گۆڤاری فۆربسی ئەمریکی لە نوێترین ڕاگەیەندراویدا ئاماژەی بە دابەزینی سامانی (ئیلۆن مەسک)ی سەرۆکی کۆمپانیای تسێلا کردووە بۆ ١٤٥ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار، ئەمەش دوای ئەوەی ئیلۆن مەسک تەنھا لەم ھەفتەیە بەھۆی بیتکۆینەوە بڕی ٢٠ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار زەرەری کرد و پێگەی ئەم گەورە ملیاردێرەی ھێنایە ڕیزبەندی سێھەمی دەوڵەمەندەکانی جیھانەوە.


لە نوێترین پێشھاتیشدا، ئیلۆن مەسک بڕیاریدا فرۆشتنی ئۆتۆمبیلی کارەبایی تسێلا بە بەتکۆین بوەستێنێت کە گومان دەکرا بە ئامانجی ساغکردنەوەی بتکۆینەکانی بێت.


ھاوکات دەنگۆی فرۆشتنی بیتکۆینەکانی کۆمپانیای تسێلا ھێندەی تر نرخی بیتکۆینی لە بازاڕەکانی جیھاندا نابوت تر کرد، کار گەیشتە ئەوەی ئیلۆن مەسک لە بڵاوکراوەیەکی تویتەرەکەیدا دەنگۆی فرۆشتنی بیتکۆینەکانی تسێلا ڕەتبکاتەوە کە بەھایان زیاتر لە ١ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە.


بەڵام ئەم پەیامەی سەرۆکی کۆمپانیای تسێلا بەری نەگرت بە دابەزینی نرخی بیتکۆین و جارێکی دیکە بە ڕێژەی ٨٪ نرخەکەی دابەزی و لە ٤٥ ھەزار و ٥٠٠ دۆلار لەنگەری گرت.


دراوی گریمانەیی بیتکۆین لە ساڵی ٢٠٠٨ لەلایەن (ساتوشی ناکامۆتۆ)ەوە خرایەڕوو، لە سەرەتادا بیتکۆینێک تەنھا بە ٧ سەنت بوو، بەڵام سەرەتای ئەمساڵ بەھۆی پشتگیری ئیلۆن مەسک خاوەنی کۆمپانیای تسێلا نرخی یەک بیتکۆین سەر و ٦٢ ھەزار و ٥٠٠ دۆلاری تۆمار کرد، بەڵام لە ئێستا نرخی یەک بیتکۆین لەچاو دوو مانگی ڕابردووەوە زیاتر لە ٢٢ ھەزار دۆلار دابەزیوە.