ھەیە لەسەر ناوچەکوردستانییەکان بە گشتی و کەرکوک بە تایبەتی، بەھۆی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە لەلایەن عەرەبی ھاوردە لە دوای ساڵی ٢٠١٧ و نەگەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.

راشیگەیاندووە، دەبێت سەرژمێریی بۆ دیاریکردنی رێژەی دانیشتوان و خزمەتکردن بێت، چونکە  بە درێژایی ساڵانی رابردوو حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عیراق سەرژمێری گشتی بۆ مەرامی سیاسی بەکارھێناوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، دژی سەرژمێری نین، بەڵام جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و ئاسایکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکان لە ئەنجامدانی سەرژمێری  گرنگترە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست رەتیدەکاتەوە دابەشنەکردنی موچەی مانگی ئەیلولی مامۆستایانی گرێبەست بەھۆی کێشەی بایۆمەترییەوە بێت و دەڵێت، ھۆکارەکەی نەبوونی پارەی نەختینەیە لە بانکەکاندا.

عەلی رەئوف نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھەرچەندە بڕیاربوو مامۆستایانی گرێبەست یەکەم مووچەیان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە وەربگرن، بەڵام تائێستا وەریاننەگرتووە.

وتیشی، بەدواداچونیان کردووە بۆ ھۆکاری دابەشنەکردی موچەکە لە وەزارەتی پەروەردە و دارایی و پێیان راگەیاندوون بەھۆی نەبوونی پارەی نەختینە لە بانکەکاندا مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەشناکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، راگرتنی دروستکردنی بایۆمەتری مامۆستایانی گرێبەست کاتییە و بەھۆی قەرەباڵغی لەو شوێنانە راگیراوە.

وتیشی، لەھەوڵدان بەزوترینکات موچەی مانگی ٩ دابەشبکرێت بۆ مانگەکانی تر لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە موچەکەیان خەرج بکرێت.

بۆ مانگەکانی ٧ و ٨ـی ئەمساڵ وەک شایستەی دارایی وانەبێژان دابەشنەکراوە، لە مانگی ١١ی ئەمساڵ دابەشدەکرێت دوای وەرگرتنی یەکەم موچەی بەگرێبەست کە مانگی ئەیلولە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بڕیاری بەھەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی گشتی راژەی ھەرێمی کوردستان کرا.

بەپێی نوسراوێک رەسمی ئەنجومەنی وەزیران، کە ئیمزای ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی لەسەرە، بڕیاری بەھەمیشەیەکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی ھەرێم رەوانەی وەزارەتی دارایی و ئابوری و  ئەنجومەنی گشتی راژەی ھەرێمی کوردستان کرا بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست لەو بارەیەوە.

رۆژی ١٩ی ئەم مانگە، ئەنجومەنی وەزیران بەشێوەیەکی "مەبدەئی" بابەتی بەھەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی پەسەندکرد، بە ھەمان ئەو مەرج و میکانیزم و رێکارانەی کە حکومەتی فیدراڵ لەوبارەیەوە پەیڕەویان دەکات، وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی راژەشی راسپارد کە گفتوگۆ لەو بارەیەوە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق دەستپێبکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سبەینێ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی کۆدەبێتەوە و ئەنجامی ھەڵبژاردن و قۆناغی دوای ھەڵبژاردن تاوتوێدەکات.

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سبەینێ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە سلێمانی کۆدەبێتەوە.

وتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و قۆناغی دوای ھەڵبژاردن تاوتوێ دەکرێت.

ئەو کۆبوونەوەیەش لەدوای ئەوەدێت کە رۆژی سێشەممە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال ‏تاڵەبانی لە سلێمانی کۆبووەوە و دەرەنجامەکانی ھەڵبژاردنی تاوتوێکرد و رایگەیاند، راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و ھاوسەنگی ھێز، نەخشەڕێی سیاسەتی داھاتووی یەکێتی دەبێت، ھەروەھا دامەزراوەکانی یەکێتی راسپارد بە ھەمان گیانی بەرزی یەکێتییانەوە، ‏لەئێستاوە ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی عیراق بکرێت و سەرکەوتنەکانی حزبەکەیان لە پڕۆسەکانی دیموکراتی لە کەرکوک و لە ھەرێمی کوردستان، بە ‏سەرکەوتنی گەورەتر لە عیراق پتەو و تۆکمە بکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، لەئێستادا سەرقاڵی ئامادەكردنی لیستی موچەی مانگی تشرینی یەكەمن و بەمنزیكانە رەوانەی بەغداد دەكرێت.

ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لەئێستادا وەزارەتەكەیان سەرقاڵی ئامادەكردنی لیستی موچەی مانگی تشرینی یەكەمە، وتیشی لەدوای تەواوبوونی لیستەكە راستەوخۆ رەوانەی وەزارەتی دارایی فیداڵ دەكرێت. 

راشیگەیاند، لیستی موچەی موچەخۆران دەبێت بەپێی ئەو فۆڕمە ئامادەبكرێت كە پێشتر وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ هەرێمی ناردووە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە لە رۆژی ١٨ی ئەم مانگەوە وەزارەتی دارایی دەستیكردووە بە دابەشكردنی موچەی مانگی ئەیلول و سبەینێ كۆتایی دێت.

رۆژی دووشەممەش وەزارەتی دارایی رایگەیاند، ئەو مووچەخۆرانەی كێشەی بایۆمەتریان هەبوو لە تێبینیەكانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە لیستی موچە كێشەكانیان هونەری بوو نەك یاسایی، كە خۆی لە نزیكەی ١٤٠ هەزار موچەخۆر دەبینییەوە، بەڵام لەئێستادا لە  ٧٥٪ كێشەكانی بایۆمەتری و لیستی موچە چارەسەر بووە و تا كۆتایی ساڵ سەرجەم كێشە هونەریەكانی لیستی موچە چارەسەردەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە سلێمانی سەردانی ئەبوبەکر ئەمین ئەحمەد ناسراو بە (عەریف بەکر) پێشمەرگە و تێکۆشەری دێرین یانکرد و رایانگەیاند یەکێتی شانازی بە هەموو پێشمەرگە و تێکۆشەرەکانیەوە دەکات.

لەو سەردانەدا  مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال وێڕای بەخشینی  چەپکەگوڵی رێز و وەفای سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی لەنزیکەوە لە بارودۆخ و تەندروستی عەریف بەکر یان پرسییەوە .

هەر لەو سەردانەدا مەکتەبی سکرتارییەتی بە رێزەوە باسیان لە خەبات و تێکۆشانی عەریف بەکر کرد وەک پێشمەرگە و تێکۆشەرێکی ئازاو بەورە کە تا کۆتایی رۆژە سەختەکانی خەبات  لەسەنگەری بەرگری گەلەکەیدا مایەوە و ئازایانە خەباتی کرد بۆ ئازادی و سەربەستی گەلەکەی ؛ لەم رووەوە رایانگەیاند یەکێتی شانازی بە هەموو پێشمەرگە و تێکۆشەرەکانیەوە دەکات کە نموونەی هەرە باڵای خەبات و رەمزی مەقاوەمات بوون .

لەبەرامبەردا عەریف بەکر دووپاتی کردەوە ئەگەر تەمەن و تەندروستیم رێگە بدات وەک رابردوو  هەر پێشمەرگەی یەکێتیی و گەلەکەی دەبێت و لەسەر رێبازی سەرۆک مام جەلال و خوێنی هاوڕێی و شەهیدان بەردەوام دەبێت.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جومانە غەلای وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، داوا لە كاندید و لایەنە بەشداربووەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات پۆستەرەكانیان لاببەن، ئەگەرنا روبەڕوی سزادەبنەوە. 

جومانە غەلای لە تۆمارێكی دەنگیدا رایگەیاند، بەپێی سیستمی هەڵمەتی بانگەشە، دەبێت كاندید و حزبە سیاسییەكان و هاوپەیمانییەكان كە بەشداربوون لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لە ماوەی 30 رۆژدا واتە لە رۆژی دوای هەڵبژاردنەوە دەستبكەن بە لابردنی پۆستەر و بانگەشەكانیان، ئەگەرنا پۆستەرەكانیان لادەبرێن و تێچووی لابردنەكەی دەخرێتە سەریان.

