یەكێتی ئەوروپا دوو مەرجی بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاكانی سەر سوریا راگەیاند
١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
یەكێتی ئەوروپا مەرجەكانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاكان لە دژی سوریا راگەیاند.
كایا كالاس بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، یەكێتییەكە بە مەرجی گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات و پاراستنی مافی هەموو پێكهاتەكان ئامادەیە سزاكان لەسەر سوریا هەڵبگرێت.
كالاس وتیشی، پێویستە ئیدارەی نوێی سوریا پڕۆسەیەكی ئاشتیخوازانە بۆ گواستنەوەی دەسەڵات دەست پێ بكات كە مافی هەموو پێكهاتەكانی تێدا پارێزراو بێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە، شەش وڵاتی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا داوایانكردووە سزاكانی سەر سوریا لە بواری بازرگانی و وزە و بانكدا بۆ ماوەیەكی كاتی هەڵبگیرێن و بڕیارە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە كۆتایی ئەم مانگە بۆ ئەو مەبەستە كۆببنەوە.