بەڕێوەبەری وێستگەی هێڵی ئاسمانیی عیراق لە بەریروت رایگەیاند، ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکانی عیراق بۆ بەیروتی پایتەختی لوبنان زیادی کردووە.
عادل ئیبراهیم بەڕێوەبەری وێستگەی هێڵی ئاسمانیی عیراق لە بەریروت رایگەیاندووە، دوای زیاتر لە سێ مانگ وەستانی گەشتەکانی نێوان بەیروت و عێراق، ئێستا ژمارەی گەشتەکان زیادیان کردووە.
وتیشی، بەهۆی ئەوەی ئێستا خواست لەسەر گەشت زۆرە، بۆیە ئەوانیش ناچاربوون ژمارەی گەشتەکانی هەفتانە زیاد بکەن.
باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا هەفتانە 25 گەشت ئەنجام دەدرێت، کە 14یان لە فڕۆکەخانەی بەغدادەوە و 3 گەشتیان کە بەسرەوە، 2 گەشتیان لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە و 4 گەشتەکەی دیکەش لە فڕۆکەخانەی نەجەفەوە، کە شەممەی رابردوو یەکەم گەشتی بەیروت تیایدا دەستی پێکرد.
ئەوەشی خستە روو، کارمەندانی هێڵی ئاسمانی عیراق بە سەرجەم ستافی فڕۆکەوانیی و ستافی هونەری و کارگێڕییەوە، کاردەکەن بۆئەوەی توانا و ئاستی خزمەتگوزارییەکان بەرز بکەنەوە و باشترین پێشکەشی گەشتیارەکان بکەن.
دەسەڵاتدارانی بەغداد، ئەنبار و موسڵ رێگەیان نەدا بەیانی ئەمڕۆ لە مزگەوتەكاندا نوێژی جەژن بكرێت، بەهۆی ئەوەشەوە هاووڵاتیان لە پارك و گۆڕەپانە گشتیەكان نوێژی جەژنیان كرد.
لە ئەنبار لە گۆڕەپانی گشتی سمود و لە بەغداش لە بەرامبەر گۆڕستانی مەلەكییەو لە موسڵیش لە باخی موسەننا، هاوڵاتیان نوێژی جەژنیان كرد.
دیوانی وەقفی سوننە و شیعە لە عیراق بڵاویانكردەوە، بەهۆی ئەوەی مانگ نەبینراوە، ئەمڕۆ یەك شەممە تەواوكەری مانگی رەمەزانە و سبەینێ یەكەم رۆژی جەژنە، بەوهۆیەشەوە رێگە نەدرا بە رەسمی نوێژی جەژن لە مزگەوتەكاندا بكرێت و قەدەغە كرا.
لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی هاوڵاتیانی سوننە مەزهەب لە شارەكانی عیراق گوێیان بە رێنماییەكان نەداو چونە ناو باخ و پارك و چەند شوێنێكی گشتی و نوێژی جەژنیان كرد .
دیوانی وەقفی سوننی عیراق لەو بڕیارەی پەشیمان بووەوە کە پێشتر رایگەیاندبوو سبەی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزە و دەڵێت؛ سبەینێ تەواوکەری مانگی رەمەزانە، یەکێتی زانایانی عیراقیش دەڵێت؛ سبەینێ یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە.
لە راگەیەندراوێکی نوێدا دیوانی وەقفی سونی عیراق دەڵێت: "سبەی تەواوکەری مانگی رەمەزانی پیرۆزە".
لە لایەکی ترەوە، سعودیە و زۆرینەی وڵاتانی ئیسلامی رایانگەیاندوە کە مانگ بینراوە و سبەی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزە.
هاوکات، ئێران، سوریا، ئوردن، سەڵتەنەی عومان، بەنگلادیش، ئەندەنوسیا و ئوستراڵیا، پاکستان، رۆژی دوشەممەیان وەک یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دیاری کردووە.
شایەنی باسە، جیاوازی بینینی مانگی نوێ لە نێوان وڵاتە ئیسلامییەکاندا دیاردەیەکی ئاساییە کە هەموو ساڵێک رودەدات و پەیوەندی بە بینینی مانگی نوێ یان پشتبەستن بە حیسابە فەلەکییەکانەوە هەیە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پیرۆزبایی جەژنی رەمەزان لە موسڵمانانی کوردستان، عیراق و جیهان دەکات.
دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، پیرۆزبایی گەرم لە موسڵمانانی كوردستان، عیراق و جیهان دەکەم.
خوای گەورە نوێژ و رۆژوو و عیبادەتی هەموولایەکی قبوڵکردبێ و جەژنی خێروخۆشی و ئاشتی و ئارامی بێت.
