وەزیری رۆشنبیری و لاوان سەردانی مۆزەخانەی ھونەری میللی گەلانی ڕۆژھەڵاتی کرد
کوردسات نیوز
١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣
٢٥٣
لە دیدارێکدا، "ئەلێکساندەو فسۆڤاڵۆدۆڤیچ"، وێڕای پێشکەشکردنی کورتە باسێک لە بارەی مێژووی مۆزەخانەکەوە رایگەیاند، لە ساڵی (١٩٨٠)ـەوە مۆزەخانەکە کراوەتەوە و ھەزاران کەرستەی کولتووری گەلانی ڕۆژھەڵاتی لە ژاپۆنەوە تا مەغریبی عەرەبی تێدایە.
وتیشی، زۆرینەی گەلانی ڕۆژھەڵات ژووری تایبەت بە خۆیان لە مۆزەخانەکەدا ھەیە، بەڵام تا ئێستا ژوورێک بۆ گەلی کوردی تێدا نییە و ئەگەر کەرەسەی کەلەپووری کوردیمان بۆ دابین بکەن، ئامادەین بەشێک تایبەت بکەین بەگەلی کوردستان.
لە بەرامبەردا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان سوپاسی پێشوازی گەرمی ستافی مۆزەخانەکەی کرد و ڕایگەیاند، دوای گەڕانەوەی شاندەکە بۆ ھەرێمی کوردستان، ئەو پرسە لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات بۆ ئەوەی بە ھەماھەنگی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕووسیای فیدڕاڵ، کار بکرێت بۆ دابینکردنی ئەو کەرستانەی پێویستە نمایش بکرێن و پیشاندانی کولتوور و ڕەسەنایەتی گەلی کورد.
حەمەی حەمەسەعید وتیشی، بە ھۆی داگیرکاری و شاڵاوەکانی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان، بەشێکی گەورەی کەرستە مێژوویی و شوێنەواری و کولتوورییەکانی کوردستان لەناوبراون، یاخود بە ناوی گەلانی سەردەست تۆمار کراون و ناسنامەی ڕاستەقینەیان شێوێندراوە.
لەو چوارچێوەیەدا، شاندی باڵای وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەشە جیاجیاکانی مۆزەخانەکەیان بەسەرکردەوە و ھیوای سەرکەوتنیان بۆ بەڕێوەبەر و ستافی مۆزەخانەکە خواست.