لە کۆبوونەوەی وەفدی باڵای حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکوەمتی فیدڕاڵ تەئکید لەسەر چارەسەکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا کراوەتەوە، وەزارەتی دارایی هەرێمیش ئاشکرایکردووە، لەگەڵ دارایی عیراق رێککەوتن کراوە بگەنە چارەسەرێکی ریشەیی لەبارەی موچەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی هەرێم، رۆژی دووشەممە بەسەرپەرشتیی فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئەنجومەنی ئابوری كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لە نێوان وەفدی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و لەگەڵ وەفدی حكومەتی عێراق كە پێكهاتبوون لە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی عێراق بەڕێوەچوو
ئەوەشخراوەتەڕوو، كۆبوونەوەكە لە كەشێكی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2025 كراو و هەردوولا هاوڕابوون كە هەموو هەوڵەكان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەم ساڵدا، هاوكات داواكارییەكانی حكومەتی هەرێم بۆ ناردنی ئەو شایستانەی كە ساڵی رابردوو نەنێردراوە بەداتا و بەڵگەی رەسمی خرایەڕوو گفتوگۆی لەبارەوە كرا.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، هەردوولا ڕێككەوتن كۆبوونەوەكان بەردەوامبێت و رۆژی یەكشەممەی داهاتوو كۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجامبدرێت كە تیایدا بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بدرێت و ڕاسپاردەی پێویستیش ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بكرێت.
لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا تیمێكی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێم پێكبهێنرێت و لەسبەی سێشەممەوە تیمەكە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان دەستبەكاربن و  ئامادەكاری پێویست بكەن بۆ كۆبوونەوەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەرك و پابەندییەكانی هەردوولا بۆ ساڵی 2025 .