هیوادارم ئەم جەژنە، هاندەرمان بێت تا بە گیانی لێبوردەیی و بەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە هەنگاوبنێین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی کەموکوڕییەکان و باشترکردنی حکومڕانی و ژیانی خەڵکە خۆشەویستەکەمان.
لەم بۆنە پیرۆزەدا دووپات لە پێویستیی تەبایی، برایەتی و یەکڕیزی نێوان گەلەکەمان دەکەمەوە لە پێناو بەهێزکردنی قەوارەکەمان و سەقامگیری سیاسی لە هەرێمەکەماندا.
هەر لەجەژن و شادی و سەرفرازیدا بن
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
عەبدوڵلا قازی سەرۆكی نەفت هیلال لە عیراق، لە بەرنامەیەکی تایبەت لە کوردسات نیوز، باسی لە وردەکارییەکانی بەرهەمی کێڵگەی غازی کۆرمۆر کرد و رایگەیاند: تاكۆتایی ئەمساڵ بەرهەمی كێڵگەی گازی كۆرمۆر دەگاتە 800 ملیۆن پێ سێجا.
سەرۆكی نەفت هیلال لە عیراق وتیشی: لەئێستادا بەرهەمی كێڵگەی گازی كۆرمۆر 530 ملیۆن پێ سێجایە و كۆرمۆر گەورەترین كێڵگەیە لە عیراق و هەرێمی كوردستان.
عەبدوڵا قازی ئاماژەی بەوەشدا؛ تاكۆتایی ئەمساڵ بەرهەمی كێڵگەی گازی كۆرمۆر دەگاتە 800 ملیۆن پێ سێجا و وتیشی؛ كاركردن لە كێلگەی كەی ئیم 250 لە قۆناغی كۆتایی دایە.
لەسەر خواستی زۆری کارەبا وتی؛ خواستی كارەبا ساڵانە 7% زیاد دەكات و ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی بڕی بەرهەمهێنانی گاز لە كێلگەی كۆرمۆر.
لە دیدارەکەدا ئاماژەی بە هێرشە موشەکییەکان بۆ سەر کۆرمۆر کرد و جەختی لەوەکردەوە کە هێرشەکان نەیانتوانیوە لە چەند رۆژێک زیاتر بمانوەستێنن لە کارکردن و وتی؛ هەرێم و عیراق دڵنیایان پێداوین لەڕووی ئەمنییەوە
عەبدوڵا قازی لە دیدارەکەدا سەبارەت بە گازی چەمچەماڵ رونی کردەوە، بەمزوانە دەستدەكەین بەكاركردن لە كێڵگەی گازی چەمچەماڵ و رەوش لەبارە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی گاز و كێڵگەی گازی چەمچەماڵیش یەكێكە لە چوار كێڵگە گەورەكەی عیراق و رەوش لەبارە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی گاز.
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، ئەمریكا بەڵگەنامەی قاچاخچێتی نەوتی ئێرانی بە بەڵگەنامەی عیراقییەوە رادەستی بەغداد كردووە.
هەیبەت حەلبوسی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، ئەمریكا بە حكومەتی عیراقی وتووە سزا بەسەر كۆمپانیای سۆمۆدا دەسەپێنێت ئەگەر بەردەوام بێت لە قاچاخچێتی نەوتی ئێران لە رێگەی كۆمپانیاكەوە.
وتیشی، كەشتییە بچوكەكانی ئێران نەوتی عیراق و ئێران تێكەڵ دەكەن و دواتر بەڵگەنامەی عیراق بەكاردەهێنن بۆ فرۆشتنی.
ئەوەش لەكاتێكدایە، چەند رۆژێك لەمەوبەر حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند، هێزەكانی ئەمریكا دەستیان بەسەر بارهەڵگری ئێرانیدا گرتووە كە بەڵگەنامەی ساختەی عیراقی پێبووە و واپێشانیانداوە كە نەوتەكە عیراقییە.
لە بەرانبەردا محەمەد موسەوی جێگری وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، تاران پابەندە بە رێكارە جیهانیەكان لە بابەتی بازرگانیكردن بە نەوتەوە و لێدوانەكەی حەیان عەبدولغەنی رەتدەكاتەوە.
سەرۆك وەزیرانی عیراق رەتیدەكاتەوە ئەمریكا لە رێگەی تارانەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی لێكردبن.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، وڵاتەكەی هیچ داواكارییەكی لە ئەمریكاوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی پێنەگەیشتووە.
وتیشی، هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەكدارەكان پەیوەستە بە كۆتایی هاتنی ئەركی هاوپەیمانان لە عیراق.
