ھانز کلوگە بەڕێوەبەری لقی ئەوروپای ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی ڕایگەیاند، بە بێ کوتانی نزیکەی ٧٠٪ی دانیشتوانی جیھان، ئەستەمە ڤایرۆسی کۆرۆنا بنبڕ بکرێت. وتیشی، تا ئێستاش شێوازی خۆپارێزی لە ئەوروپا لاوازە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە، پێویستە ڕێوشوێنی زیاتر بگیرێتەبەر. نیگەرانی خۆشی لە سەرھەڵدانی ڤایرۆسی گۆڕاوی کۆرۆنا لە بەریتانیا و ھیندستان نیشاندا و ھۆشداریدا لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە لە جیھاندا.


بە پێی دوایین ئامار، لە ٥٣ ناوچەی جیاوازی سەر بە کیشوەری ئەوروپا کە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیھانییەوە دیاریکراوە، نزیکەی ٢٦٪ی دانیشتوان، دۆزی یەکەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان پێدراوە، ١٦.٩٪ش ھەردوو دۆزی ڤاکسینەکەیان پێدراوە.


لێدوانەکەی بەڕێوەبەری لقی ئەوروپای ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی لە کاتێکدایە، زۆربەی وڵاتانی جیھان دەیانەوێت بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ ژیان ئاسایی بکەنەوە و لە ماوەیەکی کورتیشدا زۆربەی ھاوڵاتیان، ڤاکسینەکەیان پێبدرێت.


ئەمریکا و بەریتانیاش داوایان لە ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی کردووە، توێژینەوەی زیاتر لە بارەی سەرچاوەی سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکات، داواشیان کردووە ڕێکخراوەکە سەرلەنوێ تیمێک ڕەوانەی چین بکات بۆ ئەو مەبەستە و توێژینەوەکانیش شەفاف بن و دواتر بۆ ڕای گشتی بڵاوبکرێنەوە.


ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانیش جەختیکردووەتەوە، وروژاندنی پرسی سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بە سیاسی کراوە. مایک ڕایان بەڕێوەبەری بەرنامەی باری نائاسایی ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی داوای لە ھەموو لایەک کردووە تا دەکرێت ئەو پرسە ئاوێتەی سیاسەت نەکەن. ئەو لێدوانەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی دوای ئەوە دێت کە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا دەزگای ھەواڵگریی وڵاتەکەی ڕاسپارد لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بکات.