وتیشی، ئەگەر پۆستەرەكان لێنەكەنەوە و لاینەبەن، ئەوا كاندید و حزب و هاوپەیمانییەكان لە ماوەی 10 رۆژدا لە رێكارە یاساییەكان ئاگاداردەكرێنەوە.


 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگە لە سلێمانی رایگەیاند، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، هاوتاكردنی موچەی خانەنشینانی سەربازی لەگەڵ عیراق بەكاتی راگیراوە.

عەزیز عەلی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، بڕیارێكیان لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگەوە پێگەیشتووە كە بۆ ماوەیەكی كاتی بڕیاری هاوتاكردنی خانەنشینی سەربازی رابگرن.
وتیشی، ئەوان مانگانە لیستی موچە بە هاوتاكراوی بە یاسا كۆنەكەی خانەنشینی ئامادەدەكەن و رەوانەی وەزارەتی دارای هەرێمی دەكەن بۆ ئەوەی كە ئەو بابەتە یەكلابووەوە خانەنشینانی سەربازی موچەكانیان بە هاوتاكراوی وەربگرن.

پێشووتر، خانەنشینی سەربازی رایگەیاندبوو، موچەی مانگی ئەیلول و تشرینی یەكەم بەبێ هاوتاكراوی وەردەگرن و پێدەچێت خانەنشینانی سەربازی  موچەی مانگی تشرینی دووەم بە هاوتاكراوی وەربگرن، بەڵام بەپێی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عیراق موچەی خانەنشینانی سەربازی هەندێكیان كەمدەكات و هەندێكیان زیاد دەكات و هەندێكیان وەك خۆی دەمنێتەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شەوی رابردوو تۆپخانەكانی سوپای توركیا، گوندی گوهەرزێیان لە رۆژهەڵاتی قەزای ئامێدی تۆپباران كرد و زیانی ماددی بەر هاووڵاتیان كەوت.

پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، ئەوە چەندەمینجارە سوپای توركیا سەنتەری گوندی گوهەرزێ تۆپباران دەكات، كە بەهۆیەوە خانوو و ئۆتۆمبێلی دانیشتووانی گوندەكە زیانی زۆری بەركەوتووە، ئەمە جگە لەو ترس و دڵەڕاوكێیەی بۆ هاووڵاتیان دروستبووە. 

وتیشی، ئەو تۆپبارانە لەچوارچێوەی ئۆپراسیۆنەكەی سوپای توركیایە كە لە ١٥ی حوزەیرانی ئەمساڵ لەسنوری قەزای ئامێدی دەستیپێكردووە.


 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە ھەولێر، کەسێک لەلایەن براکەیەوە لەسەر قەرزاری کوژرا و کەسێکی دیکەش برینداربوو، کوژراوەکە ئەندازیارە و خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە.

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئەمشەو رووداوێکی تەقەکردن لە گەڕەکی سەرکارێزی ھەولێر رویداوە، کە تیایدا ماتۆڕسوارێک دەسترێژی گولـلەی کردووە و بەھۆیەوە کەسێک کوژراوە و کەسێکی دیکەش برینداربووە.

ئەوەشی خستەڕوو، کوژراو و بکوژەکە بران و خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و تەرمی کوژراوەکەش کە ئەندازیار بووە رادەستی کەسوکاری کراوەتەوە، ھاوکات بریندارەکەش کە پەیوەندی بە کێشەکەوە نەبووە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.

پەیامنێری کوردسات نیوز وتیشی، دوای رووداوەکە ئەنجامدەری تاوانەکە بۆ شوێنێکی نادیار ھەڵھاتووە، ھێزە ئەمنییەکانیش لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە، بە وتەی چەند شایەتحاڵێکی رووداوەکەش، ھۆکاری روداوەکە بۆ کەڵەکەبوونی قەرز لەسەر کوژراوەکە دەگەڕێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان داوا لە لایەنەکانی ھەرێمی کوردستان دەکات ناکۆکییەکانی ھەڵبژاردن چارەسەر بکەن و بەزوترین کات حکومەتێکی گشتگیر پێکبھێنن.

