د.نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان دەگاتە بەغداد و سبەینێ چوارشەممە سەردانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات.
وتیشی، وەزیری دارایی هەرێم و لیژنەی دارای، گفتوگۆ لەبارەی داهاتی نانەوتی و داهاتی دەروازە سنوورییە ناڕەسمییەكان و بڕی ئەو نەوتەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، كە رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراقی دەكات، لەگەڵ گفتوگۆكردن لەبارەی بودجەی عێراق و تایبەتكردنی كۆدێكی فەرمانبەریی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق.
هەروەها وتیشی، داوای داتای تایبەت بە ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و پلە و ناونیشانی فەرمانبەرێتی مەدەنی یان سەربازیی و هەروەها ژمارەی خانەنشینان لە وەزیری دارایی دەكرێت، وەڵامەكانیشی بە راپۆرتێك بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرزدەكرێنەوە.
د. سەرکار سورچی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ھەرێم لە رونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، گواستنەوەی نەخۆش بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن"ئەمبوڵانس"لە نەخۆشخانەکانی حکومی بە خۆڕاییە بە شەو و بەڕۆژ.
راشیگەیاندووە، وەزارەتی تەندروستی بە ڕێنماییەکی تایبەت ڕێگە دەگرێت لە قۆستنەوە و قۆرخکاری لە نرخی گواستنەوەی نەخۆش لە لایەن ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتنی کەرتی تایبەت"ئەمبوڵانسی ئەھلی"، نرخەکانیش کەمکراوەتەوە و سنووردارکراوە و یەکخراوە بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی ھاووڵاتییان.
جەختی لەوەشکردوەتەوە، بەکارھێنانی ئەمبوڵانسی حکومی بۆ نەخۆش لە ھەموو ھەرێمی کوردستان بە خۆڕاییە.
"مایڵز كاگینز"، وتەبێژی كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان ناسراو بە " ئەپیكور" بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئەندامانی ئەپیكور پێشبینی دەكەن هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بە تەواوی دان بە گرێبەستە هاوبەشەكانی بەرهەمهێنانی نەوتدا بنێن و ڕێزیان لێبگرن.
وتیشی كۆمپانیا نەوتییەكان داوای ڕێككەوتنی نووسراو دەكەن بۆ پێدانی شایستە داراییەكانی داهاتوویان، پێش دەستپێكردنەوەی كارەكانی بەرهەمهێنانی تەواوەتی نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم.
وتەبێژی كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد، ئەندامانی ئەپیكور وەبەرهێنان لە عێراق دەكەن بۆ ئەوەی قازانج بەدەستبهێنن، بەڵام بەردەوامی ناكۆكیی لەبارەی گرێبەستەكان و داخستنی بۆرییەكانی هەناردەی نەوتی هەرێم زیانی حەوت ملیار دۆلاری بە عێراق و هەرێم و كۆمپانیایاكانی نەوت گەیاندووە.
وتەبێژی ئەپیكور ئاماژەی بەوەشكرد، پیشەگەرەكانی پیشەسازی نەوت كە لە ناوخۆدا كاردەكەن، بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ كاریگەری زۆریان لە ناوخۆی عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە و توانیویانە لە ٨٠٪ هەلی كارەكانیان بۆ هاوڵاتیان لە ناوخۆدا دابین بكەن.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی ھەرێم بڵاویکردەوە، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری، بەیاوەری وەفدێکی باڵای ھەرێم گەیشتنە بەغداد.
ئاماژەی بەوەشکردوە، سەردانی وەفدەکە بۆ بەغداد لەسەر بانگھێشتی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانە، بڕیاریشە ڕۆژی چوارشەممە لەدانیشتنێکی تایبەتی لیژنەی داراییدا، بەئامادەبونی وەزیری دارایی عێراق، وەزیری دارایی و ئابوری ھەرێم ڕاپۆرتێک لە سەر کێشەو گرفتەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد لە سەر پرسی بودجەو مووچە بخاتەڕوو.
