ھەفتەی ڕابردوو باران بارینی بەخوڕ و دروستبوونی لافاوی وێرانکەر لە چەند ناوچەیەکی خۆرئاوای ئەوروپا بە تایبەت ئەڵمانیا سەدان قوربانی لێکەوتەوە و ھەزارانی تریش تا ئێستا بێسەروشوێنن، لە ھەمانکاتیشدا وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا کە ساردترین ناوچەی باکوری ئەوروپان بەدەست بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە دەناڵێنن.


لە ماوەی ڕابردووشدا کەوتنەوەی ئاگر لە خۆرئاوای ئەمریکا و کەنەدا سوتانی ڕووبەرێکی زۆری دارستانی لێکەوتەوە و  بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماش لە کەنەدا ھەزاران کەسی بوونە قوربانی.
لە دواین کارەساتی سروشتیدا، لە وڵاتی چین، ١٢ کەس بەھۆی باران بارین و دروستبوونی لافاو گیانیان لە دەستدا و ٢٠٠ ھەزار کەسیش ماڵ و حاڵی خۆیان جێھێشت.


دەستەی کەشناسی شاری چینگ چوی چین بڵاویکردەوە، بەرزترین تێکڕای باران بارینی ڕۆژانە تۆمارکراوە کە لە ٦٠ ساڵی ڕابردوودا ھاوشێوەی نەبووە. ھەرچەندە بارانبارینی وەرزی لە چین ھەیە، بەڵام شارەزایانی کەشناسی دەڵێن گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا بووەتە مایەی زیادبوونی دیاردەی کەشی سەخت.

 

ئەو ھۆکارانەی بوونەتە مایەی گۆڕانی کەشوھەوا، دیارترینیان قەتیسبوونی گەرمایە لە دەرئەنجامی پیسبوون و دەردانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە کارگە و فرۆکە و ئۆتۆمبێل.


ئاژانسی کەشناسی ئەوروپا ئاشکرایکردووە، ئەو باران بارینە بەخوڕەی خۆرئاوای ئەڵمانیای گرتەوە لە دیارترین  نیشانەکانی تێکچوونی کەشوھەوایە کە لە دەرئەنجامی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمایە.
زانایانیش ھۆکارەکە دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی بەرگە ھەوای زەوی زۆر فێنک بووە کە دەتوانێت شێیەکی زۆر کۆبکاتەوە و ببێتە مایەی باران بارینی بەخوڕ.


بە پێی توێژینەوەکانیش ناوچەکانی چین و ھندستان و ئەوروپا و باکوری خۆرھەڵاتی ئەمریکا لەو ناوچانەن زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و ساڵانەش نزیکەی نۆ ملیۆن کەس گیان لە دەستدەدەن کە پێشبینی دەکرێت ھۆمارەکەی خەڵوزی بەردین بێت.


ھەرچەندە ڕێککەوتنامەی پاریسی تایبەت بە کەشوھەوا لە ساڵی ٢٠١٥ەوە ئیمزاکراوە بەڵام تا ئێستا وڵاتە پیشەسازییە گەورەکانی جیھان پابەند نین بە کەمکردنەوەی گازە ژەھراوییەکان و کەمکردنەوەی ئەو چالاکییانەی دەبنە مایەی پیسکردنی ژینگە.