حزبوڵا و بزووتنەوەی ئەمەل رایانگەیاند، بەشداری دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی لوبنان ناكەن، رۆژی هەینییش سەرۆكی فەرەنسا سەردانی بەیروت دەكات.

رادیۆی مۆنتی كارلۆ بڵاویكردەوە، هەریەك لە حزبوڵا و بزوتنەوەی ئەمەل بە سەرۆكایەتی نەبیە بەڕی، جۆزێف عەون سەرۆكی لوبنانیان ئاگاداركردەوە كە ئەگەر نەواف سەلاف بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ راسپێردرێت، ئەوان بەشداری دانوستانەكان ناكەن.

ئەو دوو حزبە شیعییە جەختیان لەوەش كردەوە، دانانی نەواف سەلام بە مانای دانانی بەربەست لەبەردەم بلۆكی شیعیدا دێت، لە قۆناغی نوێی پرۆسەی سیاسی لوبنان.

هاوكات كۆشكی ئیلیزێ رایگەیاند، رۆژی 17ی ئەم مانگە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا بە سەردانێك دەگاتە لوبنان و خواستی خۆی بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز لە زووترین كاتدا نوێ دەكاتەوە، بەپێی راگەیەندراوەكەی ئیلیزێ ، ئەم سەردانە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی هەمیشەیی فەرەنسا بە سەقامگیری و یەكڕیزی لوبنان دووپات دەكاتەوە.

رۆژی دووشەممە پەرلەمانی لوبنان بە دەنگی 85 ئەندام نەواف سەلامی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ راسپارد، ئەوەش دوای كەمتر لە هەفتەیەك دێت لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لەلایەن پەرلەمانەوە.