لە تورکیا 13 سەرۆک شارەوانی دورخراونەتەوە
هادی
٢٥ی ئازاری ٢٠٢٥
لە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا لە 31ی ئاداری 2024، تائێستا 13 سەرۆكی شارەوانی لە باكوری كوردستان و توركیا دوورخراونەتەوە و قەیوم لە شوێنەكانیان دانراوە.
وەزارەتی ناوخۆی توركیا بە بیانووی جیاجیا ژمارەیەكی زۆر لە سەرۆكی شارەوانییەكانی لە پۆستەكانیان دوور خستوەتەوە، هەندێكشیان بە تۆمەتی كاری سیاسی یاخود هاوكاریكردنی رێكخراوی قەدەغەكراو یان بوونی گەندەڵی دەستگیركردووە و سزای زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێنراوە.
لە دوایین پێشهاتدا، رۆژی 19ی ئەم مانگە وەزارەتی ناوخۆی توركیا ئەكرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستەنبوڵ و محەمەد موراد چەلیك سەرۆكی شارەوانی ناحیەی بەیلیكدوزو لە پۆستەكانیان دوورخستەوە، هەمان رۆژیش قەیوم بۆ شارەوانی شیشلی دانرا.
هەروەها رۆژی 3ی حوزەیرانی 2024 وەزارەتی ناوخۆی توركیا قەیومی لە شوێنی سەرۆكی شارەوانی هەكاری دانا و (محەمەد سیدیدك ئاكیش)ی سەرۆكی شارەوانی دەستگیركرد، لە 5ی حوزەیران سزای 19 ساڵ و 6 مانگ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێنرا.
هاوكات ئەحمەد عوزێر، سەرۆكی شارەوانی جەهەپەی ئەسێنیورت، لە 30ی تشرینی یەكەمی 2024 بە تۆمەتی "ئەندامێتی ڕێكخراوێك"دەستگیركرا، جان ئاكسۆی جێگری پارێزگاری ئەستەنبوڵ لە 31ی تشرینی یەكەم وەك قەیوم لە شوێنەكەی دانرا.
لە رۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2024یش پۆلیس هەڵیكوتایە سەر گەورەشارەوانی مێردین و شارەوانییەكانی ئێلح و خەلفەتی رەحا، قەیووم لە جێگەی سەرۆك شارەوانییەكان دانرا، 29ی مانگیش هاوسەرۆكی شارەوانی مكسی وان لە ئەركەكەی دوورخرایەوە و قەیوم لە جێگای دانرا، بە تۆمەتی پڕوپاگەندەی رێكخستن سزای سێ ساڵ و 11 مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.
هەروەها هاوسەرۆكانی شارەوانییەكانی ئاكدەنیزی مێرسین ( نوریە ئارسلان و هۆشیار ساریلدیز) لە 10ی كانوونی دووەمدا دەستگیر كران و دواتر زیندانی كران، لە 14ی مانگیش قەیوم لە شوێنیان دانرا.
هەروەها بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە ڕێكخستن” لە 28ی كانوونی دووەم هاوسەرۆكی شارەوانی سێرت سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانی بەسەردا سەپینرا، وەزارەتی ناوخۆش قەیومی لە شوێنەكەی دانا.
هەروەها عەبدوڵا زەیدان هاوسەرۆكی گەورە شارەوانی وان، بە تۆمەتی “یارمەتیدانی ڕێكخستن” دادگایی كرا و سێ ساڵ و نۆ مانگ سزای زیندانی بۆ بڕایەوە، لە 15ی شوباتی 2025 قەیووم لە شارەوانییەكە دانرا.
لە 24ی شوباتی 2025 هاوسەرۆكی شارەوانی قاخزمانی سێرت بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە ڕێكخستن” دادگایی كرا و شەش ساڵ و سێ مانگ سزای زیندانی بەسەردا سەپێنرا و قەیوم لە شوێنەكەی دانرا.
حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیاش بەتایبەت دەم پارتی و جەهەپە داوا لە دەسەڵاتدارانی توركیا دەكەن، دەستبەسەراگرتنی شارەوانییەكان رابگرێت، لەبەرئەوەی بە دەنگی خەڵك و بە هەڵبژاردن سەرۆكی شارەوانییەكانیان وەرگرتووە.