فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ''هەسەدە'' رایدەگەیەنێت: هێزەکانیان لە باکور رۆژهەڵاتی سوریا چەک دانانێن، بەڵام ئامادەن بە دانوستان بچنە ناو سوپای داهاتووی سوریاوە.

لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ''ئەلعەرەبیە'' مەزلوم کۆبانێ فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ''هەسەدە'' رایگەیاندووە، کە هێزەکانی بڕیاری ڕادەستکردنی چەک یان هەڵوەشاندنەوەی خۆیان نەداوە، بەڵکو دەیانەوێت بچنە ناو سوپای داهاتووی سوریاوە. وتیشی: جگە لە دانوستان بۆ رێکخستنەوەی هێزەکان لە سوریا هیچ رێگەیەکی دیکە نیەو هەر شیوازێکی دیکە تاقیبکرێتەوە کاردانەوەی خراپی لێدەکەوێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، شەڕی بەنداوی تشرین بەردەوامە، دەشڵێت: ویستمان لە ڕێگەی دیالۆگەوە کێشەکە لەگەڵ تورکیا چارەسەر بکەین بەڵام نەگەیشتنە ئەنجام، رەتیشیکردەوە هیچ هێرشێکیان لە دژی تورکیا ئەنجامدابێت.

هەر لە چاوپێککەوتنەکەدا ئەوەشی خستەڕوو، دەبێت دەستور مافەکانی کورد لە سوریا دەستەبەر بکات، ئێمەش پشتیوانی یەکگرتوویی خاکەکانی سووریا دەکەین، هەروەها داوا دەکات دان بە زمانی کوردیدا بنرێت و وشەی عەرەبی لە (کۆماری عەرەبیی سوریا) لاببرێت.

سەبارەت بە هێزە ئەمریکییەکان لە سوریا ڕوونی کردەوە، کە بوونیان گرنگە بۆ ئەوەی بۆچوونەکان لێک نزیک بکەنەوە. راشیگەیاند، پشتیوانی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا دەکەین.