"جۆو بایدن" سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتای ئەم مانگەوە کشانەوەی ھێزەکانی وڵاتەکەی و کۆتاییھاتنی جەنگی لە "ئەفغانستان" ڕاگەیاند، بە پێی ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ئێستا ئەمریکا بەدوای شوێنێکدا دەگەڕێت کە ئەو ھێزانەی تێدا جێگیر بکات و وەک بژاردەش وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و نزیک سنورەکانی ڕووسیا لە بەردەم ئەمریکادان.


بە پێی ئەو ڕۆژنامەیە، ئەمریکا پێویستی بە بنکەی سەربازی ھەیە نەک تەنھا بۆ لەخۆگرتنی سەربازەکان بەڵکو بۆ جێگیرکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ھاوەن و مووشەکھاوێژ، ئەوەش لە پێناو پشتیوانی کردنی حکومەتی "کابول" لە ڕووبەڕووبوونەوەی بزووتنەوەی "تاڵیبان"دا. 


لە ئێستاشدا "پنتاگۆن" پێیوایە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و وڵاتانی کەنداوی نزیک لە ئەفغانستان باشترین شوێنن بۆ جێگیرکردنی ھێزە کشانەوەکانی لە ئەفغانستان و دانانی کەشتیگەلەکانی لەو ناوچانە لە داھاتوودا. 


ژمارەیەک لە سەربازان و نوێنەرانی ئیدارەی ئەمریکاش پێیانوایە، "ئۆزباکستان و تاجیکستان" لە باشترین شوێنەکانن بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو ھێزانە، بەڵام بڵاوکردنەوەیان لەو دوو وڵاتە قورسی و ئاڵۆزی خۆی ھەیە چونکە ھێزێکی سەربازی زۆری ڕووسیا لە ناوچەکە بوونی ھەیە و ھەژموونی "چین"یش لەوێ زیادی کردووە، ئەوەش پەیوەندییەکانی ئەو سێ وڵاتە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەبات.


لە ماوەی ڕابردووشدا "سێرگی شوەیگۆ" وەزیری بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، ئەمریکا و ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" ھێزەکانیان بەرەو سنوری بەشی ئەوروپی لە ڕووسیا ڕەوانە دەکەن و تەرکیزیان لەسەر ناوچەکانی "دەریای ڕەش و بەڵتیق"ە.


وتیشی، ساڵانە ناتۆ لە ئەوروپا نزیکەی ٤٠ چالاکی ڕاھێنان و مانۆڕی سەربازی گەورە لە دژی "ڕووسیا" ڕێکدەخات، ڕووسیاش بێ وەڵام نابێت لە بەرامبەر جمۆجۆڵەکانی ناتۆ و ئەمریکا و چاودێری ڕەوشەکە دەکەن.