عیراق باجی ساڵانە دەخاتە سەر ئەکاونتە چالاکەکانی سۆشیاڵ میدیا
محەمەد رزگار
٢٤ی ئازاری ٢٠٢٥
لە ئێستا بەدواوە باجی ساڵانە دەخرێتە سەر ئەکاونتە چالاکەکانی سۆشیاڵ میدیا، کەسە ناودارەکان پێویستە بەپێی رێژەی فۆڵۆوەرەکانیان باج بدەنە حکومەت.
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عیراق بڵاویکردەوە، ئامانج لە دانانی ئەم جۆرە باجە، بۆ رێکخستنی کارەکانی کەسە ناودارەکانی ناو تۆڕە کۆمەڵاتییەکانە و پێویستە ئەو بابەتانەی لەلایەن کەسە بەناوبانگەکانەوە بڵاودەکرێتەوە بنەما ئەخلاقییەکان بپارێزن و لەبەرژەوەندی کۆمەڵگە بێت.
دەستەی راگەیاندن ئاشکرایکردووە، هەر کەسێک زیاتر لە 5 ملیۆن فۆلۆوەرسی هەبێت پێویستە ساڵانە یەک ملیۆن دینار باج بدات، ئەگەر لە سێ ملیۆن تاوەکو پێنج ملیۆن فۆڵۆوەرسی بێت ، 850 هەزار دینار باجی بۆ دیاریکراوە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، باجی ساڵانەی ئەکاونتێکی یەک ملیۆن تاوەکو سێ ملیۆن فۆلۆوەرس 650 هەزار دینارە، هەروەها 500 هەزار تاوەکو ملیۆنێک فۆڵۆوەرسیش دەبێت 450 هەزار دینار باج بداتە حکومەت.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، هەر کەسێک ژمارەی فۆڵۆوەرەکانی لەنێوان 100 هەزار بۆ 500 هەزار فۆڵۆوەرس بێت باجی ساڵانەی 250 هەزار بۆ 350 هەزار دینارە.