کاریگەری بەشدارینەکردنی زۆرینەی لایەنەکان لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ
١١ی ئازاری ٢٠٢٥
770
هەر لایەنێکی سیاسی بە بەشێکی گرنگی ناو پرۆسەی هەڵبژاردن بارودۆخی سیاسی وڵات هەژماردەکرێت، بەشدارینەکردنی لایەنەکان لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت کاریگەری لەسەر کۆی پڕۆسەکە دروست دەکات.
لایەنە سیاسیەکان پێش هەڵبژاردنی خولی شەشەمی کوردستان بەگڕوتینەوە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان دەکرد و بە پڕۆسەیەکی دیموکراسی و پاکوبێگەرد لە قەڵەمیان دەدا، لە کاتی دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردن و ئەنجامدانی کۆی پڕۆسەکە لایەنەکانی وەکو ( یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری، نەوەی نوێ، بەرەی گەل، گۆڕان، ڕەوتی هەڵوێست). جەختیان لە بەشداریکردنێکی کارا لەناو حکومەت و پەرلەمان دەکردەوە، کاتێکیش ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەفەرمی لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکراکرا، ڕاستەوخۆ ئەم لایەنە سیاسیانە ئامانج و پەیڕەوی سەرەکیان گۆڕی لە بەشداریکردنی حکومەت بۆ داواکردنی پۆستی باڵا لە ئاست ڕێژەی کورسیەکانی پەرلەمانیان بەشێکی دیکەشیان بە وتنی بایکۆتی پێکهێنانی حکومەت نیازی خۆیان دەڕبڕی، هاوکات بەشێکی دیکەشیان دیارنیە کە ئاخۆ بەشداری پەرلەمانیش دەکەن و دەمێننەوە لەناو پڕۆسەکە.
بێگوومان، بەشداریکردنی کارایی لایەنە سیاسیەکان لەناو پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە خاڵێکی ئەرێنی و پڕۆسەیەکی دیموکراسی و پێکەوەیی هەژمار دەکرێت، بەڵام بەشدارینەکردنی لایەنەکان لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بە خاڵێکی نەرێنی دادەندرێت بەهۆی ئەوەی حکومەتێکی کارا پێویستی بە دەنگی دەنگدەری سەرجەم دانیشتوانانی هەرێمی کوردستان، بەشداریکردنی سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانەوە هەیە، هەروەها بۆ کاری پێکەوەیی، ڕووبەڕووبوونەوەی سەرجەم ئاستەنگە دەرەکی و ناوخۆییەکان، لایەکی دیکەوە چارەسەرکردنی کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و سیاسیەکان پێویستی بە حکومەتێکی پێکهاتە جیاواز هەیە، ئەوە جیا لەم کاریگەریانە کە لەسەر حکومەتی داهاتوو دروستی دەکات هاوکات دەنگی دەنگدەریش لێردا دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە ئاخۆ دەنگدەر دەنگی بە لایەنێکی سیاسی داوە تەنها بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی کورسیەکانی یاخود کارکردن و خزمەتکردنی دەنگدەرەکە لێرەدا کاریگەریش دەخاتە سەر نەمانی متمانەی هاوڵاتیان لەسەر ئەو لایەنە سیاسیانە یاخود لێکداوەی دیکەی بۆ دەکرێت، بەشداریکردن و نەکردنی ئەم لایەنانە لەناو کۆی پرۆسەی هەڵبژاردن کاریگەریەکی ئەوتۆ نابێت ئەگەر بێتو بەشداری لە حکومەت و پەرلەماندا نەکات، چونکە ئەوکاتە دەبێتە فریودەری دەنگی دەنگدەر و لەدەستدانی متمانەی هاوڵاتیان.
بەشداریکردنی هەر لایەنێک لە پرۆسەی هەڵبژاردن بەواتای چاکسازی کردن و گۆڕانکاری لەناو سیستمی سیاسی هەر وڵاتێکدا دێت، بەڵام ئەوەی ئیستا لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت بایکۆتکردنی پێکهێنانی حکومەت یەک مانا لەخۆ دەگرێت ئەویش دوورکەوتنەوە لە ئامانجە سەرەکییەکە ( بەرژەوەندی هاوڵاتیان). کاریگەری بەشدارینەکردنی زۆرینەی لایەنەکان لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە دەبێتە لێدانی بەرژەوەندی گشتی و بەرزکردنەوەی بەرژەوەندی تایبەتی.