پێشتر ئەدھانۆم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکردبوو، قۆناغی یەکەمی لێکۆڵینەوەکان ھیچ ئەنجامێکی رازیکەری نەبووە و زانیارییە ناتەواوەکان لەبارەی ھۆکار و چۆنیەتی سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە رۆژانی سەرەتای بڵاوبوونەوەیدا، زیانی بە لێکۆڵینەوەکان گەیاندووە.

راشیگەیاندبوو، تیمەکانیان پێویستیان بە زانیاری ورد و راستەوخۆ ھەیە دەربارەی شێوازی چالاکیی تاقیگەی وھان لەکاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و پێش سەرھەڵدانی ڤایرۆسەکە، ئەگەر زانیاری تەواویان لەوبارەیەوە دەستکەوت، کۆتایی بە لێکۆڵینەوە لە تاقیگەکە دەھێنن.

بەھاری ئەمساڵ، رێکخراوی تەندروستی جیھانی، تیمێکی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆزینەوەی سەرچاوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا رەوانەی شاری ووھانی چین کرد و پاش نزیکەی مانگێک لە لێکۆڵینەوە لەگەڵ تیمێکی چینی، لە راپۆرتێکی ھاوبەشدا رایانگەیاند، دەنگۆی سەرھەڵدانی ڤایرۆسەکە لە تاقیگەی ووھانەوە، دوورە لە راستییەوە و ئەگەری زۆرە ڤایرۆسەکە لە شەمشەمەکوێرەوە گوازرابێتەوە بۆ مرۆڤ.

دواتر بەشێک لە وڵاتان لەوانەش ئەمریکا داوای لێکۆڵینەوەی زیاتریان لە سەرەتای سەرھەڵدانی کۆرۆنا لە چین و ھەڵسوکەوتی تاقیگەی ڤایرۆس ناسی شاری ووھان کرد، کە ھاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، توێژینەوەی لەسەر شەمشەمەکوێرە دەکرد.

بەپێی ھەندێک لە راپۆرتەکانیش، ئێستا رێکخراوی تەندروستی جیھانی داوای لێکۆڵینەوەی زیاتر لە ھۆکار و چۆنیەتی سەرھەڵدانی کۆرۆنای نوێ تەنھا لە چین دەکات و بەدیاریکراویش جەخت لە بەدواداچوون بۆ شێوازی کارکردنی تاقیگەی وھان دەکاتەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکاش بەردەوام کۆرۆنای بە دروستکراوی چین لە قەڵەم دەدا و تەنانەت لە لێدوانەکاشیدا بە ڤایرۆسە چینییەکە وەسفی دەکرد، دەسەڵاتدارانی چینیش بەردەوام ئەو تۆمەتەیان رەتکردووەتەوە.