ئەو قسانەی سودانی دوای ئەوەهات پێشتر محەمەد كازم باڵیۆزی ئێران لە بەغداد رایگەیاندبوو، ترەمپ لە نامەكەیدا بۆ تاران، داوای هەڵوەشاندنەوە، یان یەكخستنی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە تاران كردووە.
ئاماژەی بەوەشكردبوو، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی بڕیارێكی عیراقییە و پێی وایە داواكارییەكە مەحاڵە.
عیراق لە ریزبەندی چوارەمی وڵاتانی جیهاندایە بۆ یەدەگی نەوتی سەلمێنراو و خاوەنی 145 ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتە.
كۆمپانیای سۆمۆ بۆ بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق رایگەیاند، نەوتی وڵاتەكە لەسەر ئاستی بازاڕی نەوتی خاو، بە نەوتی مامناوەند و قورس پۆلێن دەكرێت و رێژەی گۆگردی بەرزە، ئەوەش وایكردووە لەناو وڵاتانی كڕیاری نەوت خواستێكی زۆری لەسەربێت، بە تایبەتی كە نرخێكی دادپەروەرانەی هەیە و تێچووی گواستنەوەی كەمە و بڕێكی زۆری بەردەستە.
ئاماژەی بەوەشكردوە، نەوتی خاوی عیراق لە هەرسێ بازاڕی ئاسیا، ئەوروپا و ئەمریكا دەفرۆشرێت، جگە لەوەش لە كۆنفرانس و رێوڕەسمە جیهانییەكان و بە رێگەی ئۆنلاین كڕیاری هەیە.
كۆمپانیای سۆمۆ راشیگەیاند، عیراق لە ریزبەندی چوارەمی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتە، بە نزیكەی 4.27 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا، چوارەم گەورەترین یەدەگی نەوتی سەلمێنراویشی هەیە، كە نزیكەی 145 ملیار بەرمیلە.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی رایدەگەیەنێت، لەئایندەیەکی نزیکدا بەشی دووەمی سەبەتەی خۆراک بۆ ئەمساڵ دابەشدەکرێت و ئامادەکاریش کراوە بۆ وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکان بۆ دابەشکردنی ئارد بەسەر بریکارەکاندا.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دابەشکردنی بەشی دووەمی سەبەتەی خۆراک دەستپێدەکات و بەشی دووەمی سەبەتەی خۆراک بۆ ئەمساڵ دابەشدەکرێت و لەئێستادا لیست دەدرێتە بریکارەکان و دواتر دەست بە دابەشکردن دەکرێت و بەشێکی زۆری مادەکان هاتووە.
وتیشی؛ بۆ هەر هاووڵاتییەک بریتی دەبێت لە سێ کیلۆ برنج، یەک کیلۆ شەکر، 400 غرام دۆشاو، یەک لیتر زەیت، نیوکیلۆ نیسک، نیوکیلۆ ئاری نۆک.
ئاماژەی بەوەشکرد، "سەبارەت بە ئارد بەشی سێ بڕیارە دابەشبکرێت و ئامادەکاری کراوە بۆ وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکان لەلایەن ئاشەکانەوە بۆ دابەشکردنی ئارد بەسەر بریکارەکاندا".
بە ئامادەبوونی سەرۆك وەزیرانی عیراق وەزارەتی نەوت و كۆمپانیای بی پی بەریتانی گرێبەستێكیان بۆ پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی چوار كێڵگەی نەوتی كەركوك ئیمزا كرد.
بەپێی راگەندراوێكی نوسینگەكەی، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق خۆی سەرپەرشتیاری مەراسیمی ئیمزاكردنی ئەو گرێبەستە بووە كە وەزارەتی نەوت لەگەڵ كۆمپانیای بی پی بەریتانی ئەنجامیانداوە، بۆ پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی چوار كێڵگەی نەوتی كەركوك بووە كە بریتین لە ئاڤانا، بای حەسەن، جەمبور، و خەباز.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، كە ئامانج لەو گرێبەستەكە بۆ زیادكردنی رێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوە بەو ئامانجی رۆژانە بتوانرێن 420 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بەرهەمبهێنرێت لە كێڵگانە.
ئاماژە بەوەشكراوە، پڕۆژەكە بەشدار دەبێت لە وەستاندنی بەردەوامی سووتانی غاز، بەكارهێنانی بە شێوەیەكی گونجاو و دابینكردنی سووتەمەنی پێویست بۆ وێستگەكانی كارەبا.
