ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و گۆڕانکاری کەش و ھەوا و ئابوری جیھان ئەو تەوەرانە دەبن کە "مێرکڵ و بایدن" تاوتوێی دەکەن، بڕیاریشە ناکۆکییەکانیان لەسەر گواستنەوەی غازی ڕووسی بۆ ئەوروپا چارەسەر بکەن.


ئەم سەردانەی "مێرکڵ" پێدەچێت دوایین سەردانی بێت بۆ وڵاتان وەک ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، بە تایبەت کە بە نیازە دەستبەرداری پۆستەکەی بێت و لە مانگی ئەیلولی داھاتوو کۆتایی بە دەسەڵاتی دێت. 


"مێرکڵ" کە ڕۆژی شەممە تەمەنی دەبێتە ٦٧ ساڵ، ١٦ ساڵە ڕاوێژکاری ئەڵمانیایە و لە دووەمین خولی سەرۆکایەتی "جۆرج بۆش" ھاتووەتە سەر دەسەڵات و ھەر زوو پەیوەندییەکی باشی لە سەردەمی ئەو سەرۆکە لەگەڵ "واشنتۆن" دروست کرد، ھەردووکیشیان لە ئەڵمانیا و ئەمریکا چەندین جار یەکیان بینیوە.


لە سەردەمی دەسەڵاتی "باراک ئۆباما"دا، پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا و ئەمریکا لە باشترین ئاستدا بوون، بەڵام دوای سەرھەڵدانی دۆسیەی سیخوڕیکردنی ئەمریکا بەسەر مۆبایلەکەیەوە، "مێرکڵ" لە پەیوەندییەکدا بە "ئۆباما"ی ڕاگەیاندبوو سیخوڕیکردن بەسەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانییەوە لەلایەن ھاوڕێکانییەوە بە ھەموو شێوەیەک ڕەتدەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بابەتە نەبووە ھۆکارێک بۆ تێکدانی پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە.


بەڵام ئەو پەیوەندییە لەگەڵ ھاتنی "دۆناڵد تڕەمپ" بۆ سەر کورسی دەسەڵات لە ساڵی ٢٠١٦، ئاڵۆزی زۆری تێکەوت. یەکەم بینینی "مێرکڵ" و "تڕەمپ"یش لە کۆشکی سپی لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٧ چەندین ڕووداوی نەخوازراو ڕوویدا و "تڕەمپ" ڕەتیکردەوە تەوقە لەگەڵ "مێرکڵ" بکات. ھاوکات "تڕەمپ" لە ٤ ساڵی دەسەڵاتیدا نەچووەتە "ئەڵمانیا".


"مێرکڵ" لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار چاوی بە "بایدن" وەک جێگری سەرۆک کەوتووە، بەڵام ئەم سەردانەی سەرەتایەک دەبێت بۆ بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکانیان دوای دەسەڵاتی "تڕەمپ"، بڕیاریشە لەلایەن زانکۆی "جۆنز ھۆبکنز"ەوە بڕوانامەی دکتۆرای فەخری پێببەخشرێت.