بڕیارە رۆژی پێنج شەممە وەفدێكێ ئەمریكا بە سەرۆكایەتی  مایك واڵتز، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و ئۆشا ڤانس، هاوسەری جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆكی ئەو وڵاتە  سەردانی گرینلاند بكەن، سەردانەكە لەكاتێكدایە كە لە 11 ی ئادار هەڵبژاردنی حكومەتی گرینلاند ئەنجامدرا و ئۆپۆزسیۆن سەركەوتنی بەدەستهێنا.

سەبارەت بە سەردانەكە میوت ئیگید سەرۆك وەزیرانی ماوە بەسەرچوی گرینلاند وتی دەبێت ڕێز لە یەكڕیزی و دیموكراسی بگیرێت بەبێ هیچ دەست تێوەردانێكی دەرەكی، ئەمریكییەكانیش بە ڕوونی ئاگاداركراونەتەوە كە ناتوانرێت هیچ كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدرێت تا حكومەتی نوێ دەستبەكاردەبێت.

لەبەرانبەریشدا حكومەتی دانیمارك سەردانەكە بە نەشیاو ناودەبات چونكە لە كاتێكدایە كە حكومەتی گرینلاند پێكنەهێنراوە.

لای خۆیەوە دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا لە كۆتایی كۆبوونەوەی بەرپرسانی ئیدارەكەی لە كۆشكی سپی سەبارەت بە سەردانەكە وتی ئەمە هەنگاوێكی دۆستانەیە نەك بێزاركەر، وتیشی سەردانەكە لەسەر بانگهێشتی گرینلاند ئەنجام دەدرێت.

لەدوای هەڵبژاردنی بە سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ بانگەشەی كڕینەوەی گرینلاندی كرد لە دانیمارك و ئاماژەی بەوەكرد ئەو دوورگەیە بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافیی و ئەو كانزا بەنرخانەی كە تێیدایە، گرنگی ستراتیژیی هەیە و خاوەندارێتی و كۆنترۆڵكردنی پێویستییەكی ڕەهایە بۆ ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا. لەهەمانكات نیگەرانی خۆی دەربری لە پەرەسەندنی هەژمونی چین و ڕوسیا لە ناوچەكەدا. هاوكات ترەمپ بەكارهێنانی هێزی سەربازی یان ئابووری بۆ ڕازیكردنی دانیمارك بۆ ڕادەستكردنی گرینلاند ڕەتنەكردەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە دەسەڵاتدارانی گرینلاند هەر باسێكیان بۆ چوونە سەر ئەمریكا ڕەتدەكەنەوە و جەخت لەوەدەكەنەوە كە داهاتووی دوورگەكە تەنها لەلایەن دانیشتوانەكەیەوە دیاری دەكرێت.

هەروەها مێت فرێدرێكسن سەرۆك وەزیرانی دانیمارك ڕایگەیاند، گرینلاند بەشێكە لە شانشینی دانیمارك و زەوییەكانمان و بۆ فرۆشتن نییە.

گرینلاند، گەورەترین دوورگەی جیهانە و هەرێمێكی ئۆتۆنۆمیەو سەر بە دانیماركە ژمارەی دانیشتووانەكەی تەنها 57 هەزار كەسە.