گۆڤاری "نیوزویک"ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا، پەردەی لەسەر بابەتێکی نھێنی و ھەستیاری وڵاتەکەی ھەڵدایەوە و ئاماژەی بەوەکرد، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ناسراو بە "پنتاگۆن"، لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا گەورەترین ھێزی نھێنی دروستکردووە، کە تا ئێستا جیھان بە خۆیەوە بینیوویەتی، ھێزەکە لە ٦٠ ھەزار کەس پێکھاتووە و زۆرینەیان بە ناسنامەی شاراوەوە کاری تێدا دەکەن.


بە پێی ڕاپۆرتەکە ئەم ھێزە نھێنییە بەسەر سێ گروپدا دابەشبوون، بەشێکیان کە نزیکەی ٣٠ ھەزار کەسن، ئەرکی نھێنی جۆراوجۆر لە سەرتاسەری جیھاندا بەجێدەھێنن و بەشێکی تریان پسپۆڕی ھەواڵگرین و بەشی سێیەمیش ئەو پسپۆڕە ئەلکترۆنیانەن، کە شارەزای ھێرشی ئەلکترۆنی و وەڵامدانەوەی ھێرشی ئەلکترۆنین و زۆرینەیان لە ناوخۆی ئەمریکا کار دەکەن.


گۆڤارەکە نوسیوویەتی، پنتاگۆن کار لەسەر پەرەپێدانی یەکە سەربازییە نھێنییەکان دەکات، بە ئامانجی کەمکردنەوەی چالاکییەکانی لە ئاستی نێودەوڵەتی، ئەم ھێزە نھێنییە ١٠ ھێندە لە دامەزراوەی ھەواڵگری ناوەندی "سی ئای ئەی" گەورەترە، خەرجی ساڵانەیان دەگاتە نزیکەی ٩٠٠ ملیۆن دۆلار و ئەرکەکانیان لە ناوەوە و دەرەوەی سنوورەکانی ئەمریکایە و لە بەرگی کەسانی سەربازیی و مەدەنی و لەسەر تۆڕەکانی ئینتەرنێت سەرقاڵی چالاکیین.


بە پێی ڕیزبەندییەکانی ماڵپەڕی "گڵۆباڵ فایەر پاوەر"ی ئەمریکی، سوپای ئەمریکا بەھێزترین سوپایە لە جیھاندا و لە ١٣ بەش پێکدێت و بە ھەموویان ژمارەیان دەگاتە یەک ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار کەس، لە ساڵی ١٧٧٥ەوە دامەزراوە.