چاودێرانی سیاسی لە ڕووسیا دەڵێن وابڕیارە ئەو دیدارەی نێوان پوتین و بایدن لە ناوەڕاستی مانگی تەموزی داھاتوو، ڕاستەوخۆ دوای کۆبوونەوەی باڵای حەوت وڵاتە پیشەسازیە گەورەکەی جیھان، جی ٧ لە بەریتانیا و کۆبوونەوەی نێوان ڕووسیا و پەیمانی ناتۆ لە برۆکسل بەڕێوەبچێت.


ھەروەھا شارەزایانی کاروباری نێودەوڵەتی پێیان وایە ئەو دیدارە پێویستە بۆ وڵاتانی ئەوروپا تا سیاسەتەکانی خۆیان بە جۆرێک ھاوئاھەنگ بکەن کە لە ئاست چاوەڕوانیەکانی ئەمریکادا بێت. زۆربەشیان پێشبینی دەکەن ئەو دیدارەی نێوان پوتین و بایدن لە شاری باکۆی پایتەختی ئازەربایجان ڕێکبخرێت، لە کاتێکدا کاربەدەستانی ئازەربایجان پێداگری دەکەن میوانداریکردنی دیدارەکە لە پێناو پتەوکردنی پێگەی وڵاتەکەیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی، بە تایبەت دوای جەنگی ھەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغ.


ھەرچەندە وردەکاریی ئەو دیدارەی نێوانیان ھێشتا ڕوون نیە، بەڵام بە بۆچوونی ئەو پسپۆڕە ڕووسیە ھەردوولا چەندین پرسی پەیوەست بە ئاسایشی نێودەوڵەتی تاووتوێ دەکەن، لە کاتێکدا ئامانجی سەرەکیی دیدارەکە دۆزینەوەی خاڵی ھاوبەشە بۆ کارکردن لەسەر کۆی پرسەکان، بە تایبەت ئەو پرسانەی کە تیایدا بەرژەوەندیەکانی مۆسکۆ و واشنتۆن و یەکێتیی ئەوروپا یەکتر دەبڕن.


سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەو بارەیەوە وتوویەتی مۆسکۆ چاوەڕوانی وەڵامە لە واشنتۆنەوە سەبارەت بەو دیدارە چاوەڕوانکراوە لە نێوان ھەردوو سەرۆکدا و ئاماژەی بەوەشکردووە ڕووسیا بە ئەرێنی لەو دیدارە دەڕوانێت بەڵام ھێشتا زۆر لایەنی ئەو دیدارە بەنادیاری ماوەتەوە.


لە ماوەی ڕابردوودا ئەمریکا چەندین سزای تری بەسەر ڕووسیادا سەپاند، وەک کاردانەوەیەکیش بەرامبەر بەو ھەنگاوەی ئەمریکا، ڕووسیاش ڕێوشوێنی تۆڵەکردنەوەی بەرامبەر بە ئەمریکا گرتەبەر کە ڕەنگە ئاستەنگ بۆ کاری دیپلۆماتکارانی ئەمریکا لە ڕووسیا دروست بکات.