عیراق و بەریتانیا لەسەر ناردنەوەی پەنابەرانی نایاسایی رێككەوتن
١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
سەرۆك وەزیرانی عیراق لەگەڵ شا چارڵزی سێیەم شای بەریتانیا كۆبوەوە، لەگەڵ هاوتا بەریتانییەكەشی رێككەوتن بۆ گەڕانەوەی ئەو پەنابەرە عیراقییانەی كە مافی پەنابەرێتیان نییە.
نوسینگەی رایگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بڵاویكردەوە، سودانی لە كۆشكی بەكینگهام لە لەندەن لەگەڵ شا چارڵزی سێیەم شای بەریتانیا كۆبوەوە و باسیان لە هەماهەنگی لە بوارەكانی ئابووری و گەشەسەندن و پیسبوونی كەشوهەوا و رۆشنبیریدا كرد.
دواتر سودانی لەگەڵ كیەر ستارمەر، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كۆبوەوە و چەند رێككەوتنێكیان بە بەهای 12 ملیار پاوەند لە بوارەكانی وزە، ئابووری، وەبەرهێنان و ئاسایش و كۆچ و پەروەردە و ژینگەدا ئیمزا كرد.
هەروەها جەختكرایەوە لەسەر كاركردنی پێكەوەیی بۆ نەهێشتنی كۆچی نایاسایی بەشێوەی ریشەیی و گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەرە عیراقییانەی بەریتانیا كە مافی پەنابەرێتیان نییە، هاوكات زانیاری ئاڵەگۆڕبكرێت بۆ دەستگیركردنی گروپە قاچاخچێتییەكان.