د.لەتیف رەشید لە بەغداد ئامادەی سێیەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتی تایبەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا بوو و لە وتارێکدا باسی لەوەکرد، پێویستە عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ سەبارەت بە دابەشکردنی سەرچاوەکانی ئاو بگاتە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە.
دەقی وتارەکەی سەرۆککۆمار...
وەزیرە بەڕێزەکان
خوشکان برایان ، ئامادەبووانی بەڕێز
سڵاوی خوداتان لێبێت
لە سەرەتاوە خۆشحاڵم کە سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی سەرۆکایەتی و ستافی زانکۆی بەناوبانگی بەغدا و پەیمانگای عێراقی بۆ دیالۆگ بکەم کە بانگھێشتیان کردین بۆ بەشداریکردن لەم کۆنفرانسە گرنگەدا، ھەروەھا دەمەوێت ستایشی تیشک خستە سەر ئەو بابەتە زۆر گرنگتان بکەم کە لەڕاستیدا مەترسیەکی راستەقینەیە بۆ جیھانەکەمان، کە گۆڕانی کەشوھەوا و کاریگەرییە ڕاستەوخۆو ناراستەوخۆکانیەتی لەسەرمان .
لە دەیان ساڵی ڕابردوودا عێراق ڕووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە بووەتەوە و بەدەست نادادپەروەری ڕژێمە تۆتالیتارییەکانەوە دەناڵێنێت کە نوقمی شەڕە ناوچەییەکان و گەمارۆ و داگیرکارییەکی نێودەوڵەتی و دواجاریش سەرھەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆتەوە کە بە خوێنی شەھیدەکانمان و قوربانیدانی گەلەکەمان ویەکڕیزیمان شکستمان پێھێنا.
ئەمڕۆ کۆدەبینەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاڵنگاریەکی دیکە کە ھەڕەشە لە جیھان و مرۆڤایەتی بە گشتی دەکات، ئەویش گۆڕانی کەشوھەوایە، کە لە ئەنجامی چالاکیی ئابووریی جیھانی مۆدێرن و پشتبەستنی بێسنووری بە سووتەمەنی کانزایی، کە دەبێتە ھۆی زیادبوونی دەردانی گازە گەرمکەرەکان - گرنگترینیان دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە.
دەردانی بێ سنووری گازی گەرمکەر کاریگەری لەسەر کەشوھەوای جیھان دروستکردوە، لە ئەنجامە ڕاستەوخۆکانیان، لافاو، ئاگرکەوتنەوە، شەپۆلی گەرمای لەڕادەبەدەر لە زۆرێک لە وڵاتانی جیھان، زریانی تۆز و کەمی باران کە ناوچەکەمان لەم ساڵانەی دواییدا تووشی بووە، بەتایبەت عێراق. ئەگەر دۆخەکە وەک خۆی بەردەوام بێت، مەترسییەکە کاریگەری لەسەر ھەموو لایەنەکانی ژیانمان دەبێت، لە خۆراک و ئاسایش و تەندروستی و ژینگە و ئابووریدا، ئەمەش پێویستی بە کارکردنی ھەموان ھەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵنگاریە ڕاستەقینەیە.
تا ئەم دواییانە عێراق وڵاتێکی خۆبژێو بوو لە ڕووی خۆراکەوە، و وەزارەتەکانی سەرچاوە ئاوییەکان و کشتوکاڵ پێکەوە کار دەکەن بۆ دابینکردنی پێداویستی جووتیاران لە ئاو و ئامێر و کەرەستەکانی ئاودێری.
بەڵام دۆخەکە بەھۆی کەمی ئاوەوە دەستی بە گۆڕانکاری کردوە کە بە شێوەیەکی سەرەکی سیاسەتی وڵاتانی سەرچاوەکانی ئاو و کەمی باران و خراپی بەڕێوەبردن رۆڵیان ھەبوو لەم بوارەدا.
عێراق بە تایبەتی کاریگەری گۆڕانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی کەشوھەوای لەسەرە. ئێمە بەدەست پلەی گەرمی بەرز و کەمی باران و بە بیابانبوون و وشکەساڵی و زریانی تۆزوخۆڵەوە دەناڵێنین. ئەم گۆڕانکاریانە کاریگەری وێرانکەریان دەبێت، بەو پێیەی دەبێتە ھۆی تێکچوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان و نەمانی زۆنگاوەکان و کەمبوونەوەی بەرھەمی خۆراک و زیادبوونی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان، ھەروەھا زیادبوونی کۆچ بۆ شارەکان و ناسەقامگیری .
عێراق، وەک وڵاتێکی بەرھەمھێنەری نەوت، ڕووبەڕووی کاریگەرییە ناڕاستەوخۆکان دەبێتەوە کە گرنگییەکی کەمتریان نییە لەو مەترسیەی کاتێک ئابووری جیھانی پشتبەستنی بە سووتەمەنی بەردینی کەم بکاتەوە.
لە ژێر ڕۆشنایی ئەوانەی باسکران، بە پێویستی دەبینین کاربکەین بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری ھاووڵاتیان و بڵاوکردنەوەی کەلتوری گرنگیدانی ژینگەیی و ھوشیارکردنەوە لە پرۆسەی خوێندندا کە ھەموو ئاستەکانی خوێندن لەخۆبگرێت، لە قۆناغی سەرەتاییەوە دەستپێبکات و کارکردن چڕبکرێتەوە بۆ سنووردارکردن یان کەمکردنەوەی ھەر کاریگەرییەکی نەرێنی کە عێراق ڕەنگە دوچاری ببێتەوە.
ئێمە وەک وڵاتێکی بەرھەمھێنەری نەوتی بەرپرسیارانە دەبێت کاربکەین بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمکەر لە عێراقەوە (واتە ئەوەی پێی دەوترێت کەمکردنەوەی کرداریی کەشوھەوا) ئەمەش ئەوەیە کە ئێمە لە بەڵگەنامە نیشتمانییەکەماندا کە لە چوارچێوەی بەرنامەکانی وەزارەتی نەوت و لقەکانیدا تۆمارکراوە و ئاماژەمان پێکردووە، بە وەستاندنی سووتاندنی گازی میتان، و سوودی لێ وەربگرن بۆ بەرھەمھێنانی وزەی کارەبایی.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بە ڕۆڵی وەزارەتی کارەبا بکەین لە ئەنجامدانی گرێبەستی بەرھەمھێنانی کارەبا لە وزەی پاک وەک وزەی خۆر.
خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوھەوا پێویستییەکی ڕەھایە. ئەمەش پێویستی بەوەیە کە بە میکانیزمی چالاکییە سەرەتاییەکانماندا بچینەوە، وەک ئاودێری و کشتوکاڵ، ھەروەھا دەبێت کاربکەین بۆ ھەمەچەشنکردنی چالاکییە ئابوورییەکانمان. جیھان پشتبەستنی بە سووتەمەنی بەردینی کەمدەکاتەوە. بۆ نموونە یەکێتیی ئەورووپا بەر لە کۆتایی ئەم دەیە کۆتایی بە بەرھەمھێنانی ھەموو ئەو ئۆتۆمبێلانە دەھێنێت کە پشت بە سووتەمەنی بەردینی دەبەستن.
مرۆڤ بۆ یەکەمجار لە کەناری دیجلە و فورات و لقەکانیان لە میزۆپۆتامیا کشتوکاڵی کرد و عێراق یەکەم سەرچاوەی یاساکانە. کۆنترین بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پرسی ئاو، پەیمانی ئاشتی ھەمیشەیی "میسلیم"ە کە زیاتر لە ٤٥ سەدە لەمەوبەر لە نێوان دوو شاری سۆمەری کە کەوتبوونە کەناری دیجلە، ئەوانیش لەکش و ئوما ئەنجامدرا. ئامانجی ئەم پەیماننامەیە چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییە لەمێژینەی نێوان ھەردوو شارەکە بوو لەسەر بەکارھێنانی ئاوەکانی ڕووباری دیجلە. پەیماننامەکە کۆمەڵێک ڕێسای بۆ ھاوبەشکردنی ئاوەکانی ڕووبارەکە دامەزراند، ھەروەھا لایەنەکانی پەیماننامەکەی لە دروستکردنی بەنداو یان پێکھاتەی دیکە قەدەغە کرد کە دەستوەردان لە ڕۆیشتنی ڕووبارەکە بکات و ئاو لە وڵاتی خوارەوەی ڕووبارەکە ڕابگرێت.
ئەمڕۆ دەبێ بە ھاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ - ئێران، تورکیا، و سوریا - وڵاتانی دۆست کە لەگەڵیاندا بەرژەوەندی ھاوبەشی ئایینی، کولتووری و جەماوەری ، ھەروەھا بەرژەوەندی ھاوبەشی ئەمنی و ئابووری ھاوبەشمان ھەیە، دەبێت ھەوڵبدەین بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە لە ڕێگەی پەیماننامەوە کە زامنی مافی گەلەکانمان بکەین، کەبەدەستھێنانی ئاوە . لەڕاستییدا عێراق تاکە وڵات نییە کە خۆی لەم دۆخە سەختەدا ببینێتەوە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ھیچ ڕێککەوتنێکی بەرفراوانی ڕەوا ھاوشێوەی پەیمانی لەکش و ئومما نییە.
لەگەڵ ھەموو ئەوانەی سەرەوە، پێویستە خۆمان بگونجێنین و میکانیزمە کشتوکاڵییەکانمان مۆدێرن بکەین بۆ ئەوەی بە کەمترین سەرچاوەی ئاو کاربکەین و بەکارھێنانی تەکنیکەکانی سیستمی کشتوکاڵی مۆدێرن گشتگیر بکەین کە ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە بەدەستھێنانی ئاسایشی خۆراک. جێگای خۆشحاڵییە کە وەزارەتی کشتوکاڵ دەستپێشخەری کردوە بۆ گۆڕینی ئەو میکانیزمانە، بە ھاوکاری لەگەڵ دامەزراوە کارامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک ڕێکخراوی جیھانی خۆراک و کشتوکاڵ و بەرنامەی خۆراکی جیھانی.
گۆڕانی کەشوھەوا پرسێکی نێودەوڵەتییە و لەدوای لوتکەی زەویەوە کە لە ساڵی ١٩٩٢ لە شاری ڕیۆ دی جانیرۆی بەرازیل بەڕێوەچوو، جیھان دەستیکردووە بە گرنگیدان پێی. زۆرینەی ڕەھای وڵاتانی جیھان ئەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەیان واژۆ کردووە کە ھەوڵی چارەسەرکردنی پرسی گۆڕانی کەشوھەوا دەدات و ناوە تەواوەکەی کۆنفرانسی چوارچێوەی "نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوھەوا" یە. عێراق لەم لوتکەیەدا لە ھەردوولا، نێودەوڵەتی و عێراقی ئامادەبوو.
کارکردن لەم بوارەدا لەگەڵ وڵاتانی پیشەسازی و گەشەسەندوو لە دانوستانەکاندا، کە ئەنجامەکانی بۆ جیھان گرنگ دەبێت. دانوستان ئاسان نییە، بەرژەوەندی ناکۆکی لە نێوان وڵاتانی پیشەسازی (بە بەرپرسیارێتی مێژوویی سەبارەت بە دەردانی گازی ژەھراوی) و وڵاتانی تازەپێگەیشتو کە پێداگری لەسەر مافی خۆیان دەکەن بۆ گەرەنتیکردنی ژیانێکی شایستە، و ھەموو ئەو شتانەی کە ئەمە لە ڕووی بەکارھێنانی وزەی بەردینەوە پێویستی پێیەتی. بە سەرنجدانی گرنگی دەرئەنجامەکان، گرنگی ئەو وڵاتانە دەبینین کە بەشداری لەم دانوستانانەدا بکەن لەگەڵ شاندە فراوان و بەرپرسیار و کاراکان. بەتایبەت کە ئەم دانوستانانە پێویستی بە ھاوکاری ژمارەیەک لایەن ھەیە لە کۆنفرانسی ساڵانەی داھاتووی لایەنەکانی ئەم ڕێککەوتنە (بیست و ھەشتەم Cop ) لە مانگی داھاتوو لە ئیمارات بەڕێوەدەچێت.
چاوەڕوانین کە نوێنەرایەتی عێراق بکەین لەم کۆنفرانسەدا بە ھاوکاری وەزیرە پەیوەندیدارەکان، گومانی تێدا نییە کە دەرئەنجامی کۆنفرانسەکەمان بەشدارییەکی ئەرێنی لە کارەکانی شاندی عێراقی و بەھێزکردنی ھەڵوێستەکانیدا دەبێت. بۆیە سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ زانکۆی بەغدا و پەیمانگەی عێراقی بۆ دیالۆگ دووپات دەکەمەوە کە ئەم کۆنفرانسەیان سازکرد، ھەروەھا سوپاسی ئامادەبووانی بەڕێز دەکەم کە لەگەڵ ئێمە بەشداریان کرد.
