ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز دەڵێت، ڕێگایەکی دوور و درێژیان لە بەردەمە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، لە بارەی کاریگەری ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێرانیش لەسەر دانوستانەکانی ڤییەننا دەڵێت، خاوەن بڕیار لە ئێران عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای شۆرشی ئێرانە، ھەر بۆیە پێی وانیە ھەڵبژاردن ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر دانوستانەکان ھەبێت، بلینکن دانوستانەکانی ڤییەننا بە جددی ناو دەبات بەڵام پێشی وایە ھێشتا ڕێگەیەکی دوور و درێژیان لە بەردەمدایە.


ئیدارەکەی بایدن ئێستا فشارێکی زۆری لەسەرە بۆ ئەوەی بە تەواوی سزاکانی سەر ئێران ھەڵنەگرێت، ژمارەیەک لە کۆمارییەکانی کۆنگرێس نامەیەکیان ئاڕاستەی ئەنتۆنی بلینکن کردووە و داوایان کردووە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بەردەوام بێت لە چاودێریکردنی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران و لێکۆڵینەوە لە وێستگە ئەتۆمییەکانی، کۆمارییەکان لەو نامەیەدا دەڵێن، گەیشتنی نوێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە بۆ ئەو ناوچانە نابێت بکرێتە جێی گفتوگۆ.


داواشیان کردووە ستراتیژییەتی ئیدارەی ئەمریکا تا ٧ی ئەم مانگە لە بارەی ئەتۆمی ئێرانەوە ڕوونبکرێتەوە، کۆمارییەکان پێشیان وایە ھەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران و گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە بە بێ بەرامبەر مەترسیدار دەبێت.


سەرباری ئەم فشارانە، ئێران پێی وایە ئەمریکا نیازی ھەڵگرتنی سزاکانی ھەیە کە تاران کردوویەتیە مەرجی بەردەوامیی دانوستانەکانی ڤییەننا، سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئەمریکا نیازی لادانی گەماڕۆکانی سەر ئێرانی نەبوایە ئەوە تا ئێستا دانوستانەکان بەردەوام نەدەبوون و دەگەیشتنە بنبەست، بەڵام ناشیشارێتەوە کە ناکۆکییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن لە ڤییەننا کەم نین.


حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی ئێرانیش دەڵێت، ئێران دەستبەرداری داواکاریی و مافەکانی نابێت لە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا و واشنتۆنیش دەزانێت ھیچ بژاردەیەکی نیە جگە لە پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکە، بە وتەی ڕۆحانی دانوستانەکانی ڤییەننا بە ئاڕاستەیەکی ڕاستدا دەڕۆن و سزاکانی ئەمریکاش لە شکستی کۆتایی نزیک دەبێتەوە.