جیهان لەبەردەم دووڕیانێکی چارەنوسسازە، کاتێک پێکەوەگرێدانێکی بێوێنە لەگەڵ لوتکەی نا ناسەقامگیری باڵی بەسەر جهیاندا کێشاوە. هەرچەندە جیهانگیری لە سەرەتاکانیدا لە ڕێگەی بازرگانی نێوان شارستانیەتە کۆنەکان دەستیپێکرد، ئەمڕۆ خێرایی و ئاڵۆزیەکەی گەیشتۆتە ئاستێکی بێوێنە. سنوورەکان سەردەمانێک هێڵی پۆڵاین بوون و سەروەرییان پێناسە دەکرد، ئێستا کاڵ دەبنەوە و وەک پارچە سەهۆڵێک دەتوێنەوە بە هۆی  ئاڵوگۆڕی ئابووری و زانیاری و کولتوورییەکان کە هەموو سنوورێکی تێپەڕاندووە. ئەم ئاڵوگۆڕە خێرایە کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لەسەر ئابووری کۆمەڵگاو ژیان و ناسنامەی تاکەکانی کۆمەڵ لە دووترتین گۆشەکانی سەر ئەم هەسارەیە. ئەم پێکەوەگرێدراویەی جیهان هۆکارە بۆ ئەوەی شەپۆلەکانی قەیرانی ناوچەیەک بەخێرای گوزەربکات بۆ ناوچەکانی تر و پرسە ناوخۆییەکان ببن بە جیهانی و پرسە جیهانییەکانیش بە ناوخۆیی.

ئەو پێکدادانانەی ئەمڕۆ دەیبینین درێژەپێدانی ململانێ دێریەنکانە بۆ بەدەستهێنانی سەرچاوە و کاریگەری و باڵادەستی. بە درێژایی مێژوو کێبڕکێی دەسەڵات بۆتە هۆکاری ناکۆکی و جەنگ لە نێوان دەوڵەت و شارستانیەتە دێرینەکان و ئەمڕۆش بزوێنەری ڕکابەرییە جیۆپۆلەتیکیەکانە لە جیهانێکی بەیەکەوگرێدراو. جەنگی ئۆکرانیا و شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مشتێکن لە خەروارێک کێشەی هەڵپەسێردراو لە سەرتاپای جهیان لە نێوان زلهێزەکان. ئەم جەنگ و پێکدادانانە دیمەنێکی جیۆپۆلەتیکی وەهای درووست کردووە کە هەم ترسناکە وهەم ناجێگیر.

نابێت  گەلی کورد بێباک بێت بەرامبەر ئەم گۆڕانکاریە گەورانەی جیهان. مێژووی ئێمە وەک گەلی کورد پڕە لە ململانێ لەگەڵ  داگیرکەر و زلهێزە کۆلۆنیالیزمەکان و دەوڵەتەکانی دراوسێ. مێژوومان  هەوڵێکی بێوەچان بووە بۆ پارێزگاری کردن لە ژیان و زمان و مافە نەتەوایەتیەکانمان و دانپێدانان بە شوناسی نەتەوایەتمان. هەڵبەتە دونیای ئەمڕۆ زۆر جیاوازترە لەو سەردەمانەی گەلەکەمان دەستیکردووە بە خەباتی چەکداری. ئەمڕۆ مرۆڤایەتی لەبەردەم دووڕێیانێکدایە و پێویستە ئێمەی کورد لە خۆمان بپرسین کوردستان چۆن دەتوانێت لەم ساتە وەختەی داڕمانی جیهاندا، بەردەوامی بەگەشتەکەی بدات. گەشتێک بەرەو ئارامی و خۆشگوزەرانی.

گەشتی خەباتی کورد: سەرکەوتن و کارەساتەکان

مێژووی کوردستان مێژووی ئازایەتی و کۆڵنەدانە. سەرەڕای سەرکەوتنەکان و قوربانییەکان کە جێگەی شانازیە، مێژوومان لە نسکۆ و ڕەوی بەکۆمەڵ و براکوژی بێ بەش نیە.