فەرحان حەق، جێگری وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان جەختیکردووەتەوە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لەلایەن یۆنامییەوە پاڵپشتی کرابوو، بە شێوەیەکی ئارام و ھێمنانە بەڕێوەچووە.

ھەروەھا ھانی ھەموو سەرکردە سیاسییەکان و چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەدات، بەردەوامبن لە پاراستنی کەشێکی ئارام و داواش لەلایەنە سیاسییەکان دەکات، ناکۆکییەکانی ھەڵبژاردن لە رێگەی دامەزراوە یاساییەکانەوە چارەسەربکەن و کاربکەن بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی گشتگیر لە زووترین کاتدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆمکاری عەرەبی ستایشی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عیراق دەکات بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دەڵێت، ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان رێکخستنێکی باشی بۆ کرابوو، پرۆسەکەش لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوەچووە.

نوێنەرایەتی کۆمکاری عەرەبی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پرۆسەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی رێکخستنێکی باشی بۆ کرابوو، لەوانە رێوشوێنەکانی کردنەوە و داخستنی بنکەکانی دەنگدان لەوادەی خۆیدا و دەستەبەرکردنی کەرەستەکانی دەنگدان.

ئەوەشی خستەڕوو، ئامادەبوونی نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و چاودێرانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و ھێزە ئەمنییەکان لە بنکەکانی دەنگداندا فاکتەرێکی ئەرێنی بوو بۆ ھەڵبژاردنەکە.

نوێنەرایەتی کۆمکاری عەرەبی ئاماژەی بەوەشداوە، ھەڵبژاردنەکە بە بەشداری تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەڕێوەچووە و تەواوی پرۆسەکەش لە کەشێکی ئارامدا ئەنجامدراوە، سەرباری بوونی چەند تێبینییەک لەسەر ژماردنی ئەلیکترۆنی دەنگەکان و دوای ئەوەی دەنگەکان بە دەست ژمێردراونەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دارایی ھەرێم رایگەیاند، لە دوو مانگی ڕابردودا زیاتر لە ١٠٥ ھەزار مووچەخۆر بایۆمەتریان کردووە و تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم کێشە ھونەرییەکانی لیستی مووچە چارەسەر دەکرێن.

بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی دارایی، لەنێوان ٢٠٢٤/٨/٢٥ تا ٢٠٢٤/١٠/١٨، زیاتر لە ١٠٥ ھەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر خۆیان لە پرۆسەی بایۆمەتری تۆمار کردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەو ژمارەیە زیاتر لە ٣٥ ھەزار کەسیان خانەنشینن و زیاتر لە ٢٠ ھەزار کەسیان خاوەن پێداویستی تایبەتن و زیاتر لە حەوت هەزار کەسیان فەرمانبەرن، ھەروەھا نزیکەی  شەش ھەزار کەسیان وارسی شەھیدانن، نزیکەی  ٣٥ ھەزار کەسیش ئەو موچەخۆران بوون کە بارکۆدیان ھەبوو، بەڵام کێشەی بایۆمەتریان ھەبوو. 

 وەزارەتی دارایی دەڵێت، ئەو موچەخۆرانەی کێشەی بایۆمەتریان ھەبوو لە تێبینیەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە لیستی موچە کێشەکانیان ھونەرییە نەک یاسایی، کە ژمارەیان نزیکەی ١٤٠ ھەزار موچەخۆرە و لە ئێستادا لە  ٧٥ ٪ کێشەکانی بایۆمەتری و لیستی موچە چارەسەر بووە، تا کۆتایی ساڵ سەرجەم کێشە ھونەریەکانی لیستی موچە چارەسەر دەکرێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەرەنجامەکانی ھەڵبژاردنی تاوتوێکرد و رایگەیاند، راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و دروستکردنی ھاوسەنگی ھێز، نەخشەڕێی سیاسەتی داھاتووی یەکێتیی دەبێت لە ‏پرۆسەی سیاسی و سیستمی حکومڕانی.

