مستەفا سەنەد: مانگی داهاتوو هەناردەی نەوتی عیراق بۆ سوریا رادەگیرێت
٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
وەزارەتی نەوتی عیراق دەڵێت، هیچ گرێبەستێك لەنێوان عیراق و سوریا نییە بۆ هەناردەكردنی نەوت بۆ ئەو وڵاتە.
مستەفا سەنەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە، عیراق هەناردەكردنی نەوت بۆ سوریا رابگرێت، كە پێشتر مانگانە بڕی ١٢٠ هەزار تۆن نەوتی رەشی هەناردەی ئەو وڵاتە دەكرد.
لای خۆیەوە، "مورتەزا جشعمی" وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق، وتەكانی ئەو پەرلەمانتارە رەتدەكاتەوە و دەڵێت، هیچ گرێبەستێك لە نێوان عیراق و سوریادا نییە كە تایبەت بێت بە هەناردەكردنی نەوتی رەش بۆ ئەو وڵاتە، دەشڵێت، هیچ زانیارییەكیشیان لەسەر هەناردەكردنی نەوتی عیراق بۆ سوریا نییە.
هاوكات، لێپرسراوێكی باڵای حكومەتی فیدراڵیش بۆ ماڵپەڕی "عەرەبی جدید"ـی روونكردوەتەوە، پێشتر ئەو بڕە نەوتەی مانگانە لە عیراقەوە چووەتە سوریا، لە رێگەی بارهەڵگرەكانەوە بە قاچاخ چووەتە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی پێشووی سوریا.