پەیوەست بە تێبینی بەغدادیش لەسەر ژمارەی فەرمانبەران، وەزارەتی دارایی دەڵێت، ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیری دارایی زانیاری تەواو لەسەر خەرجی و داھاتی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ و ژمارەی فەرمانبەرو مووچەخۆرانی ھەرێم دەداتە لیژنەی دارایی، ئەو ئامارانەش کە دەدرێنە لیژنەکە لەلایەن وەفدی ھاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و ھەرێمی کوردستانەوە وردبینییان تێدا کراوە.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەسەر ھەواڵێکی دەزگایەکی میدیایی، کە گوایە لەلایەن چەند پاسەوانێکییەوە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئەو دەزگایە داخراوەتەوە، وتەبێژی یەکێتی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکە دەبوو باسکردنی دۆخی یەکێتی بێت دوای کۆنگرەی پێنج و دۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان بەڵام ئەو دەزگایە تەوەری بەرنامەکەی گۆڕی بۆ بابەتی دیکە بۆیە خودی خۆی کۆتایی پێھێناوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو شوێنەی ئەو لێیەوە بەشداری بەرنامەکە بووە، مەکتەبی سیاسی یەکێتی بووە و پاسەوانەکانی ناچنە مەکتەبی سیاسی، وتیشی ئەو دەزگایە، بێ گوێدانە ھەستی نیشتیمانی و یەکڕیزی لایەنەکان ھەوڵی تێکدانی پەیوەندییە سیاسییەکان دەدات.
وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاشکراشیکرد، دوای ساڵێک لە داواکاری ئەو دەزگا میدیاییە کەچی ئەوان بە رۆحییەتی تێکدانی یەکڕیزی لایەنەکان بەرنامەکەیان کردووە، بۆیە وتەبێژی یەکێتی پێی باش نەبووە بەرنامەکە بەردەوام بێت.، وتیشی، ئەو دەزگایە لە پێناوی کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنت ناونیشانی سۆشیال میدیاکەی بە بابەتێک دیاریکردوە کە تەوەری گفتوگۆکە نەبووە.
عەلی شەداد، سەرۆکی لیژنەی یاسادانان لە لیژنەی نەوت و غازی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژانامەوانیدا رایگەیاند، پێشنیاز و دیدی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر یاسای نەوت و غاز گەیشتووە بە وەزارەتی نەوتی عێراق و لەئێستادا ئەو وەزارەتە گەیشتووەتە رەشنووسێکی سەرەتایی بۆ یاساکە، کە تیایدا دید و پێشنیازی سەرجەم لایەنەکان کۆکراوەتەوە، لەوانە ھەرێمی کوردستان و ئەو پارێزگایانەی عێراق کە نەوتیان ھەیە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، یاسای نەوت و غاز یەکێکە لە یاسا گرنگەکانی عێراق و سەرەڕای ئەوەی تائێستا شەش کۆبوونەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی لەسەر بەڕێوەچووە، پێویستی بە کۆبوونەوەی زیاترە بۆ ئامادەکردنی رەشنووسێکی تایبەت بە یاساکە، کە جێگەی رەزامەندی سەرجەم لایەنەکان بێت.
پێشەوا ھەورامانی وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە غەززە، ئیدانە دەکات کە بەھۆیەوە سەدان کەس بونەتە قوربانی و قوربانیەکانیش زۆربەیان ژن و منداڵن.
وتیشی، دوپاتیدەکەینەوە جەنگ و ھێرشی سەربازی چارەسەر نییە بۆ کێشەکان و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین ھەوڵەکانییان چڕ بکەنەوە بۆ پاراستنی خەلکی سڤیل و بێ تاوان لە مەترسییەکان.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پشتبەست بە حوکمەکانی ماددەی ھەشتەم، لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، ژمارە ٣ـی ساڵی ١٩٩٢ـی ھەموارکراو، لەسەر پێشنیاری وەزیری دارایی و ئابووری، بڕیار درا وەرگرتنی ڕەسمی گومرگی و ڕەسمی باجی گومرگی لە دەروازە سنووری و خاڵە گومرگییەکان تەنیا بە دیناری عێراقی بێت.