دوبارە سڵاوی خودای گەورەتان لێبێت
لە دیدارەکەدا سەرۆککۆمار جەختی لە گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئوسترالیا و پێویستی بەھێزکردن و پەرەپێدانیان و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونەکانی کردەوە لەو بوارانەی کەپرسی ھاوبەشن، بۆ بەدیھێنانی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی ھەردوو وڵاتی دۆست.
ھەروەھا بەڕێزیان سوپاسی ھەوڵەکانی باڵیۆزی کرد بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانی داھاتوویدا.
لەلای خۆیەوە باڵیۆز پاولا گانلی، شانازی خۆی دەربڕی بە کارکردنی لە عێراق و جەختیشی لە خواستی وڵاتەکەی کردەوە بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات.
لە میانی دیدارەکەدا سەرۆککۆمار، جەختی لە گرنگی رۆڵی ژمێریاران و وردبینیکاران کردەوە لە باشترکردنی دۆخی ئابووری وڵات لە ڕێگەی پەرەپێدان و بەھێزکردنی سیستمی ژمێریاری لە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەتدا، ھەروەھا پێویستی دابینکردنی شارەزایی پێویست بۆ فەرمانبەران لە ئەنجامدانی کارەکانیان و ئەو ئەرکانەی کە پێیان سپێردراوە بە شێوەیەک کە شەفافیەتی لێ بێتەدی و ئاستی کارگێڕی بەرز بکاتەوە.
سەرۆککۆمار باسی گرنگی ڕۆڵی سەندیکای ژمێریاران وردبینیکاران لە پاڵپشتیکردنی پرۆسەکانی چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گێڕانەوەی سامانی بەتاڵان براوی نیشتمانی، جەختیشی لە پێویستی گرتنەبەری شێوازێکی ژمێریاری ورد و زانستی لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گرنگی پرۆسەکانی ژمێریاری کردەوە بۆ پاراستنی ئابووری نیشتمانی لە گۆڕانکارییەکان کە ھەڕەشە لە ئابوری زۆرێک لە وڵاتان دەکەن.
لە لای خۆیەوە سەرۆکی سەندیکای ژمێریار و وردبینیکاران ئاماژەی بەوەدا، کە سەندیکا ھەنگاوی گرنگی ناوەو و کاریش دەکات بۆ ڕاھێنانی تواناکانی گەنجان لە بواری ژمێریاری و وردبینی بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی گەندەڵی.
بەسەرپەرشتی د.لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی ژینگە، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ وۆرکشۆپێکی لەبارەی گۆڕانی کەشوھەوا ئەنجامدا.
وۆرک شۆپەکە کە بە ئامادەبوونی سەرۆککۆمار و وەزیری ژینگە، بەڕێز نزار ئەمێدی، سەرۆکی دیوان، بەڕێز کامیل دلێمی و ژمارەیەک لە ڕاوێژکاران و بەرپرسانی سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەچوو، بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستیپێکرد، دواتر ئامادەبووان سورەتی فاتیحەیان خوێندن بۆ گیانی پاکی شەھیدانی عێراق و فەلەستین.
سەرۆککۆمار وتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا ئاماژەی بە کاریگەرییە گەورەکانی گۆڕانی کەشوھەوا و قەیرانی ئاو لەسەر ژینگە و کشتوکاڵ کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ھۆکارەکانی کەمی ئاو بەھۆی چەند فاکتەرێکی بنچینەیی پەیوەستن بە کەشوھەوا و کەمی بارانبارین و بەرزی پلەی گەرما و وشکەساڵی و بە بیابانبوون، کە ئەم ھۆکارانە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی مرۆڤەن و ئاماژە بەوە کرد کە ھەوڵێکی بێ ووچان ھەیە بۆ بەکارھێنانی ئاوی باران وبەفر لە ناوچەکانی ھەرێم و گلدانەوەی لە بەنداوەکان لە ڕێگای کۆکردنەوەی ستراتیژی و دروستکردنی بەنداو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ھۆکاری دیکەی کەمی ئاو پەیوەندی بە سەرچاوە ئاوییەکانی عێراقەوە ھەیە کە دەکەونە دەرەوەی سنوورە جوگرافییەکانی و وڵاتانی سەرچاوەکانی ئاو کۆنترۆڵی بڕی ئەو ئاوە دەکەن کە لە ڕێگەی ڕووباری دیجلە و فورات و لقەکانیانەوە دەڕژێنە وڵاتەوە، ئاماژەشی بەوەدا کە ھیچ ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی یان دووقوڵی نییە بۆ ڕێکخستنی دابەشکردنی ئاوی ڕووبارەکان لە نێوان وڵاتاندا .
د.لەتیف ڕەشید جەختی لەوەشکردەوە، کە عێراق لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کە سەرچاوەی ڕووبارەکان و لقەکانیانی تێیدا، ھەوڵدەدات پشکێکی دیاریکراو و دادپەروەرانە بەدەست بگات کە پێداویستییە ئاوییەکانی دابین بکات، ھەروەھا ھەوڵی بەدەستھێنانی پلانەکانی کارپێکردنی ئەو وڵاتانە دەدات لە بەنداو و پڕۆژەکانیان لەسەر ڕووباری دیجلە و فورات کە نابێت کاریگەری لەسەر پشکی عێراق ھەبێت.
سەرۆککۆمار ھۆکاری سێیەمی کەمی ئاوی دەستنیشانکرد وەک پێویستی باشترکردنی بەڕێوەبردنی بەکارھێنانی ئاو بەگرتنەبەری ڕێگا مۆدێرنەکانی ئاودێری و کشتوکاڵ و جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری و بڵاوکردنەوەی کلتوورێکی نوێی بۆ پاراستنی ئاو ئەمەش لەڕێگای بەرنامەی فێرکردن لە خوێندنگەکاندا بۆ خوێندکاران لە تەمەنێکی بچووکەوە بۆ ئەوەی فێری بەفیڕۆنەدانی ئاو بکرێن.
ھەروەھا نزار ئامێدی وەزیری ژینگە، وتارێکی پێشکەش کرد کە تیایدا ئاماژەی بەکاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا لەعێراقدا کرد بەھۆی زیادبوونی وشکەساڵی و بە بیابانبوون و خۆڵبارین و خراپبوونی زەوی و کەمبوونەوەی زەویە کشتوکاڵییەکان و لەدەستدانی سیستمی ژینگەیی و کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و تەندروستی و ئابوورییەکانیان وەک زیادبوونی ھەژاری و کۆچ لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان کە ھەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاو و خۆراک و ئاسایشی کۆمەڵگە، ھەروەھا وەزیری ژینگە ڕایگەیاند کە وەزارەتی ژینگە کاری زۆری کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاستەنگانە، چونکە ھەوڵە نیشتمانییەکان بەڕێوە دەبات بۆ چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا، بەتایبەتی دوای ئەوەی عێراق بە فەرمی بەشداریکرد لە ڕێکەوتننامەی پاریس بۆ کەشوھەوا، لە کاتێکدا بەڵگەنامەی ھاوبەشیەکانی نیشتمانی عێراقی تەواو کرد کە بە چەتری کارەکانی کەشوھەوا تا ساڵی ٢٠٣٠ دادەنرێت .
