بەھۆی زیادبوونی مەترسییەکانەوە لەسەر ژیانی زیلینسکی، لە ئێستادا ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی گفتوگۆ لەسەر دیاریکردنی جێگرەوەیەک دەکەن بۆی، ئەگەر لەلایەن ڕووسیاوە کوژرا یان دەستگیرکرا.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری لێپرسراوانی چەند حکومەتێکی ئەوروپاوە بڵاویکردەوە، بە پلەی یەکەم مەترسیی ھەیە لە بەردەوامبوونی مانەوەی حکومەتێکی ئۆکراینی سەربەخۆ بە شێوەیەک لە شێوەکان، تەنانەت ئەگەر ڕووسیا بشتوانێت سەرکردایەتیەکی نزیک لە خۆی لە کیێڤ دابمەزرێنێت.

لێپرسراوە خۆرئاواییەکان دەڵێن، دانپێدانان بە سەرکردەیەکی سەربەخۆ لەلایەن ئەوانەوە، ڕێگر دەبێت لەوەی ھیچ سەرکردەیەکی نزیک لە ڕووسیا شەرعیەتی ھاوڵاتیانی ئۆکراین بەدەست بھێنێت لە داھاتوودا. بوونی زیلینسکی و گوتارە بەردەوامەکانی بۆ ھاوڵاتیان و وڵاتانی دەرەوە، بە یەکێک لە ھۆکارە ھەرە سەرەکییەکان دادەنرێت، بۆ ھێشتنەوەی ڕۆحی بەرەنگاربوونەوەی ڕووسیا لە لایەن سوپا و گەلی ئۆکراینەوە.

لە ئێستاشدا خۆرئاواییەکان کار لەسەر جێگرەوەیەک بۆ زیلینسکی دەکەن، لە کاتێکدا ئەو بابەتە لە دەستوری ئۆکراین ڕوون نییە و ھێشتا خۆشی بەڵێنی مانەوەی داوە لە ناوخۆی وڵاتەکەی. سەرباری ئەوەی چەند ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی باس لەوە دەکەن، خۆرئاوا پێشنیازیان بۆ زیلینسکی کردووە، لە کاتی مەترسیداردا ھێزی تایبەت ئامادە کراوە بۆ گواستنەوەی بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی، بەڵام نیویۆرک تایمز دەڵێت، لێپرسراوە ئەمریکییەکان ڕەتیدەکەنەوە ھیچ پێشنیازێکی وایان بۆ زیلینسکی کردبێت، بەڵکو مانەوە و بەرەنگاربوونەوەی سوپای ڕووسیا بە گرنگ دەزانن.

ڕۆژنامەکە باس لەوەش دەکات، کۆمەکە سەربازیی و ئابورییە بەردەوامەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ زیلینسکی و ئۆکراین، بەڵگەن لەسەر ئەوەی خۆرئاوا پلان بۆ جێگرەوەی زیلنسیکی دادەنێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کۆمەکە و پشتیوانییە گشتییە لە کیێڤ، زۆر ئاسانترە لە بوونی حکومەتێکی کارا لە خۆرئاوای ئۆکراین، یان حکومەتێکی مەنفا، کە لە پۆڵەندا یان ڕۆمانیا بێت.

ھەفتەی ڕابردووش گفتوگۆ چڕوپڕە داخراوەکانی کۆشکی سپی و کۆنگرێس، تایبەت بووە بە چۆنیەتی ھاوکاریکردنی ئۆکراین، ئەگەر ڕووسیا شاری کیێڤی پایتەختی ئۆکراینی کۆنترۆڵکرد.