وەزارەتی دادی عیراق پرۆژەیەکی بۆ دروستکردنی کارگە لەناو زیندانەکان و دامەزراندنی زیندانییەکان دەست پێ کردووە و دەڵێت، بڕوانامەی کارکردنیشیان پێدەدرێت.
موراد ساعدی بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندن لە وەزارەتی دادی عیراق رایگەیاندووە، دوای ئەوەی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە رەزامەندییان وەرگرت لەسەر رێنماییەکانی یاسای "دامەزراندنی زینداییەکان"، دەیانەوێت پرۆژەی دروستکردنی کارگە لە زیندانەکاندا دەست پێ بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجیان لەو هەنگاوە ئەوەیە، کە دووبارە پرۆگرامەکانی گەشەپێدان و چاکسازی نوێ بکەنەوە و زیندانییەکان بخەنە سەر کار و کارامەیی پیشەییان زیاد بکەن، بۆئەوەی لەدوای تەواوبوونی ماوەی سزاکانیان ئامادەبن بۆ دووبارە چوونەوە ناو کۆمەڵگە و تێکەڵاوبوونەوەیان بەشێوەیەکی ئاسانتر.
موراد ساعدی وتووشییەتی، ئەو پرۆژەیە یەکێکە لە دیارترین ئەو هەنگاوانەی بۆ چاکسازی چاوەڕێی دەکەن و دەتوانن زیندانییەکان بخەنە سەر کار بۆ پرۆژەکانی ناو کارگەکان، وەک کارگەی جل و ئاو، لەو رێگایەشەوە موچەی مانگانەیان بۆ دەبڕنەوە.
ئەو بەرپرسی راگەیاندنە روونیشیکردەوە، بەدەر لە لایەنە کۆمەڵایەتیی و دەروونییەکەی، دەیانەوێت لەرێگای دامەزراندنی زیندانییەکان و پێدانی موچە، ئەرک لەسەر خێزانەکانیان کەم بکەنەوە و ئەوانیش بکەن بە پاڵپشتی بۆ خێزانەکانیان.
راشیگەیاندووە، هەریەک لەو زیندانیانە بڕوانامەی بڕواپێکراویان پێدەدرێت، بۆئەوەی بتوانن لە داهاتوودا و لەدوای ئازادبوونیان، لەسەر پیشەکەیان بەردەوام بن و درێژە بە کارکردن بدەن.
ئەمڕۆ پرۆسەی نوێكردنەوەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدان دەستیپێكرد و نەبەرد عومەر سەرۆكی دەستەی هەڵبژاردانەكانی هەرێم لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند؛ لە دایكبووانی ساڵی 2007 یش تۆمار دەكرێن.
نەبەرد عومەر سەرۆكی دەستەی هەڵبژاردانەكانی هەرێم لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە گواستنەوەی شوێنی دەنگدان ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، ئەو كەسانەی دەیانەوێت شوێنەكانیان بگوازنەوە، سەردانی بنكەكان بكەن، بێجگە لە خەڵكی كەركوك ، موسڵ ، سەڵاحەدین و ئەنبار. لەبەرئەوەی ئەو شوێنانە سنوری ماددەی 140ن و گواستنەوە نایانگرێتەوە.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا وتیشی، ئەو کەسانەی دەیانەوێت شوێنی دەنگدانیان لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی تر بگۆڕن یان لە بنکەیەکەوە بۆ بنکەیەکی تر، لەمڕۆوە دەتوانن سەردانی بنکەکانمان بکەن.
راشیگەیاند؛ ئەمساڵ لە دایکبووانی ساڵی 2007 بەشداری هەڵبژاردن دەکەن و دەتوانن لەمڕۆوە ناوی خۆیان تۆماربکەن.
نەبەرد عومەر ئاماژەی بەوەشدا؛ لە هەرێمی کوردستان 173 بنکەمان هەیە و لە هەولێر 53، لە سلێمانی 79 و کەرکوک 41 بنکە،
جەختیشی کردەوە؛ هاووڵاتیان لەمڕۆوە تا یەک مانگ دەتوانن سەردانی بنکەکان بکەن
وەزیری دەرەوەی ئێران، عیراقی لە وردەكاری نامەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ وڵاتەكەی ئاگادار كردەوە و وتیشی ئێران وەڵامی نامەكەی داوەتەوە.
لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق و عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، دوایین پێشهاتەكانی غەززە و لوبنان و یەمەنیان تاوتوێ كرد و هەردولا نیگەرانییان سەبارەت بەو پێشهاتانە دەربریوە .