دواتر سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار، کامیل دلێمی وتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا باسی لە کاریگەرییە گەورەکانی گۆڕانی کەشوھەوا لەسەر ژیان و تەندروستی مرۆڤ لە ئێستا و داھاتوودا کرد. بەڕێزیان گوتیشی ئەو گۆڕانکارییە کەشوھەوایەی ڕووبەڕووی جیھان دەبێتەوە بە گشتی و عێراق بەتایبەتی، دەبێتە ھۆی لەمپەرخستنە بەردەم دەیان ساڵی پێشکەوتن لە بواری تەندروستیدا، بەتایبەتی کە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانی بەردەکەوێت لە ئەو مەترسییانەی کە بەھۆی ئەم خراپبوونە ژینگەییە سەختەوە دروست دەبێت، کە بەھۆی بەرکەوتنی بە شەپۆلی گەرما و بارانبارینی ناڕێک و وشکەساڵی و کەمی ئاو و کەمبوونەوەی ڕێژەی شوێنە سەوزەکان و زیادبوونی شۆرەکات و ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر بارودۆخی ئابووری وڵاتەوە وەک سەرۆک کۆمار ئاماژەی کرد بەو دۆسیانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی ھاوڵاتیانەوە ھەیە بەگوێرەی لە پێشینەکانی ئاسایش و سەقامگیری و ئاو و کەشوھەوا.
پاشان چالاکییەکانی وۆرکشۆپەکە بەچاودێری بەڕێوەبەری فەرمانگەی پلاندانان و گەشەپێدان لە سەرۆکایەتی کۆمار، بەڕێز سەگڤان جوندی دەستیپێکرد وبەگفتوگۆ و لێکۆڵینەوەی ژمارەیەک پسپۆڕی پەیوەندیدار بە گۆڕانی کەشوھەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق و پێشبینییەکانی کەشوھەوا لە عێراق و ھەروەھا بەشدارییە نیشتمانیەکانی عێراق و ئاڕاستەکانی کرداری کەشوھەوا لەخۆگرت، جگە لە ئامادەکارییەکانی عێراق بۆ کۆنفرانسی داھاتوو لە وڵاتی ئیمارات .
دەقی پەیامەکە...
بەڕێز ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش
ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان
بە شانازی و خۆشحاڵییەوە بە بۆنەی رۆژی نەتەوە یەکگرتووەکان و چوونە بواری جێبەجێکردنی پەیماننامەکەیەوە پیرۆزباییتان لێدەکەین و جەختیش لە بەدیھێنانی ئامانج و پلان و پرنسێپەکانتان دەکەینەوە و دەستخۆشیتان لێدەکەین لە بەدیھێنانی ئومێد بۆ جیھان تا ھەمووان بتوانن چێژ لە ئاشتی و گەشەپێدانی بەردەوام وەربگرن.
ئەم دەرفەتە بەھەل دەزانین بۆ ئەوەی دڵنیاتان بکەینەوە کە پشتیوانتانین تا بەدیھێنانی دادپەروەری و پەرەپێدانی مرۆیی و زیادکردنی دەرفەتەکانی ژیان بەتایبەت بۆ گەنجان و ژنان.
لەم ڕۆژەدا خۆشحاڵین کە ھاوبەش وھاوڕاتانبین لە گرنگیدان بە مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەتی لەم ھەلومەرجە سەختەی کە ئەمڕۆی دونیامان پێیدا تێدەپەڕێت، ھەروەھا دڵنیاشین لەھەوڵەکانتان بۆ دابینکردنی فریاگوزاری بۆ لیقەوماوان و کۆتاییھێنان بە دوبەرەکی.
دەمانەوێت نیگەرانی خۆمان دەرببڕین سەبارەت بە قەیرانەکانی کەشوھەوای ھەسارەکەمان، بەتایبەتی ئاو و گەرمبوونی جیھان، و ھاوسۆزین لەگەڵتان بۆ بەدیھێنانی ژینگەیەکی گونجاو بۆ ژیان .
ھیوای تەندروستیەکی باش بۆ ئێوە و پێشکەوتن بۆ ڕێکخراوەکەتان دەخوازین.
لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزمان
د. لەتیف جەمال ڕەشید
سەرۆککۆماری عێراق
لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی وڵات و میکانیزمی ھەماھەنگی نێوان ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکایەتی کۆمار لە پێشکەشکردن و پەسەندکردنی یاسا گرنگەکان تاوتوێ کرا.
ھەر لە دیدارەکەدا باس لە پێشھاتەکانی دۆخی کەرتی غەززە و گرنگی ھەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکان کرا بۆ راگرتنی دەستدرێژی و بەردەوامی بۆردومانکردنی خەڵکی سڤیل، ھەروەھا ھەڵوێستی نەگۆڕی میللی و رەسمی عێراقیان لە رەتکردنەوەی ھەر ھەوڵێک بۆ ئاوارەکردنی فەلەستینییەکان و مافی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین کە قودسی پیرۆز پایتەختیەتی دووپاتکردەوە.
سەرۆککۆمار پێشوازی لە ژمارەیەک سەرۆکی نوێنەرایەتیە دیپلۆماسیەکان لە ڕۆما و ڤاتیکان و نوێنەرانی وڵاتان لە ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات
بەڕێزیان لە میانی پێشوازیکردنی لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە ئیتاڵیا لە ژمارەیەک سەرۆکی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان لە ڕۆما و ڤاتیکان و نوێنەری وڵاتان لە ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ھاوسۆزی تەواوی عێراقی بۆ گەلی فەلەستین دەربڕی و دووپاتیکردەوە لەپشتگیریکردنی گەلی فەلەستینی بۆ بەدەستھێنانی مافە زەوتکراوەکانیان.
سەرۆککۆمار جەختی لەوە کردەوە کە عێراق پێکھێنانی پەیوەندیەکی ھاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیھان بەھەند وەردەگرێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی عێراق و لێکتێگەیشتن لەبارەی پرس وبەرژەوەندییە ھاوبەشەکان .
سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەدا کە عێراق لەسەر بنەمای ڕۆڵی جەمسەری خۆی ھەوڵ دەدات بناغەی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بچەسپێنێت، چونکە پێی وایە ململانێ و جەنگ و ناکۆکییەکان چارەسەری کێشەکان ناکەن، بەڵکو زیاتر ئاڵۆزیان دەکەن، وتیشکی خستە سەر ئەوەی کە عێراق زیانی زۆری بەرکەوتووە لە ئەنجامی جەنگ و توندوتیژی و تیرۆر و دیکتاتۆرییەت کە کاریگەری نەرێنی لەسەر زۆر بوار ھەبووە بەتایبەتی ژیانی ئابووری و خزمەتگوزاری و ژینگەیی.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ عێراق پێشکەوتنێکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت بەو پێیەی حکومەت گرنگییەکی زۆری بە سەقامگیری ئەمنی داوە، جگە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، درێژەدان بە پرۆسەی چاکسازی وسنووردارکردنی گەندەڵی و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابوری وڵات و دەستپێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان، بەتایبەتی دوای پەسەندکردنی بودجەی گشتی بۆ ماوەی سێ ساڵ، ئاماژەی بەو دۆخە کرد کە بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیری بونە ھۆکاری ئەوەی شاری موسڵ میوانداری فێستیڤاڵی بەھارەی سازکرد و بەسرە میوانداری جامی کەنداوی عەرەبی ئەنجامدا، ھەروەک لە چلەی ئیمام حسێندا نزیکەی ٢٠ ملیۆن زیارەتکار بەشداریانکرد، بەبێ ھیچ ڕووداو و پێشێلکارییەکی ئەمنی بەڕێوەچون ئەمەش ئاماژەیە بۆ سەقامگیری ئەمنی و پێشکەوتنی شارەکان لە عێراقدا.
ھەروەھا سەرۆککۆمار ئاماژەی بە قەیرانی ئاو کرد کە عێراق بەدەستیەوە دەناڵێنێت و سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە دەرەوەی سنوورە جوگرافییەکانیەتی، ئەوەش وایکردوە وڵاتانی سەرەوەی ڕووبارەکان کۆنترۆڵی بڕی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات و لقەکانیان بکەن کە ھیچ ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی یان دووقۆڵی نییە کە پشکی وڵاتانی ھاوبەش لە ڕووبارەکاندا ڕێکبخات، جگە لە گۆڕانی کەشوھەوا، بە بیابانبوون، وشکەساڵی، خراپی سیستمی بەڕێوەبردن و کەم نەکردنەوەی بەکارھێنانی ئاودا کێشەی دروستکردوە، ھیواشی خواست بە گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوەی ئاوی روبارەکانی عیراق کە گەرەنتی پشکی دادپەروەرانەی عێراق لە ئاو بکات.
لە درێژەی دیدارەکەدا بەڕێزیان باسی لە ڕەشنووسی ئەو یاسایانە کرد کە سەرۆکایەتی کۆمار بۆ پەسەندکردنی پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی کردوە وەک ڕەشنووسی یاسای ئەنجومەنی باڵای ئاو، ڕەشنووسی یاسای ھەموارکردنەوەی بڕیاری ئەنجومەنی سەکردایەتی رژێمی ھەڵوەشاوە سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی، ڕەشنووسی یاسای دەستەی باڵای پەرەپێدانی تواناکانی ژنان، ڕەشنووسی یاسای ھەموارکردنەوەی یاسای ماددە ھۆشبەرەکان و ماددە دەروونییەکان و ڕەشنووسی یاسای گێڕانەوەی ئەو پارەیەی بە گەندەڵی براوەتە دەرەوە، جگە لە ئازادکردنی نزیکەی ٩ ھەزار دەستگیرکراو کە ماوەی سزادانەکانیان بەسەرچووە و ھەڵوەشاندنەوەی یاساکانی رژێمی پێشوی ھەڵوەشاوە.
ھاوکات بەڕێزیان ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی باشەو وە ئیرادەیەک لە ھەردوولا ھەیە بۆ بەردەوامیدان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لەسەر پرسە ھەڵپەسێردراوەکان بەپێی دەستوور و یاسا.
ھەروەک بەڕێزیان ئاماژەی بەوە کرد، عێراق بەردەوامە لە دابینکردنی ئاسانکاری بۆ بازرگانان و ھاندانیان بۆ وەبەرھێنان و ھاتنە ناو بازاڕی عێراق، و ھیوای خواست کە وێنەی ڕاستەقینەی عێراق بە وڵاتەکانیان بگەیەنن .
ە بەرامبەردا باڵیۆزەکان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ بەڕێزیان دەربڕی و ستایشی ھەڵوێست و پاڵپشتییەکانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتەکانیان دەربڕی، جەختیان لە خواستی حکومەتەکانیان کرد بۆ بەردەوامبوون لە ھاوکاری لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا، ھاوکات خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەرامبەر بەو پێشکەوتنانەی لە سەقامگیری ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەدیھاتوون.
دوای خۆپیشاندانەکانی کەرکوک لە دووی ئەیلولی رابردوو، کە چوار ھاووڵاتی شەھیدبوون، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق وەفدێکی رەوانەی کەرکوک کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
"عەزیز مەجید"جێگری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەھەوڵی سەرۆک کۆمار دەزگای شەھیدانی عێراق بەرەسمی چوار شەھیدەکەی، بەشەھیدی دەستی تیرۆر ناساندووە.
سەرۆککۆمار لە کۆڕبەندەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا جەختی لەوە کردەوە کە عێراق گرنگییەکی تایبەتی بە ھەر دەستپێشخەریەک دەدات کە ببێتە مایەی گەشەسەندنی بواری ئاو و کشتوکاڵ و پەرۆشی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ ئەو دۆخەی کە تێیدا بوو کاتێک پێی دەگوترا زەوی ڕەشایی پێش دەستپێکردنی جەنگ و ناکۆکییەکان لە وڵاتەکەمان کە دەیان ساڵە بەردەوامە.
ھەروەھا سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەشکردوو، کە جیھان ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکانی سەدەی بیستەم بوویەوە، لەوانە جەنگ و برسێتی و قەیرانی ئابووری. لەڕاستیدا، ئێمە پێویستمان بە دەستپێشخەری زیاتر و داھێنان و کرداری بەکۆمەڵ ھەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی سەدەی بیست و یەک، لەوانە گەشەی دانیشتوان، کە بارگرانییەکی گەورەیە لەسەر جیھانی ئێمە بە سەرچاوەی سنووردار.
