دۆناڵد ترەمپ باجی زیاتر بەسەر هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل و دەرمان دەسەپێنێت
کەژان
٢٧ی ئازاری ٢٠٢٥
دۆناڵد ترەمپ باجی زیاتر بەسەر هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل و دەرمان بۆ ئەمریكا دەسەپێنێت، وڵاتانی هەناردەكار نیگەرانن و دەڵێن، بێ وەڵام نابن.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، رێژەی %25 باج لەسەر هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانە زیاد دەكەن كە لە وڵاتانەوە هاوردە دەكرێت، هاوكات باجی سەر هاوردەكردنی دەرمان و داریش زیاد دەكات.
سەرۆكی ئەمریكا، هەر لە كاتی بانگەشەوە رایگەیاند، كە باجی زیاتر بەسەر هاوردەی وڵاتاندا بۆ ئەمریكا دەسەپێنێت، هاوكات لە كاتی دەستبەكاربونیەوە بە چەند قۆناغێك دەستكردووە بە زیادكردنی ئەو باجانەوە ئەوەش كاردانەوەی نێودەوڵەتی و ناخۆیشی لێكەوتوەتەوە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەداوە، باجە نوێكان لە 2ی نیسانەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردن، بەڵام ئەو كۆمپانیانە ناگرێتەوە كە كارگەكانیان لە ناوخۆی ئەمریكادا كاردەكەن.
وەكو پاساوێكیش بۆ بڕیارەكەی وتی، ئەگەر لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتییەكەیدا باجی لەسەر هاوردەكردنی پۆڵا نەسەپاندایە، ئێستا ئەو كەرتە لە ئەمریكا مایەپووچ دەبوو، بەڵام ئێستا گەشە دەكات.
لەبەرانبەردا حكومەتی ژاپۆن رایگەیاند، ئەو باجە زیادانەی ئەمریكا جێگەی نیگەرانییە و هۆشداریدا لەوەی كە كاریگەری لەسەر پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەردولا و ئابووری جیهانیش دەبێت.
هاوكات ئۆرسۆلا ڤۆندەر لاین سەرۆكی كۆمسیۆنی یەكێتی ئەوروپا نیگەرانی لە بڕیارەكەی ترەمپ دەربڕی و رایگەیاند، لە گفتوگۆكدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوییەكانیان.
لە لایەكی دیكەشەوە، لولا دا سیلڤا، سەرۆكی بەرازیل رایگەیاند، وڵاتەكەی ناتوانێت بێدەنگ بێت لە بەرانبەر بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ، بۆیە ئەو رێگایە دەگرنەبەر كە پێیان وایە سودی بۆ وڵاتەكەی دەبێت.
هاوكات، كۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێلی ئەمریكی لە راگەیەنراوێكدا هۆشداریدا لەوەی ئەو باجانەی كە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە سەپێنراوە نابێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخ، ئاماژەیان بەوەشكردووە، زۆر گرنگە ئەو باجانە بە شێوەیەك جێبەجێ بكرێن كە نرخەكان بۆ بەكاربەران بەرز نەبێتەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە كە بەپێی ئامارەكان ساڵی رابردوو ئەمریكا سێ ملیۆن و 700 هەزار ئۆتۆمبێلی لە ژاپۆن و ئەوروپا و كۆریای باشوور هاوردە كردووە.
دوای كاردانەوەكانیش لەبەرامبەر بڕیارە نوێكەی، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵەوە هەڕەشەی نوێی كرد و رایگەیاند، ئەگەر یەكێتی ئەوروپا لەگەڵ كەنەدا دەست تێكەڵ بكات بۆ ئەوەی زیانی ئابوری بە ئەمریكا بگەیەنن، ئەوا باجی گەورەتر لەوەی ئێستا دەدەن و باجی زیاتر لەوەیان بەسەردا دەسەپێنن كە پلانیان بۆ داناوە.