هاوكات عراقچی، لە ناوەرۆكی نامەكەی ترەمپ بۆ تاران ئاگاداركردوەتەوە و دوپاتیشیكردۆتەوە كە حكومەتی ئێران وەڵامی ئەو نامەیە دەداتەوە ، وەزیری دەرەوەی عیراقیش هیوای خواستوە گۆرینەوەی ئەو نامانە هۆكارێك بێت بۆ كردنەوەی كەناڵێك بۆ دیالۆگ لە نێوان هەردوو وڵات.
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، هەردولا دوپاتیان كردەوە كە پێویستە پەیوەندیی و هەماهەنگی نێوان بەغداد و تاران بەردەوام بێت .
لە ئێستا بەدواوە باجی ساڵانە دەخرێتە سەر ئەکاونتە چالاکەکانی سۆشیاڵ میدیا، کەسە ناودارەکان پێویستە بەپێی رێژەی فۆڵۆوەرەکانیان باج بدەنە حکومەت.
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عیراق بڵاویکردەوە، ئامانج لە دانانی ئەم جۆرە باجە، بۆ رێکخستنی کارەکانی کەسە ناودارەکانی ناو تۆڕە کۆمەڵاتییەکانە و پێویستە ئەو بابەتانەی لەلایەن کەسە بەناوبانگەکانەوە بڵاودەکرێتەوە بنەما ئەخلاقییەکان بپارێزن و لەبەرژەوەندی کۆمەڵگە بێت.
دەستەی راگەیاندن ئاشکرایکردووە، هەر کەسێک زیاتر لە 5 ملیۆن فۆلۆوەرسی هەبێت پێویستە ساڵانە یەک ملیۆن دینار باج بدات، ئەگەر لە سێ ملیۆن تاوەکو پێنج ملیۆن فۆڵۆوەرسی بێت ، 850 هەزار دینار باجی بۆ دیاریکراوە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، باجی ساڵانەی ئەکاونتێکی یەک ملیۆن تاوەکو سێ ملیۆن فۆلۆوەرس 650 هەزار دینارە، هەروەها 500 هەزار تاوەکو ملیۆنێک فۆڵۆوەرسیش دەبێت 450 هەزار دینار باج بداتە حکومەت.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، هەر کەسێک ژمارەی فۆڵۆوەرەکانی لەنێوان 100 هەزار بۆ 500 هەزار فۆڵۆوەرس بێت باجی ساڵانەی 250 هەزار بۆ 350 هەزار دینارە.
بڕیارە لە سبەینێوە پرۆسەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران بۆ هەڵبژادنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەستپێبكات.
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، كۆمیسیۆن هەزار و 79 ناوەندی ئامادەكردوە كە پێشوازی لە هاووڵاتیان دەكەن بۆ نوێكردنەوەی داتاكانیان، تۆماركردنی لە دایكبووە نوێیەكانیش پێویستی بە بەڵگەنامەی رەسمی وەك كارتی نیشتمانی و كارتی نیشتەجێبون و كۆبۆنی خۆراك هەیە.
وتیشی، داواكارییەكانی گواستنەوەی شوێنی هەڵبژاردن لە پارێزگایەكەوە بۆ پارێزگایەكی تر، پێویستی بە كارتی نیشتمانی یان ناسنامە و رەگەزنامە هەیە بۆئەوانەی كارتی نیشتمانییان نییە، لە ناوخۆی پارێزگاشدا پێویستی بە كارتی نیشتمانی یان رەگەزنامە هەیە.
رونیشیكردەوە، دەنگدەر دەتوانێت هەر هەڵەیەك راست بكاتەوە كە پێشتر لە كارتی بایۆمەتریەكەیدا هەبووە، بەڵام گۆڕینی ناو پێویستی بە بڕیاری دادگا هەیە و تۆماركردنی داتای ئاوارەكانیش تەنها لە ناو كەمپەكاندا دەبێت.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق، پەیامێکی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی کاوە جوتیار بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامەکە
بەبیستنی هەواڵى ماڵئاوایی یەکجارەکی هونەرمەند (کاوە ئیبراهیم) ناسراو بە (کاوە جوتیار)، زۆر غەمباربووم.
کاوە جوتیار خزمەتێکی بەرچاوی بەبواری هونەری شانۆ و درامای کوردی کرد لەشاری سلێمانی و لەزنجیرە درامای گەردەلولیشدا بەهەستێکی قوڵەوە ڕۆڵەکەی بەرجەستە کرد.
پرسە و سەرەخۆشی لەخانەوادەکەیان و خێزانی هونەریی گەردەلول ئەکەم و هاوبەشی خەم و پەژارەیانم، خواى گەورە سەبرو ئارامی بەهەموو لایەک ببەخشێت و ئەمە دوایین ناخۆشیمان بێت.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد