لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش سعودیە و لوبنان و جەزائیر و لیبیا لە یەکەم تا چوارەمی ڕیزبەندی وڵاتانی عەرەبیان گرتووە و عێراقیش پلەی پێنجەمی ڕیزبەندییەکەی گرتووە لە بوونی زۆرترین یەدەگی زێڕدا و خاوەنی ٩٦ تۆن و ٣٠٠ کیلۆگرامە.


لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی جیھانی زێڕدا ھاتووە، ئەمریکا زۆرترین یەدەگی زێڕی ھەیە لەسەر ئاستی جیھان بە ٨ ھەزار تۆن و ١٣٣ کیلۆگرام لە ڕیزبەندی یەکەمی وڵاتاندایە، ئەڵمانیاش بە ٣ ھەزار تۆن و ٣٦٢ کیلۆگرام لە پلەی دووەمدا ماوەتەوە.


لەسەر ئاستی جیھانیش خواست لەسەر ئەم کانزا زەردە ڕووی لە ھەڵکشان کردووە، بە جۆرێک تەنھا لە ٤ مانگی ئەمساڵ خواست لەسەر زێڕ بە ڕێژەی ٥٢٪ ھەڵکشاوە، تەنھا لەم چارەکەی یەکەمی ئەمساڵدا چین ١٩١ ھەزار و ١٠٠ کیلۆ زێڕی کڕیوە، ھندستان وێڕای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و نەبوونی پێداویستییە تەندروستییەکان، لە پلەی دووەمی وڵاتانی کڕیارانی زێڕدایە بە ١٠٢ ھەزار و ٥٠٠ کیلۆ و ئەمریکاش ٢٤ ھەزار و ٣٠٠ کیلۆ زێڕی لەم چوارمانگەی سەرەتای ٢٠٢١دا کڕیووە.


بانکی ناوەندی عێراق کە لە کۆتایی ٢٠٢٠ چاوەڕێی مایەپووچبوونی لێدەکرا بەھۆی قەیرانە یەک لە دوایەکەکان، لە تازەترین ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی جیھانی زێڕدا ھاتووە، بانکی ناوەندی عێراق توانیویەتی بەرگری لە ڕیزبەندی خۆی بکات لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەی زۆرترین یەدەگی زێڕیان ھەیە و، لە پلەی ٣٨ھەمینی جیھان و پێنجەمی وڵاتانی عەرەبیدایە لە بوونی زۆرترین یەدەگی زێڕدا و خاوەنی ٩٦ تۆن و ٣٠٠ کیلۆگرامە.