سەرۆککۆمار ئاماژەشی بەوەدا کەعێراق ھەوڵدەدات بەرنامە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بە بیابانبوون بگرێتەبەر، بەزیادکردنی ئەو ڕووەکانەی کە بەرگەی وشکەساڵی و شۆرەکات و گۆڕانی کەشوھەوا دەگرن، چەسپاندنی وزەی پاک و نوێبووەوە و پاراستنی فرەچەشنی بایۆلۆجی و گەڕاندنەوەی ھاوسەنگی ژینگەیی و دروستکردنی ژینگەیەکی بەردەوام لە ڕێگەی ھەمەچەشنکردنی ئابووری و پەرەپێدانی سامانی ڕووەک و ئاژەڵان، ھەروەھا گرتنەبەری شێوازە مۆدێرنەکانی ئاودێری و کشتوکاڵ.
ئەمەش دەقی ووتەکەی سەرۆککۆمارە:
"بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ، بەڕێز شو دنیۆ
خوشکان برایان ئامادەبووانی بەڕێز..
سڵاوێکی گەرم..
سەرەتا سوپاستان دەکەم کە بانگھێشتتان کردین بۆ بەشداریکردن لەم کۆڕبەندە گرنگەدا، ھەروەھا دەمەوێت ستایشی ھەڵبژاردنی ئەم بابەتە زۆر گرنگە کە کشتوکاڵ یەکێک لە چەمکە پێویستەکانی ژیانی مرۆڤایەتی و گۆڕانی کەشوھەوا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، کە زنگی مەترسییەکی گەورە دەخاتە ڕوو لە سەر جیھان، ئەمڕۆ لەم شارە دێرینەی کە خاوەن پێگەیەکی کلتووری و مێژوویی دیارە و لە ڕۆژی جیھانی خۆراکدا کۆدەبینەوە کە حەفتا و ھەشت ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە خاوەن ئامانجە بەرزەکان تێپەڕدەبێت.
کشتوکاڵ، کە بۆ یەکەمجار لەلایەن مرۆڤەوە لە کەنارەکانی دیجلە و فورات سەری ھەڵداوە، یارمەتی مرۆڤیدا کە بتوانێ شارەکان بونیادبنێت کە شارستانییەتە کۆنەکان تێیدا پەرەی سەندووە.
عێراق لە رێگەی تێزەکانی حەمورابیەوە یەکەم سەرچاوەی یاساکان بوو کە باسی ئەم بەشە گرنگەی ژیانی مرۆڤایەتی بکات و کۆنترین پەیماننامەی جیھانیە سەبارەت بە پرسی ئاو، کەپەیمانی "میسیلیمە"، واتە پەیماننامەی ئاشتی ھەمیشەییە لە نێوان دوو شاری سۆمەری کە دەکەونە کەناری دیجلە واتە لەگش و ئوما، زیاتر لە چل و پێنج سەدە لەمەوبەر واژۆکراوە و ئامانجی ئەو پەیماننامەیە چارەسەرکردنی ناکۆکی درێژخایەنی نێوانیان بوو کە ھەردوو شارەکە لەسەر بەکارھێنانی ئاوەکانی رووباری دیجلە واژۆیان کرد .
پەیماننامەکە کۆمەڵێک رێسای بۆ دابەشکردنی ئاوەکانی ڕووبارەکە داڕشت، ھەروەھا لایەنەکانی پەیماننامەکە دروستکردنی بەنداو یان ھەر بەربەرستێکی دیکەیان قەدەغە کرد کە دەستوەردان لە رۆیشتنی ڕێڕەوی ڕووبارەکە بکات و ئاوی وڵاتی خوارەوەی ڕووبارەکە ڕابگرێت.
ئەمڕۆ لە سایەی پێشکەوتنە زانستی و پرۆسەی بواری کشتوکاڵدا، جیھان توانیویەتی ئاسایشی خۆراک بەدیبھێنێت، ئەم ڕێکخراوە بەشداریی لە پێشخستنی ئەو پێشھاتانەدا کردووە و درێژەیش بەم رێبازە دەدات لە رێگەی چەندین دەستپێشخەرییەوە، کە دەستپێشخەرییەکن ئێمە پشتیوانی دەکەین و زۆرێک لە وڵاتان دەتوانن توانا نیشتمانییەکانیان پەرەپێبدەن و سوود لە بەرنامەکانی ڕێکخراوەکە وەربگرن.
عێراق ئەوپەڕی بایەخ بە ھەر دەستپێشخەرییەک دەدات کە دۆخی ئاو و کشتوکاڵی وڵاتەکان باشتر بکات، ئێمەش بەوپەڕی تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵین بۆ ئەوەی بیگەڕێنینەوە بۆ ئەو دۆخەی کە تێیدا بوو کاتێک پێش ھەڵگیرسانی شەڕ و ململانێکان ناوی لێنرابوو (خاکی ڕەشایی). لە وڵاتەکەماندا کە بۆ دەیان سەدە بەردەوام بوو.
جیھان بە سەرکەوتنێکی حاشا ھەڵنەگر ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی سەدەی بیستەم بووەتەوە، لەوانە شەڕ و برسێتی و قەیرانی ئابووری. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئێمە پێویستمان بە زیاتر لە دەستپێشخەری و داھێنان و کاری بەکۆمەڵ دەبێت بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی سەدەی بیست و یەکەم ببینەوە، لەوانەش زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، کە بارگرانییەکی گەورە لە سەرچاوە سنووردارەکانی جیھانەکەمان دەکات.
ژمارەی دانیشتوانی جیھان بەردەوام لە زیادبووندایە، بەو پێیەی لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا ژمارەی دانیشتووانی جیھان سێ ھێندە زیادی کردووە، ئەمڕۆ ھەشت ملیار کەسی تێپەڕاندووە و بەپێی پێشبینییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕەنگە تا ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی دانیشتووانی جیھان بگاتە ئاستی دە ملیار کەس. ھەموو ئەمانە دەبێتە ھۆی فشارێکی زۆر بەتایبەتی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو.
دیاردەی گەرمبوونی جیھان و گۆڕانی کەشوھەوا لە ھۆکارە ڕاستەوخۆکانی بڵاوبوونەوەی دیاردە دژبەیەکەکانی وەک لافاو و ئاگرکەوتنەوە و بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما بۆ ئاستێکی پێوانەیی بوون. ھەروەھا بووە ھۆی نەمانی زەوییە کشتوکاڵییەکان بەھۆی فراوانبوونی بەبیابانبوون.