دەشڵێت سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەم بڕیارەوە پابەند دەکرێن. لە کاتی سەرپێچیشدا لە دەروازە سنووری و خاڵە گومرگییەکان، لایەنی سەرپێچیکار ڕووبەڕووی سزا دەکرێتەوە.
د.سەرکار سورچی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ھەرێم رایگەیاند، کۆبوونەوەکە لە پێناو دابینکردنی زیاتری دەرمان و پێداویستی پزیشکی و بەشە بودجەی ھەرێم لە بودجەی حاکیمە و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی تەندروستی و خزمەتگوزاری تەندروستی ئاوارە و پەناھەندەکان و پڕۆژەکانی نیشتمانی نێودەوڵەتی لەبواری تەندروستی و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەست بە خزمەتگوزاری تەندروستی دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی لە نوسراوێکدا بڵاویکردەوە، لە نۆی ئەم مانگەوە دەستکراوە بە دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان و ئەو ناوچانەی کە ساڵی رابردوو تەواو نەکراون، تا ئێستاش بڕی پێنج ملیۆن و ٧٨٩ ھەزار لیتر نەوت بەسەر ٢٨ ھەزار و ٩٤٥ خێزان لە سنوری قەزای پێنجوێن و ناحیەکانی و قەزای سەیدسادق و ناحیەکانی ھەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان دابەشکراوە، پڕۆسەکەش بەردەوامە و بەمنزیکانە شاری سلێمانی و دەوروبەری دەگرێتەوە.
سەبارەت بە دابینکردنی نەوتیش لەلایەن عێراقەوە رایگەیاند، ھەوڵێکی زۆریان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق داوە بۆ دابینکردنی بەشە نەوتی پارێزگای سلێمانی وەک پارێزگاکانی دیکەی عێراق و پێش ھاتنی وەرزی سەرما قسە لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق کراوە، بۆیە پێویست ناکات ھیچ لایەنێک و فراکسیۆنێکی پەرلەمانی موزایەدە لەسەردابینکردنی نەوتی ھاووڵاتیان بکات، لە سنوری پارێزگای سلێمانی.
راگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاویکردەوە، ١٠٢٤٢ کارتی تر لە ھەولێر کارەکانیان تەواوکران و وێنەی تۆمار "تاپۆ"یان بۆ دەرکراوە و لە سبەینێوە خاوەن زەوییەکان دەتوانن سەردانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی شارەوانی بکەن بۆ وەرگرتنی وێنەی تۆماری زەوییەکانیان.
وەزارەتی شارەوانی دەڵێت، کارتە نوێکان لە کانی قرژاڵە و کەرتی ٩٢ی شاوێس و گڕەسۆری نوێ لەناو نەخشەی کەرتی باغمرەشەھاب و لە عرب کندی و لە گوندی کۆری و لە قەرەچناغە لەناو نەخشەی کەرتی باغمرەشەھاب و لە گەڕەکی قەڵاتی نوێ لە سنوری بنەسڵاوەن.
پرۆسەی تاپۆکردنی زەویی کارت چەند ساڵێکە بەردەوامە و پێشتریش چەند ھەزار پارچە زەویی دیکە وێنەی تۆماریان بۆ دەرکراوە.
پێشەوا ھەورامانی وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەردانی وەفدی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغداد و کۆبوونەوەیان لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئارەزوومەندانەیە و نیشاندەری نیەتی جددی حکومەتی ھەرێمە بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغداد لە سەر سەرجەم پرسە داراییەکان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، تیمی حکومەتی راسپاردووە تەنانەت یەک پرسیاری بێ وەڵامیش نەھێڵنەوە و زۆر شەفافانە ھاوکاربن.
وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان وتیشی، حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی دەستوری عێراقی فیدراڵ، بە دوای چارەسەرێکی ڕیشەییەوەیە بۆ پاراستنی مافی ھاووڵاتیانی کوردستان.
فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەرێگەی یاداشتێکەوە داوا لە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەن داوا لە سەرۆکوەزیران بکات ھاتووچۆ و جوڵە سەربازییەکانی وەزارەتی بەرگری لەناو گوند و قەزا و ناحییەکاندا رابگرێت، کە دوایین جوڵەیان لە گوندی تۆپزاوای پارێزگای کەرکوک بووە، چونکە پێچەوانەی ھەوڵەکانە بۆ بەھێزکردنی پێکەوەژیان لەنێوان پێکھاتەکاندا.
ئاماژە بەوەشدەکەن، ناوەناوە جوڵەی سەربازی سوپای عێراق دەبینن کە دەیەوێت بۆ سەربازگەی تۆپزاوا بگەڕێتەوە، ئەو سەربازگەیەی کە نیشانەیەکی دیاری ئەنفالە لەلایەن رژێمی بەعسی روخاوەوە و ئێستاش بووەتە شوێنی نیشتەجێبوونی مەدەنی، بۆیە داوای راگرتنی جوڵەکانی سوپای عێراق دەکەن کە مایەی ھەڕەشەیە بۆسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی.
فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران دەشڵێن، خەڵکی گوندی تۆپزاوا نیگەرانن لە بەسەربازگەکردنی گوندەکەیان دوای دەیان ساڵ لە روبەڕوبونەوەی ستەمکاری بەعس، ھاوکات داواش دەکەن ئەوانەی لەپشت ئەو ھەوڵەن دەستھەڵبگرن لە بریندارکردنی ھەستی خەڵکی تۆپزاوا.
لە میانی سەردانەکەدا، وەفدی باڵای وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە لایەن ھەریەک لە "ئەلێکبێرۆڤ ئەلیکبێر کەڵابیکۆڤیچ" سەرۆکی ئەنیستیوتی رۆژھەڵاتناسی "کیڕیڵ ڤێرتیایێڤ"، سەرۆکی سێکتەری کوردناسی و "ڵانە مەجیدۆڤنە رەڤەندای فەدایی"، سەرۆکی سەنتەری کولتووری ڕۆژھەڵات پێشوازی کران.
دواتر سەردانی کەسایەتی ئەکادیمی ناسراوی رووسیا "ڤیتاڵی ناومیکین"، سەرپەرشتیاری لێکۆڵینەوە زانستییەکانی پەیمانگاکەی کردوو، خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم سەردانە دەربڕی و یەکێک لە تازەترین چاپکراوەکانی پەیمانگاکەی بەخشیە جەنابی وەزیر، لەدیدارەکەدا جێگری موفتی موسوڵمانانی ڕوسیا ئامادەبوو.
لە دیدارێکدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، سەردانی ھەر وەفدێکی کوردی بۆ مۆسکۆ، ئەگەر وێستگەیەکی سەردانەکە پەیمانگەی ڕۆژھەڵاتناسیی نەبێت، واتە کەموکوڕییەک لە سەردانەکەدا ھەبووە.
وتیشی، وەک ھەرێمی کوردستان بە چاوی ڕێز و پێزانینەوە دەڕوانینە خزمەتکردنی ئەرشیف و کولتوور و فەرھەنگ و مێژووی کورد و کوردستان لە لایەن ئەو پەیمانگەیەوە و ھەوڵەکانی بۆ ساغکردنەوەی دۆکیۆمنێت و تۆمارکردنی مێژووی فەرھەنگی و کولتووری کورد جێی شانازین و ھەوڵەکانی کوردناسی ناودار لازاریڤو کوردناسانی تری پەیمانگای ڕۆژھەڵاتناسی بەرز دەنرخێنین کە خزمەتێکی گەورەی بە لایەنە جیاجیاکانی ژیانی کولتووری و فەرھەنگی و مێژوویی کورد کردووە.
لە بەرامبەردا، سەرۆکی پەیمانگەکە وێڕای بەخێرھێنانی وەفدی باڵای وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان رایگەیاند، "پەیمانگەکە بە شانازییەوە ئەمڕۆ میوانداری ئێوەی کورد دەکات و ئێمە لە رابردوودا پڕۆژەی ناوازەمان لە بواری فەرھەنگی و ڕۆشنبیری و کولتووری کوردی ئەنجامداوە".
