بڕیاربوو خولی حەوتەمی دانوستانەکانی "ڤییەنا" ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، بەڵام بوونی چەندین ناکۆکی لە بارەی پرسە سەرەکییەکان، ئاستەنگی بۆ دانوستانەکە دروستکرد. 


بە پێی نوێترین لێدوانی "میخائیل ئۆلیانۆڤ" نوێنەری ھەمیشەیی ڕووسیا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، دانوستان لە بارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا دەستپێدەکاتەوە و ٩٠٪ی بوژانەوەی ئەو ڕێککەوتنەش کۆتایی ھاتووە، ئەوەی ماوەتەوە چەند وردەکارییەکە تایبەت بە پابەندبوونی ئەمریکا بە ڕێککەوتنەکەوە.


"ئۆلیانۆڤ" پێشبینیشی کردووە لە مانگی ئابی داھاتوودا سزاکانی سەر "ئێران" ھەڵبگیرێن، تەنانەت بەو سزایەشەوە کە خراوەتە سەر کەرتی نەوت.


ڕووسیا لەو دانوستانەدا ھێندەی پشتیوانی ئێرانە ئەوەندە پشتیوانی ھەوڵ و لێدوانەکانی ئەمریکا ناکات و "ئۆلیانۆڤ"یش دەڵێت، ئێرانییەکان لە دوای کشانەوەی ئەمریکا زۆر خۆڕاگر بوون و تا ساڵێکیش پابەندی ڕێککەوتنەکە بوون، بەڵام فشارەکانی "واشنتۆن" وایکرد "تاران" ڕێککەوتنی ئەتۆمی پێشێل بکات، لەگەڵ ئەوەشدا نیگەرانی د
ەربڕیوە لە ڕەوشی ئێستا و وتی، "ئێران" تاکە وڵاتە کە خاوەنی چەکی ئەتۆمی نییە و دەیەوێت بگاتە ئاستی ٦٠٪ی پیتاندنی یۆرانیۆم، بۆ ڕوونەدانی ئەوەش دەبێت گەیشتن بە ڕێککەوتن خێرا بکرێت.

 

لە لایەکی ترەوە، "فیتز برویل" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە، لە ئێستادا دانوستانەکان ڕاگیراون و بەر لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، "تاران" داوای کردووە مشتومڕێکی ناوخۆیی ئەنجام بدەن، ئەوەش شتێکی ئاساییە. 


دانوستانە ئەتۆمییەکان لە "ڤییەنا"ی پایتەختی "نەمسا" لە مانگی نیسانی ڕابردووەوە دەستی پێکردووە، دوای ٦ خولیش لە نێوان وڵاتانی خۆرئاوا و ئێران بە چاودێری یەکێتی ئەوروپا و بەشداری ناڕاستەوخۆی ئەمریکا، ھێشتا ڕێککەوتنێک نەھاتووەتە ئاراوە، چاوەڕوانییەکانیش لەسەر ئەم خولەی دانوستانەکەیە کە ئەمریکا بگەڕێتەوە و ڕێککەوتنی ئەتۆمی ببوژێتەوە.