لەم بوارەدا عێراق ھەوڵدەدات بەرنامە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بە بیابانبوون بگرێتەبەر، بەزیادکردنی ئەو ڕووەکانەی کە بەرگەی وشکەساڵی و شۆرەکات و گۆڕانی کەشوھەوا دەگرن، چەسپاندنی وزەی پاک و نوێبووەوە و پاراستنی فرەچەشنی بایۆلۆجی و گەڕاندنەوەی ھاوسەنگی ژینگەیی و دروستکردنی ژینگەیەکی بەردەوام لە ڕێگەی ھەمەچەشنکردنی ئابووری و پەرەپێدانی سامانی ڕووەک و ئاژەڵان، ھەروەھا گرتنەبەری شێوازە مۆدێرنەکانی ئاودێری و کشتوکاڵ.
ئاسایشی خۆراک پەیوەندییەکی نزیکی بە ئاسایشی ئاوەوە ھەیە. ئەمڕۆ بەدەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنین، لەبەر زۆر ھۆکار، گرنگترینیان ڕێگریکردنە لە ھەڵڕژاندنی ئاو بەھۆی ئەو بەنداوە زۆرانەی کە لەلایەن وڵاتانی دراوسێی سەرەوەی ڕووبارەکانەوە دروستکراون و نەبوونی ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی یان دوولایەنە لە نێوان وڵاتاندا کە گەرەنتی مافی ھەمووان لە پشکی ئاوی دادپەروەرانە بکات، جگە لە ھۆکارە سروشتییەکانی دیکەی پەیوەست بە کەشوھەوا وەکو کەمی بارانبارین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی.
لەم چوارچێوەیەدا دەبێت ئەوە بیربێنینەوە کە ئەوەی ھۆکاری کەمکردنەوەی ئەم قەیرانە و تێپەڕاندنیەتی، ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتیە لەلایەن ھەموانەوە، بەپێی پرۆسە ومیکانیزمێکی ھەمەلایەنە بۆ باشترکردنی بەڕێوەبردنی ئاو بە پێی سیستم و میکانیزمە مۆدێرنەکان، لەگەڵ گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە مەبەستی گەیشتن بە نەخشەڕێگای ھاوبەش لە ڕێگەی زانیاری تەکنیکییەوە و ئاڵوگۆڕی پلانی کارکردنی پەیوەست بە بڕ و کاتەکانی بەردانی ئاوەکان، بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی کە مافی ھەمووان لە پشکی ئاوی دادپەروەرانە دابین بکات.
چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو پێویستییەکە ناتوانرێت دەستبەرداری بین لەپێناوی داھاتووماندا، ئەگەر ڕێژەی ئاوی زیادە بێت، یان کەم بێت، یان ئاوی زۆر پیس بێت، مەترسییەک دروستدەکات کە بەھۆی گۆڕانی کەشوھەوا خراپتر دەبێت، ئەمەش مەترسی لەسەر ئابووری وڵاتان دروست دەکات و ھاندەری کۆچکردن دەبێت و ململانێکان توندتر دەکات .
پێویستمان بە ھەنگاوێکی جیھانییە بۆ بەدەستھێنانی گەشەی خۆڕاگری ئاو و ئاسایشی ئاو. سەرەڕای ئەو پێشکەوتنانەی بەدەست ھاتوون، ئێمە دواکەوتووین لە گەیشتن بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام کە پەیوەندییان بە ئاوەوە ھەیە، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر گەشەپێدانی ھەمەلایەنە ھەیە، بەتایبەتی بەو زانیاریانەی کە ئاماژە بەوە دەکەن تا ساڵی ٢٠٣٠ زیاتر لە یەک ملیار و نیو کەس دەستیان بە ئاوی خواردنەوە ناگات.
کەرتی ئاو پێویستی بە شێوازی نوێی بیرکردنەوە و بەڕێوەبردنی ئاو ھەیە. پرۆسەی ئاڵوگۆڕی زانیاری، یارمەتی حکومەتەکان دەدات بۆ باشترکردنی بەڕێوەبردنی ئاو بە مەبەستی بەرزکردنەوەی کارایی و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو لە جیھانێکدا کە تادێت پشێوی و کەم ئاوی زیاتر دەبێت.
لەراستیدا عێراق تاکە وڵات نییە کە خۆی لەم دۆخە سەختەدا ببینێتەوە، بەو پێیەی ھیچ ڕێککەوتنێک لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاریگەر نییە لەسەر ئاستێکی بەرفراوان، ھاوشێوەی پەیمانی لەگش و ئوما، کە ئێمە ئاماژەمان پێکرد. بۆیە داوا لە دامودەزگا نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان دەکەین بۆ گەیشتن بەم ئامانجە لەگەڵمان کاربکەن، کە لە پێشەوەیان ڕێکخراوە بەڕێزەکەتان ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیھان، بەو پێیەی ئاو مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ کشتوکاڵ و ژیانە.
ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمە لە بەرامبەر ئەم ئاڵنگاریە بنەڕەتییە دەستەوستان بوەستین، بەو پێیەی ئاگاداری سەختی دۆخەکەین، ھەروەھا لێکۆڵینەوەکان کە ساڵانێک لەمەوبەر ئەنجاممان داوە دەریانخستووە کە عێراق لە داھاتوودا بەدەست کەمی ئاویەوە دەناڵێنێت.
بە جددی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کە وڵات وگەلانی دۆستن، کاردەکەین بۆ گەیشتن بە چارەسەری دادپەروەرانە و جێگەی ڕەزامەندی بۆ ھەمووان. ھەروەھا بەجدی کاردەکەین بۆ سوودوەرگرتن لە ھەر دڵۆپێک ئاو کە دەگاتە زەوییەکانمان، ئەمەش پێویستی بە ھەوڵێکی زۆر دەبێت بۆ کارکردن لەسەر پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری، مۆدێرنکردنی شێوازەکانی ئاودێری، و یاسادانان لەبوارەکانی پەیوەست بە کەرتی ئاو بۆ ئەوەی کشتوکاڵ پێگەی بەناوبانگی خۆی بەدەستبھێنێتەوە.ئێمە چاوەڕوانی ھاوکاری زیاترین لەگەڵ ڕێکخراوەکەتان لەم بوارە بنەڕەتییەی پەیوەندی بە ژیان و ئاسایشی گەلانەوە ھەیە .
سەرۆککۆمار پێشوازیکرد لە عەبدولعەزیز شەممەری باڵیۆزی سعودیە لە عێراق کە نامەیەکی دەستنوسی پاشای سعودیەوە گەیاندە بەڕێزیان .
ناوەڕۆکی نامەکە بریتی بوو لە خواستی شانشینی عەرەبستانی سعودی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیە ھاوبەشەکانی ھەردوو گەلی برا بکەن، ھەروەھا گرنگی ھەماھەنگی ھەڵوێستەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە.
