بەكارهێنانی غاز لە ئێران ١٥% زیادیكردووە
٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
بەرزبوونەوەی ئاستی بەكارهێنانی غاز و هاتنی وەرزی زستان قەیرانی كەمی غازی لە ئێران دروست كردوە بەجۆرێك پێشبینی دەكرێت كورتهێنانی غاز بگاتە ٣٥٠ ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێكدا.
لەئێستادا بەهۆی ئەو كێشەیەوە بەشێك لە وێستگەكانی كارەبا راوەستاوە و كارگەیەكی زۆریش بەهۆی نەبوونی كارەبای پێویست داخراون.
وتەبێژی كۆمپانیای غازی نیشتیمانی ئێران رایگەیاند بەكارهێنانی غاز بەراورد بە ساڵی رابردوو %١٥ زیادیكردووە و گەیشتووەتە ٨٦٣ ملیۆن مەتر سێجا كە لەو برە ٦٠٣ ملیۆنی بۆ ماڵان و كورتی پیشەسازی و بازرگانی بەكاردێت.
لە پەیامێكی ڤیدیۆیدا مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران داوا لە هاوڵاتیان دەكات بۆ یارمەتیدانی حكومەت لە بەرێوەبەردنی قەیرانی وزە پلەی گەرمی ژورەكانیان دوو پلە كەمبكەنەوە.