دەوترێت کە  مارک سایکس و فرانسوا جۆرج پیکۆ لەسەر دەستەسڕی قاوەخانەیەک یەکەم ڕەشنوسسی دابەشکردنی چەندین ووڵات و نەتەوەیان  وێنا کردووە کە دواتر بووە بە بنچینەی ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ لە ساڵی 1916. ئەو دەستەسڕە نالەبارە  نەتەوەی ئێمەی پارچە پارچەکرد و بووە هۆی جەرگسوتانی ملێۆنەها دایک. ئامانجی ئەم دابەشبوونە روون و ئاشکرایە (دابەشکردن بۆ لاوزاکردن و پاشان داگیرکردن). ئەم پلانەیان بۆ هەموو نەتەوەکانی ئەم ناوچەیە سەرەکەوتوو بوو بە گەلی کوردیشەوە و دوو بەرەکی و جەنگ و وێرانکاری هەتا ئەمڕۆش هەر بەردەوامە. دەوڵەمەنترین خاکی جهیان و خاوەنی کۆنترین شارستانی جیهان قەرزارە و پڕ لە قەیرانە. هەرچەندە داگیرکردن بە شێوازی ڕاستەوخۆ کۆتایی پێهاتووە بەڵام داگیرکردنی ناڕاستەخۆ هەر بەردەوامە. جیاوازیەکەی ئەوەیە پێشتر تەنها یەک داگیرکەر لە یەک کاتدا داگیری دەکردین بەڵام ئەمڕو لە پشت پەردەوە گشت زلهێزەکەن یاری بە پەتەکان دەکەن.

بە درێژایی سەدەی بیستەم، چەندین جار خەباتی گەلی کورد بۆ سەربەخۆیی لە ڕێڕەو دەرچووە. لە ساڵی ١٩٧٥ ڕێککەوتنی جەزائیر لە نێوان ئێران و عێراق کۆتایی بە شۆڕشێکی ئومێدبەخشی کورد هێنا. لەم دواییانەدا، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ٢٠١٧-جارێکی تر بیری هێناینەوە کە کورد جگە لە چیا هیچ دۆستێکی نیە. ئێمەی کورد دڵسافیمان زۆر جار دەگاتە ڕادەی گێلی. بیرەوەریمان وەک بیری ماسی وایە زۆر زوو مێژوومان لەبیر دەچێتەو و دەکەوینەوە ناو ئەو خەیاڵەی کە دۆست و پشتیوانمان هەیە. زانست و مێژوو سەلماندویانە کە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی هیچ دۆستێک تاسەر دۆست نیە و زۆر جار دۆستەکان لە چرکە ساتێکدا دەبن بە درندەترین دووژمن. مێژووی کورد پڕە لەو نمونانە کە دەکرێت بکرێتە پەند و وانە بۆ نەتەوە چەوساوەکانی تر.

کەچی سەرەڕای ئەم پاشەکشانە، ڕۆحی نەتەوەکەمان بە زیندووی ماوەتەوە. لە ئاوەدانکردنەوەی نیشتیمان و ساڕێژکردنی برینەکان و پاراستنی کولتورە دەوڵەمەندەکەمان، بەردەوام خۆڕاگریمان نیشانداوە. دەتوانین زۆر وانەی بەنرخ لەمێژوومان وەبگرین وەک بەرخودان و بەرگەکردن لە  کاتێکدا پێدەنێینە قۆناغێکی نوێ لە جیهان . قۆناغی ئایندەیەکی نادیار و ترسناک کە لە هەموو کات زیاتر پێوسیتی بە بەرخودان و بەرگەکردن هەیە.

جیهانێک لە لێواری داڕمان: وانەکان لە مێژووەوە

پێشینان فەرمویانە (مانگ هەر سەر لە ئێوارە دیارە).  دیمەنی جیهانی ئەمڕۆ زۆر لە ئیوارەی پێش هەڵهاتنی جەنگی جیهانی یەکەم و دووهەم دەچێت. زۆر لە ئێوارەی چەندین شەوی سەختی بێ مانگ دەچێت.  بارودۆخی ئەمرۆی جیهان لێکچوونێکی ترسناک و نیگەرانکەری هەیە لەگەڵ بارودۆخی ماوەیەک پیێش هەڵگیرساندنی هەردوو جەنگی جیهانی. گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان لە  هەموو ناوچەکانی جهیان ڕەنگدانەوەی جیهانێکە کە لە لێواری داڕماندایە. زلهێزەکان وەک هەردەم کێبڕکێ لەسەر باڵادەستی دەکەن. ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامان و هەڵوەستەیە کە ترس و  بێمتمانەیی لە نێوان زلهێزەکان گەشتۆتە ڕادەیەکی مەترسیدار. هاوشێوەی ئەو سەردەمانەی کە جەنگی جهیانی یەکەم و دووهەمی لێکەوتەوە، سیمای دوو بەرەی دژ بە یەک دەرکەوتووە. گەلان لە پێشەکەوتنێکی خێرای خۆ پڕ چەککردن و ئامادەکاری جەنگن، نەک بۆ شەڕانگێزی بەڵکو لە ترسا.

