ئەو کەمپانەی لە دورگەکانی یۆنان بۆ پێشوازی کردن لە کۆچبەرانی نایاسایی تایبەت کرابوون، بە بوونی قەرەباڵغییەکی زۆر و نەبوونی سادەترین پێویستی ڕۆژانە بۆ مرۆڤ دەناسرانەوە و ناوبانگێکی خراپیان ھەبوو.


ئێستا ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لەو دوورگانە ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە، بە شێوەیەک تا کۆتاییەکانی مانگی نیسانی ڕابردوو، ژمارەی ئەو کۆچبەرانە لە دورگەکانی "لیسبۆس و خیوس و کوس و لیروس" بوون بۆ نزیکەی ١١ ھەزار و ٢٠٠ کەس دابەزیوە، کە لە ھەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو ژمارەیان ٤٠ ھەزار کەس دەبوو.


ھۆکاری کەمبوونەوەی کۆچبەران دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، حکومەتی یۆنان کارمەندی زیاتری دامەزراندووە بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی کۆچبەران و ھەروەھا ھەزاران کۆچبەریش بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا گوێزراونەتەوە، کە زۆربەی ئەو کۆچبەرانە ھەرزەکاری بێ سەرپەرشت بوون و کێشەی تەندروستیان ھەبووە. 


ھاوکات یۆنان چاودێری کردنی سنورەکانی لەگەڵ تورکیا چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەش ڕووبەڕووی ڕەخنەی ڕێکخراوە مرۆییەکان بووەتەوە، ئەو ڕێکخراوانە پێیانوایە یۆنان ھەڵمەتی نایاسایی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆچبەران ئەنجام دەدات، بەڵام حکومەتی "ئەسینا" ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردووەتەوە.


بە پێی ئامارێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی یۆنان، لە ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە ڕێی تورکیاوە گەیشتوونەتە دورگەکانی وڵاتەکە نزیکەی ٩ ھەزار و ٧٠٠ کەس بووە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٩ ژمارەیان ٥٩ ھەزار و ٧٠٠ کەس بووە.