لە ئاماژەیەکدا بۆ شکستھێنانی سیاسەتەکانی ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆچبەران، ھەڵمەتەکانی دەستگیرکردنی کۆچبەرانی نایاسایی لەسەر سنوری نێوان ئەمریکا و مەکسیک زیادی کردووە.


لەگەڵ گەیشتنی "جۆو بایدن" بە دەسەڵات، کۆچبەران بە نیازبوون سود وەربگرن لە سیاسەت و ئاسانکارییەکەی ئیدارەکەی "بایدن" بۆ گەیشتن بە ناو خاکی ئەمریکا، بە پێی ئامارە ڕەسمییەکانیش کە لێپرسراوانی سنوری ئەمریکا بڵاویانکردووەتەوە، لە مانگی نیسانی ڕابردوو ١٧٨ ھەزار و ٦٢٢ کەس کە ھیچ دۆکیۆمێنتێکی ڕەسمی و پێویستیان پێ نەبوو، ڕێگەیان پێنەدراوە بێنە خاکی وڵاتەکەوە، ئەو ژمارەیەش ٥ ھەزار کەس بەراورد بە مانگی ئاداری ڕابردوو زیادی کردووە.


ھاوکات ئەو ژمارەیە ١٠ ھێندە زیاترە لە ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە ھەمان مانگی ساڵی ٢٠٢٠ ڕوویان لەو سنورە کردووە. 


ژمارەی ئەو کەسە باڵغانەشی ھەوڵی گەیشتنیان بە ئەمریکا داوە لە سنورەکانی باشور و خۆرئاواوە، بە ڕێژەی ١٠٪ بەراورد بە مانگی ئاداری ڕابردوو بەرزبووەتەوە، کە دەکاتە تێکڕای ١١ ھەزار و ٣٠١ کەس. 


لە بەرامبەردا ژمارەی ئەو خێزانانەی لەگەڵ منداڵەکانیان ڕوو لەو سنورە دەکەن لە مانگی ڕابردوو، ٥٠ ھەزار کەس بووە و ژمارەکە بە ڕێژەی ٨٪ دابەزیوە، کە زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی لە سنوری مەکسیکەوە ڕوو دەکەنە ئەمریکا خەڵکی "مەکسیک و گواتیمالا و ھندۆراس و سلڤادۆر"ن.


لەسەر ئاستی ئەمریکاش و بە پێی نوێترین ڕاپرسی زۆرینەی ئەمریکییەکان لە سیاسەتی کۆچی "بایدن" ڕازی نین و نیگەرانیان دەربڕیوە.