لە ناحیەی مەنسێهرا لە پارێزگای خەیبەرپختونخوا لە پاکستان گوندێک هەیە کە پەیوەندی پتەوی نێوان شوێنکەوتووانی مەزهەبی سونە و شیعە لەخۆدەگرێت.

 

ئەم راپۆرتە لە بی بی سی وەرگیراوە 

 

ئەم مزگەوتە کۆکەرەوەی دوو مەزهەبی دژبەیەکی ئیسلامە کە 'سونە' و 'شیعە'ـن، لەبەرئەوەی هەردوو مەزهەبەکە ئەو مزگەوتە بۆ پەرستش بەکاردەهێنن.

 

پەرستشەکان بەجۆرێکە، گروپێک پەرستش ئەنجام دەدات و گروپی دوای 15 خولەک دێن پەرستشی خۆیان ئەنجام دەدەن؛ لە بنەڕەتدا مزگەوتەکە تایبەتە بە شیعەکان، بەڵام پارەی کارەبا و پێداویستییەکانی دیکە پێکەوەدەدەن.

 

بانگ لە مزگەوتەکەدا بەپێی نوێژەکان دابەشکراوە، شیعەکان بۆ نوێژی بەیانی و نیوەڕۆ و عەسر بانگ دەدەن، سونەکانیش بۆ نوێژی ئێوارە و خەوتنان بانگ دەدەن.

 

لە مانگی رەمەزاندا سونەکان چەند خولەکێک پێش شیعەکان بەرنابگ دەکەنەوە، لە گوندی 'پیرا' مزگەوتی دیکە هەیە، بەڵام مزگەوتی ناوەندی گەورەترینە.

گوندەکە پێنج هەزار کەسی تێدایە، مەزهەبیان جیاوازە و پێکەوە بە ئاشتی دەژین، لە شادی و ناخۆشی یەکدیدا پێکەوەن، گۆڕستانەکەیان هاوبەشە و هاوسەرگیریش لەنێوان پەیڕەوانی دوو مەزهەبەکەدا ئەنجام دەدرێت.

 

محەمەد سدیق خۆی سونەیە و هاوسەرەکەی شیعەیە، دەڵێت، "بەویستی خۆم لەگەڵ کچێکی شیعەدا هاوسەرگیریم کرد، بەڵام بۆ رازیکردنیان زۆر هەوڵمدا، هەوڵدانەکەشم بەهۆی جیاوازی مەزهەبییەوە نەبوو، بەڵکو رازیکردنی بنەماڵەکان بۆ هاوسەرگیرییەکی عاشقانە کارێکی ئاسان نییە".

 

ئاماژەی بەوەشداوە، "18 ساڵ بەسەر هاوسەرگیریەکەماندا تێدەپەڕێت، بەڵام لەگەڵ هاوسەرەکەمدا بە جیا پەرستشی خۆمان ئەنجام دەدەین".

 

ئەمجەد حسێن شاهـ دانیشتویەکی دیکەی گوندەکەیە، دەڵێت، "هەدنێک دایک و باوک هەن لە گوندەکەدا کە پەیڕەوی مەزهەبێکن بەڵام منداڵەکانیان پەیڕەوی مەزهەبێکی دیکەن، چونکە خەڵکی ئێرە دەزانن بابەتی مەزهەب شتێکە پەیوەندی بە تاکەکانەوە هەیە".

 

سەید مەزهەر عەلی پەیرەوی مەزهەبی شیعەیە دەڵێت، "خێزانی زۆر هەیە لە گوندەکەدا کە ژنەکە سونەیە و پیاوەکە شیعەیە، هەندێک خێزانی دیکە هەن بە پێچەوانەوە، هەروەها هەندێک خێزان هەن کوڕێکیان سونەیە و براکەی شیعەیە، لە هەندێک خێزانی دیکەدا باوک سونەیە و کوڕەکانی شیعەن".

 

لە جەژنی قورباندا بنەماڵە شیعە و سونەکان پێکەوە ئاژەڵەکان دەکڕن و قوربانی دەکەن، سەید سەجاد حسێن کازمی، بانگخوازی سوننەیە و دەڵێت: کاتێک یادی لەدایک بوونی محەمەد پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) دەکەن، شوێنکەوتوانی شیعەش بەشداری دەکەن، هەروەها لە مانگی موحەڕەمدا سونەکان بەشداری لە مەراسیمی ماتەمینی شیعەکان دەکەن.

 

نزیکەی 100 ساڵ پێش ئێستا، زۆرینەی دانیشتوانی گوندی پیرە سونە بون و حەزێکی بەهێزیان بۆ سۆفیگەری هەبوو، هەموویان نەوەی دامەزرێنەری گوندەکە بوون کە ناوی 'سەید شا محەمەد' بوون، بەڵام نەوەکانی دواتری سەید محەمەد شا، بوونە شیعە و لەئێستادا بنەماڵەکە هەموویان شیعەن.