ئیلهام ئەحمەد: بەهۆی توركیاوە رەوشی ئەمنی ناوچەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا خراپ بووە
١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
دوای روخانی رژێمی سوریا، رەوشی ئەمنی لە ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا ناجێگیرە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش دەڵێت، هۆكارەكەی هێرشەكانی توركیا و گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی ئەو وڵاتەن.
ئیلهام ئەحمەد لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاندووە، لە ئێستادا پێشكەوتنی گەورە لە دیالۆگی نێوان كورد و سوریادا هەیە.
راشیگەیاندووە، دوای رووخانی رژێمی سوریا لە بەشێكی ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا، پێكدادان لە نێوان هێزەكانی سووریای دیموكرات "هەسەدە" و گروپە چەكدارەكان روودەدات.
دەشڵێت، "تێكچوونی رەوشی ئەو ناوچانە بەهۆی هەنگاوەكانی توركیایە، چونكە توركیا نایەوێت رەوشی ئەمنی لە ناوچە كوردییەكان سەقامگیر بێت".
رۆژی ٨ی مانگی رابردوو بە رەسمی رووخانی ژێمی سوریا راگەیەنرا و لەو کاتەشەوە لە ناوچە جیاوازەکانی سوریا و رۆژئاوای کوردستاندا رووبەڕووبوونەوەی گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی دیکە لەگەڵ هێزە رەسمیەکانی ئەو ناوچانەدا بەردەوامە.