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال ‏تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە بارەگای نوێی مەکتەبی سیاسی کۆبووە و پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە ھەڤاڵانی یەکێتی و کاندیدەکان و جەماوەری وەفاداری حزبی ‏شەھیدان کرد کە سەروەری گەورەیان لە دوو ھێندەکردنی دەنگەکانی یەکێتی تۆمار کرد و ‏بە کەمپینی پڕ جۆش و خرۆشیان بە سەرۆکایەتی سەرۆک بافڵ توانییان پەیامی ‏راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و دروستکردنی ھاوسەنگی ھێز بەرجەستە بکەن.

دەشڵێت، ھەر ئەم پەیامە ‏نەخشەڕێی سیاسەتی داھاتووی یەکێتیی دەبێت لە نوێکردنەوەی دیموکراتییانە و دادپەروەرانەی ‏پرۆسەی سیاسی و سیستمی حکومڕانی لە سەرجەم بوارەکان کە ھەمووشیان لە خزمەتی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکەکەمان دەبێت.

مەکتەبی سیاسی دوای ھەڵسەنگاندنی ھەمەلایەنەی پرۆسەی ھەڵبژاردن و بڕیاردان لە دەستپێشخەری و سیاسەتی ژیرانە بۆ ئامانجەکان، دامەزراوەکانی یەکێتی راسپارد بە ھەمان گیانی بەرزی یەکێتییانەوە، ‏لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی عیراق بکرێت و سەرکەوتنەکانی  حزبەکەیان لە پرۆسەکانی دیموکراتی لە کەرکوک و لە ھەرێمی کوردستان، بە ‏سەرکەوتنی گەورەتر لە عیراق پتەو و تۆکمە بکەن

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەزگای ئاسایشی ھەرێم تۆڵەی شەھیدبوونی سێ کارمەندەکەی ئاسایشی لە قەرەداغ و ناوشوان کردەوە و سەرجەم ئەو تیرۆریستانەی داعش، کە دەستیان ھەبوو لە شەھیدکردنی ئەو کارمەندانەی ئاسایش لە ئۆپراسیۆنێکدا لە دوکان کوژران.

دەزگای ئاسایشی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ئۆپراسیۆنێکی ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆندا لە دوکان، سەرجەم ئەو تیرۆریستانەی داعش کوژران کە دەستیان ھەبوو لە شەھیدبوونی سێ کارمەندی ئاسایش لە قەرەداغ و ناوشوان

رۆژی ٩ـی ئابی ٢٠٢٤، لە قەرەداغ، رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداری لەنێوان مەفرەزەیەکی ئاسایشی قەرەداغ و ژمارەیەک چەکداری داعش روویداو و سەرەنجام دوو کارمەندی ئاسایشی قەرەداغ شەھیدبوون.

رۆژی ١٧ـی ئەم مانگەش، لە ناوشوانی سنووری کەرکوک، رووبەڕبوونەوەیەکی چەکداری لەنێوان ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێم و عیراق و داعش دروستبوو و بەھۆیەوە، کارمەندێکی ھێزەکانی ئۆپراسیۆن بە ناوی " محەمەد رەشید ژاڵەیی" شەھیدبوو.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا پێشوازی لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەن و داوادەکەن، بە زووترین کات کابینەی ١٠ـیەمی حکومەتی ھەرێم پێکبھێنرێت.

پیتەر ستانۆ، وتەبێژی یەکێتی ئەوروپا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، یەکێتی ئەوروپا لە دوو ساڵی رابردوودا بەردەوام پشتیوانی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بووە و ئێستاش، کە پرۆسەکە ئەنجامدراوە پێشوازی لە بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دەکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، ھەڵبژاردن رێگەیەکی گرنگە بۆ دەستبەرکردنی خواست و پێداویستییەکانی ھاوڵاتییان، داواشی لە لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم کرد، بە ھەماھەنگی و کاری پێکەویی، کابینەی ١٠ـیەمی حکومەتی ھەرێم پێکبھێنن، کە یەکگرتوویی و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و عیراق بپارێزێت.

ھاوکات، ڤیدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پێشوازی لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن و داواکاریش لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم بە زوویی کاربکەن بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێم.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...1213141516...672