وتیشی، چاوەڕوانیمان لە ھەرێمی کوردستان ئەوەیە، کە لە پڕۆژەکانی داھاتووماندا بۆ خزمەتی ڕابردووی ئەدەب و مێژوو و کولتووری کوردی ھاوکارمان بن، بە تایبەتی لە بواری پشکنین و لێکۆڵینەوە شوێنەوارییەکاندا.
ھەروەھا سوپاسی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیان کرد، لە بەرامبەر بەیەکەوە کارکردن و ھاوکاریەکانی بۆ بەشی کوردناسی.
لە بەرامبەریشدا، وەزیری رۆشنبیری و لاوان بەڵێنی دا، لە داھاتوودا ھەموو ئاسانکارییەک بۆ توێژەرانی پەیمانگەکە بکرێت و ھەماھەنگی زیاتر بکرێت بۆ پێشخستنی لێکۆڵینەوە زانستییەکانی پەیمانگەکە بەتایبەت لەگەڵ ئەکادیمیای کوردی و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار.
وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان بەڵێنی پێدان لەچاپکردنی کتێب لەمەر کلتوور و فەرھەنگی کوردی ھاوکاری پەیمانگاکە بێت و پرۆژەی ھاوبەشی وەرگێڕانیش بۆ زمانی ڕوسی لە پێشینەی ھاوکارییەکانی وەزارەت دەبن.
لە چوارچێوەی سەردانەکەدا، شاندی باڵای وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ھۆڵەکانی تایبەت بە بەشی کوردی پەیمانگەکەی بەسەر کردەوە و ھیوای سەرکەوتنیان بۆ ستافی بەڕێوبەری بەشەکە خواست، کە توانیویانە لە رابردوودا خزمەتێکی بەھادار پێشکەش بکەن.
وەفدی وەزارەت سەردانی خانەی دەستنوسە کۆنەکان و ھۆڵی پێشانگای بەردەوامی شێوەکاریان کرد، بڕیاردرا تابلۆی ھەندێک لەشێوەکارانی کوردستان بەدیاری بدرێنە ئەو گەلەریە.
لەکۆتایی سەردانەکەدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان دیاری بەخشییە سەرۆک و ئەندامانی پەیمانگاکە.
رۆژنامەنووس رەنج پشدەری بە کوردسات نیوزی راگەیاند، زیاتر لە ٧٠٠ کۆچبەر کە بەشێکی زۆریان ئێرانی و کوردی رۆژھەڵاتی کوردستانن و بەشێکی تریان خەڵکی ھەرێمی کوردستانن، چەندین مانگە لەسەر سنوورەکانی بێلاڕووس لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا گیریانخواردووە.
وتیشی، چەندین کۆچبەر بەھۆی سەرماوە لە دارستانەکانی بێلاڕووس گیانیانلەدەستداوە، کە کوردی رۆژھەڵاتی کوردستانیشیان لەناودایە.
ھاوکات بەپێی چەندین وێنە و تۆماری ڤیدیۆیی، کۆچبەرەکان ژن و منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵیشیان تێدایە و لەلایەن چەند پاسەوانێکی سنووری پۆڵەنداوە روبەڕوی پێشێلکاری و توندوتیژیی دەبنەوە، جگەلەوەش پاسەوانی سنوری پۆڵەندا، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ھێزێکیان لە ناوچەی بێلایا ڤیگا، لەلایەن ١٠٠ کەسی بیانییەوە، بە بەرد و دار، ھێرشیانکراوەتەسەر ھەربۆیە ناچاربوون بە بەکارھێنانی گازی فرمێسکڕێژ رووبەڕوویان ببنەوە.
ساڵی ٢٠٢١ دەیان ھەزار کۆچبەر کە زۆرینەیان خەڵکی عێراق و ھەرێمی کوردستان بوون، بە ھیوای گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا لەسەر سنوورەکانی پۆڵەندا و بیلاڕووس کۆبوونەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی پۆڵەندا ئاسایشی سنوورەکانیان بەھێزکرد و رێگرییان لە بەشێکی زۆری کۆچبەران کرد سنوورەکان ببڕن.