ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، کە بارەگاکەی لە شاری ژنێڤی سویسرایە و ١٥١ وڵاتی جیھان تێیدا ئەندامن، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەمساڵ ئاماری گیان لە دەستدانی کۆچبەران لە ڕێگەی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا زیادیکردووە و دوو ھێندەی ساڵی ڕابردووە، بە جۆرێک لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ھەزار و ١٤٦ کۆچبەر لە کاتی ھەوڵی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا لە دەریادا خنکاون، لە کاتێکدا لە ھەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو ٥١٣ کۆچبەر خنکاون، ژمارەکە لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩شدا ٦٧٤ کەس بووە.


ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، نیگەرانی خۆی لە زیادبوونی ئامارەکان دەربڕیووە و ئاماژەی بەوەکردووە، زیادبوونی خنکانی کۆچبەران لە کاتێکدایە ھێزی پاسەوانی سنوورە ئاوییەکان چالاکییەکانیان زیادکردووە بە تایبەت لە سنوورە ئاوییەکانی لیبیا، چونکە ئەو وڵاتە دەروازەیەکی سەرەکیە بۆ چوونی کۆچبەران لە وڵاتانی ئەفریقاوە بۆ ئەوروپا.


ڕێکخراوەکە داواشی لە کۆمەڵەی نێودەوڵەتی کردووە، ڕێکاری بە پەلە بگرنەبەر بۆ کەمکردنەوەی تراژیدیای کۆچ. 


دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوروپا، حکومەتی بیلاروس ڕێوشوێنەکانی بەرامبەر کۆچبەران کەمکردووەتەوە و کارئاسانییان بۆ دەکات بۆ دەربازبوون لە سنوورەکانی و گەیشتن بە ئەوروپا، ئەوەش قەیرانێکی نوێی لە نێوان ئەوروپا و بیلاروس دروستکردووە.


کۆچبەرانیش ڕەخنەیان لە خراپیی ڕەوشی کەمپەکان ھەیە و نیگەرانن لە مامەڵەی ھێزە ئەمنییەکانی حکومەتی لیتوانیا بەرامبەریان، کەمپەکانیش بە زیندانێک ناودەبەن، کە ھیچ جۆرە خزمەتگوزارییەکی تێدانییە.