لە میانی دیدارەکەدا سەرۆککۆمار، جەختی کردەوە لە پێویستی چەسپاندنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سعودیە و فراوانکردنی ئاسۆی ھاوکاریی بونیادنەر کە خزمەتی بەرژەوەندی ھەردوو وڵات بکات.
لەلای خۆیەوە باڵیۆز ئەلشەمەری جەختی لە پەرۆشی وڵاتەکەی کردەوە لە بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و پشتیوانیکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی تێیدا، ھاوکات ستایشی پێشھاتە ئەرێنیەکانی عێراقی لە بوارە جیاجیا کاندا کرد.
د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە وەلید محەمەد ئیسماعیل باڵیوزی میسر لە عێراق کرد، بەھۆی کۆتاییھاتنی ئەرکەکانی.
لە دیدارەکەدا سەرۆککۆمار جەختی لە قوڵی پەیوەندی برایانە و ھاوکاری نێوان عێراق و میسر کردەوە، ھەوڵەکانی باڵیۆزی میسری بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و قاھیرە بەرزراگرت وھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی داھاتوویدا.
لە بەرامبەردا وەلید محەمەد ئیسماعیل، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆماری کۆماری عێراق دەربڕی و جەختی کردەوە لە رۆڵی ئەرێنی سەرۆککۆمار لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق و میسر.
د.لەتیف رەشید رایگەیاند، بە داخێکی زۆرەوە ھەواڵی ئەو ھێرشە تیرۆریستییەیان پێگەیشت لە شاری حومس، کە چەندین قوربانی و برینداری لێکەوتەوە.
سەرۆککۆماری عێراق راشیگەیاند، بەناوی خۆی و گەلی عێراق بە توندی ئیدانەی ئەو کارە تیرۆریستییە ترسنۆکە دەکەن، کە پێچەوانەی ھەموو بەھا مرۆییەکان و فێرکارییە ئاسمانییەکانە. ھیوای زوو چاکبوونەوەشی بۆ بریندارەکانی ئەو رووداوە خواست.
دەقی پەیامەکەی سەرۆککۆمار....
بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و ھەڵبژاردنتان وەک سەرۆکی یەکێتی پیرۆزباییەکی گەرمتان لێ ئەکەم و لە رێگەی ئێوەشەوە لە ھەموو برایانی سەرکردایەتی و کادیران و لایەنگرانی یەکێتی لە ئەرکە پیرۆزەکەتاندا بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان و ھەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی داواکارییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ھەروەھا پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە ڕابەری کۆچکردوو مام جەلال "خوالێی خۆشبێت" بەجێی ھێشتووە.
لەگەڵ ڕێزدا
د.لەتیف ڕەشید سەرۆککۆماری عێراق
د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق بەبۆنەی ھاتنی جەژنی جەمای ئێزدییەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پیرۆزبایی لە رۆڵەکانی گەلی ئێزدی دەکەن بە بۆنەی جەژنی جەما و جەختیکردەوە لەسەر پێویستی دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە بۆیان، دوای ئەو کردەوە تیرۆریستییە تاریکپەرستانەی کە کردنیە ئامانج.
ھەروەھا سەرۆککۆمار داوادەکات ھەموو ھەوڵێک لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بدرێت، بۆ پەلەکردن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بە سەلامەتی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە شەنگال.
سەرۆککۆماری عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (حەدس)، کە سەعات ١٠:٣٠ خولەکی ئەمشەو بڵاودەبێتەوە، باسی لە چەندین بابەتی ھەنوکەیی کرد، لەبارەی پەیوەندییەکانی بەغداد و ئەنقەرەش وتی، عێراق ھەوڵدەدات رێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ تورکیا بکات، وەک ئەو رێککەوتنە ئەمنییەی لەگەڵ ئێران ھەیانە، وتیشی، پێویستە تورکیا رێز لە سەروەریی عێراق بگرێت و رەچاوی رەوشی عێراق بکات.
د.لەتیف رەشید راشیگەیاند، تورکیا رۆژانە پێشێلکاری لە ھەرێمی کوردستان دەکات و فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بنکەی سەربازیی لە عێراق ھەیە، ئەوەش جێگەی قبوڵکردن نییە و پێشێلکارییەکانی ئەو وڵاتە کوشتنی خەڵکی مەدەنیی لێکەوتووەتەوە.
سەرۆک کۆماری عێراق راشیگەیاند، پارتی کرێکارانی کوردستان، ٤٥ ساڵ یان زیاترە لە ھەرێمی کوردستان ھەن و بەغداد پێشێلکارییە رۆژانەکانی تورکیا لە سلێمانی و ھەولێر و دھۆک و ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان رەتدەکاتەوە.
د. لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی"حەدەس" رایگەیاند، کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد کێشەی سیاسی راستەقینە نەبووە، ئەوانەی پەیوەندییان بە لایەنی جێبەجێکردنەوە ھەبووە چارەسەر کراون، بەشێکی زۆری ئەو کێشانەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یاسای نەوت و وزە، حکومەتی ھەرێم و حکومەتی ناوەندیش مەبەستیانە یاسای نەوت و گاز دەربچێت.
وتیشی، ھەرێمی کوردستان وەکو خۆی دەمێنێتەوە و ھیچ ترسێکیان لە سیستمی فیدراڵی نییە.
سەبارەت بە کێشەکانی کەرکوک، سەرۆککۆمارئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کەرکوک گرنگترین شاری عێراقە، بەڵام ھەندێک جار وەکو پێویست کاروبارەکانی کەرکوک بەڕێوەنەبراوە.
سەبارەت بە بۆردومانەکان و سنوربەزاندنەکانی تورکیاش رایگەیاند، تورکیا بە درێژایی کات بەردەوامە لە پێشێلکارییەکانی و عێراق وەک وڵاتێکی سەربەخۆ ئەوە قبوڵناکات، ھیواشی خواست لەگەڵ تورکیاش بگەنە رێککەوتنێکی ھاوشێوەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئێران.
لەبارەی ھەڵبژاردنی داھاتوو، د. لەتیف رەشید رایگەیاند، لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کاردەکەن بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی داھاتوو ھەڵبژاردێکی پاک و بێگەرد بێت، لەگەڵ ئەوەدانین ھیچ لایەنێکی سیاسی لە پڕۆسەی ھەڵبژاردن بکشێتەوە.
سەبارەت بە کێشەی ئاویش وتی، پێویستە عێراق وەکو وڵاتێک پشکی داپەروەرانەی خۆی لە ئاو پێبگات، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێشدا لە پەیوەندیدان و گەشبینن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەو بارەیەوە.