"یونسێف" لەو ڕاپۆرتەدا ھەڵسەنگاندنی بۆ ڕەوشی ٩ وڵات کردووە کە سەرچاوە ئاوییەکانیان کراوەتە ئامانج، ژمارەی ئەو کەسانەشی کە پێویستیان بە ئاوی پاک و چاودێری تەندروستی ھەیە لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و بەشێک لە ئەوروپا بە نزیکەی ٤٨ ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت، کە لە نێویاندا منداڵ ھەیە.


بە پێی ئەو ڕاپۆرتە لە عێراق ١.٨٥ ملیۆن کەس ناتوانن ئاوی خواردنەوەیان دەست بکەوێت و لە چاودێری تەندروستی و ئاوەڕۆی پێویست بێبەشن.


سەبارەت بە یەمەن، لە ماوەی مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٥ تا شوباتی ٢٠٢١، ژێرخانی ئاوی وڵاتەکە ڕووبەڕووی ١٢٢ بۆردوومان بووەتەوە، نزیکەی ١٥.٤ ملیۆن دانیشتووی وڵاتەکەش پێویستی بە پەلەیان بە ئاوی خواردنەوەی پاک ھەیە بە تایبەت کە ھەفتانە ھەزاران منداڵ تووشی کۆلێرا دەبن.


لە ساڵی ٢٠١٩شەوە ٩٥ ھێرش کراوەتە سەر سەرچاوەی ئاو و ئاوەڕۆی فەلەستین، بەھۆیەوە ئێستا زیاتر لە ١.٦ ملیۆن کەس بە بێ گەیشتن بەو پێداویستییە سەرەکییە دەژین. 
سەبارەت بە سوریا، نزیکەی ١٢.٢ ملیۆن کەس بەھۆی ئەو زیانەی بەر وڵاتەکە کەوتووە ناتوانن ئاویان دەستبکەوێت. 

لە خۆرھەڵاتی "ئۆکراین"یش لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٤ ھێرش کراوەتە سەر سەرچاوە ئاوییەکان و لە ساڵی ٢٠١٧ەوە کۆی ھێرشەکان گەیشتووەتە ٣٨٠ ھەروەھا ٣.٢ ملیۆن کەسیش پێویستیان بە خزمەتگوزاری گەیاندنی ئاو و سەرچاوەی تەندروستی ھەیە. 


"یونسێف" داوای کردووە بە پەلە ھاوکاری منداڵان بکرێن کە لەو وڵاتانەن جەنگ و ئاڵۆزییان تێدایە و داوای لە ھەموو لایەنە ناکۆکەکانیش کردووە بە ئامانج کردنی سەرچاوە ئاوییەکان ڕابگرن.