دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەنگیدا لەسەر درێژکردنەوەی کارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، سەرۆک وەزیرانی عیراق پشتیوانی خۆی بۆ کۆمیسیۆنەکە دووپاتدەکاتەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردۆتەوە : ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد کە سەرۆکی دەستەی کۆمیسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان  و ئەندامانی ئامادەیبوون، سودانی لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا دەستخۆشی لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کرد بۆ درێژکردنەوەی کارەکانی دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی پێدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، سودانی کۆمیسیۆنی راسپاردووە، ئامادەکاری و ڕێکخستن و پێویستییەکان ئامادە بکەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کە بڕیارە ئەنجامبدرێت.

سەرۆک وەزیرانی عیراق، وەزارەتی دارایی ئاگادارکردۆتەوە پێداویستیەکانی کۆمسیۆن دابین بکات، بۆ ئامادەکردنی بودجە و ڕێکخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن، جەختیشی کردەوە تەواوی حکومەت پاڵپشتی لە کارەکانی کۆمسیۆن دەکات بە هەموو توانایەکی، بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.