بەپێی دوایین راپرسی ترەمپ پێش هاریس كەوتووە لە ویلایەتە یەكلاكەرەوەكاندا
یەحیا
٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٩٤
زیاتر لە ٧٧ ملیۆن دەنگدەری ئەمریكی لە دەنگدانی پێش وەختە دەنگی خۆیاندا، ئەوەش لەكۆی ٢٤٢ ملیۆن دەنگدەر كە لەم هەڵبژاردنەدا مافی دەنگدانیان هەیە، لە ئێستاشەوە دۆناڵد ترەمپیش هەڕەشەی رەتكردنەوەی ئەنجامەكان دەكات.
رۆژی سێشەممە ٥ی تشرینی دووەم هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و ناوخۆیی و نوێنەران و پیرانی ئەمریكا لە ٥٠ ویلایەت بەڕێوەدەچێت، ئەوەش بۆ بەدەستهێنانی ٥٣٤ كورسی كۆنگرێس كە دواجار بڕیار لەسەر براوەی كۆشكی سپی دەدەن.
شەوی یەكشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا و ركابەری كامالا هاریس كاندیدی دیموكراتەكان، لەنێو ئاپۆرای لایەنگرانیدا لە شاری ماكۆن لە جۆرجیا وتارێكی ئاگرینی پێشكەش كرد و جەختی لەوەكردەوە، دیموكراتەكان هەوڵی شێواندنی پرۆسەكە دەدەن.
هاوڵاتییەکی ئەمریکی: ئەمە هەڵبژاردنێكە لەنێوان ئەوەی كە ئایا چوار ساڵی دیكەمان دەبێت لە بێتوانایی و شكستی گەورە یان ئایا دەستدەكەین بە چوار گەورەترین ساڵی مێژووی وڵاتەكەمان، دیموكراتەكان زۆر شەڕدەكەن بۆ دزینی دەنگەكانتان و دەستكاری ئامێرەكانی دەنگدان دەكرێت، چارەنووسی میللەتەكەمان لە دەستی ئێوەدایە، دەبێت سێشەممە راپەڕن، هەرچی بێت نەدەبوو ساڵی ٢٠٢١ كۆشكی سپی بەجێبهێڵم، هەرگیز دانم بە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە نەداوە، ئێمە لە مێژووی وڵاتەكەماندا پارێزراوترین سنوورمان هەبوو كاتێك من جێمهێشت، ئێمە باشترین ئابووریمان هەبوو.
ترەمپ لە ئێستاوە ئاماژە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكە دەدات ئەگەر هات و سەركەوتنی بەسەر هاریس بەدەستنەهێنا، هاوشێوەی ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو لەلایەن لایەنگرانییەوە بینای كۆنگرێس كۆنترۆڵكرا.
هەرچی كامالا هاریس كاندیدی دیموكراتەكانە، لە ویلایەتی مەشیگان كە دەنگدەرێكی گەورەی عەرەبی ئەمریكی لێیە، بەڵێنی كۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە كرد.
کامالا هاریس: وەك سەرۆك بەڵێندەدەم كۆتایی بە شەڕ بهێنم لە غەززە، نەوەی نوێ سەركردایەتی ئەمریكا دەكات، توندوتیژییەكانی ترەمپ خزمەت بە بانگەشەكەی ئێمە دەكات، بەڵێنتان پێدەدەم ئەگەر ئاماژەی روون نەبێت بۆ سەركەوتنی ترەمپ لە پرۆسەی هەڵبژاردن، هەڵوێستی خۆم رووندەكەمەوە، رەنگە بۆ چەند رۆژێك ئەنجامەكان دوابكەوێت لەمكاتەدا.
دۆناڵد ترەمپ سات بە سات توندتر دەردەكەوێت لە وتارەكانیدا كە پێدەچێت ئاماژە بە هەوڵێكی نوێ بكات بۆ سەرپێچیكردن لە ئیرادەی دەنگدەران ئەگەر دۆڕا.
دوایین ڕاپرسی دامەزراوەی ئەتڵەس كە یەكێك بوو لە وردترین راپرسییەكانی هەڵبژاردنی پێشوو، دەریخستووە كە ترەمپ پێش هاریس كەوتووە لە هەر حەوت ویلایەتە خۆڵەمێشەكە كە بریتیین لە ئەریزۆنا، مەشیگان، كارۆلینای باكوور، ویسكەنسن، جۆرجیا، نیڤادا و پێنسیلڤانیا، لەكاتێكدا تێكڕای ڕاپرسییەكانی ماڵپەڕەكە ئاماژەیان بەوە كردووە كە هاریس لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكادا لەسەر ئاستی نیشتمانی تەنیا بە یەك خاڵ لە پێشە.
هەرچەندە لە هەر پەنجا ویلایەتەكەی ئەمریكا هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، بەڵام سەرنج تەنها لەسەر حەوت ویلایەتە كە پێیان دەوترێت ویلایەتی خۆڵەمێشی یان یەكلانەبوەوە، ئەمانە ئەو ویلایەتانەن كە هیچ كام لە كاندیدەكان زۆرینەی رەهایان نییە هاوشێوەی ئەوانیتر كە ٨٠ كورسی كۆنگرێسیان هەیە، لەكاتێكدا زیاتر لە 40 ویلایەت هەیە كە لەئێستاوە یەكلاییكراوەتەوە بۆ هاریس یان ترەمپ، لەوانەش، كالیفۆرنیا كە بە ویلایەتی شینی دیموكراتەكان ناسراوە و تەكساسیش بە ویلایەتی سوری كۆمارییەكان.