هەمان ئەو لۆژیکە کە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمی لێکەوتەوە، ئەمڕۆ بە ڕوونی لە ووتارەکانی زلهێزەکاندا دیارە. گومانی زۆر لەیکەتری، نەبوونی متمانە و ترس لەوەی ئەگەر لایەک پێشوەختە هێرش نەکات، لەوانەیە ببێتە قوربانی هێرشی لەناوبەری لایەنەکەی تر. زلهێزەکانی جیهانی ئەمڕۆ لە پێشبڕکێیەکدا گیریان خواردووە کە کاتی وەڵامدانەوەی میکانیزمەکانی بەرگری ئۆتۆماتیکی چەکی ئەتۆمی کەمبکەنەوە بۆ کەمتر لە یەک چرکە. پاڵنەر بۆ خێراکردنی وەڵام بەم شێوەیە نیشانەیەکی ڕوونە کە ئەو بێ متمانەی لە نێوان زلهێزەکان لە لوتکەیە و راگرتنی هاوسەنگی ئەستەمە.

بۆ گەلی کورد ئەم گێژاوەی باڵی کێشاوە بەسەر  جیهان هەم ئاڵانگاریە  و هەم دەرفەت. ئێمەی کورد پێویستە ئامانجەکانمان بگونجێنین لەگەڵ جیهانێکدا کە تەنانەت هەڵبژاردنەکانیش بوونەتە گۆڕەپانی شەڕ لە نێوان ووڵاتان. سەرهەڵدانی شەڕی زانیاری، کە میدیا و پلاتفۆرمە کۆمەڵایەتییەکان وەک چەک بەکاردەهێنرێن بۆ شێواندنی بیروڕای گشتی،  پێویستیەکی بەپەلە دەهێنێتە کایەوە بۆ یەکڕیزی و خۆڕاگری لەم پارچەیەی کوردستان کە بنەما و بنچەینەیەکمان دامەزراندووە بۆ جۆرێک لە حوکمڕانی سەرەڕای هەموو کەمووکوڕیەکان وگلەییەکانی خەڵک.

پێکهێنانی حکومەتی هەرێم: تا زوو بکرێت درەنگە

وەک باسکرا جیهان زۆر مەترسیدارترە لەوەی کە ویێنا دەکرێت، رۆژ لە دوای رۆژ پرسەکان بەخێرایی ئالۆزتر و ناجێگیرتر دەبن.  گەلانی جیهان هەنگاوی چالاکانە دەنێن بۆ پاراستنی میلەتەکانیان لە مەترسیەکان. بۆ نموونە سوید زۆر نابێت زیاتر لە پێنج ملیۆن پەرتوکی بڵاو کردۆتەوە بە ناوی "ئەگەر قەیران یان شەڕ هات" ، کە ڕێنمایی وورد پێشکەش دەکات بە هاووڵاتیان کە چۆن ئامادەکاری بکەن لە کاتی سەرهەڵدانی ململانێی سەربازی و کارەساتی سروشتی. بە هەمان شێوە ئەڵمانیا ژێرخانی بەرگری شارستانی فراوانتر دەکات و ئامادەکاری دەکەن کە وێستگەی شەمەندەنفەرکانیان بکەن بە حەشارگە لە کاتی سەرهەڵدانی جەنگ، فینلەندا و نەرویج ڕێوشوێنی ئامادەکاریی فریاگوزاری خۆیان نوێ دەکەنەوە، تایوانیش بەرگری شارستانی خۆی بەهێزتر دەکات. ئەم کردارانە هەم نیشانەیەکی گرنگن کە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی گاڵتە نیە. لەهەمان کات دەریدەخەن کە کات هاتووە ئێمەی کوردیش یەکگرتوو ئامادە بین. بەڵام ئایا ئێمە دەتوانین یەکگرتوو و ئامادەین؟

لەبری پلان و ئامادەکاری بۆ ئایندە، ئێمەی کورد تا ڕادەیەک لە ڕابردوودا دەژین، زۆرجار تۆکمەترین پلانی مەودای دوورمان پلانی ئامادەکاریە بۆ سەیرانی سبەینێ.  دیمەنی سیاسی لە کوردستاندا نوقمی ململانێی قوڵە لە نێوان پارتە سیاسیەکان. تانە و توانجەکانی پارتەکان لە یەکتری زیاتر دەربارەی بەخیانەتکارناسادنی یەکدی دێت لە ڕابردوو و زۆر کەمتر باس لە داهاتوو دەکرێت. ناکۆکی لەسەر بەشکردنی پۆستەکان ئەگەری هەیە درووستکردنی کابینەی نوێ دوابخات. ئەگەر هەیە ناکۆکیەکان بگاتە ڕادەی دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن کە ئەگەر ڕوو بدات ووڵاتمان دەخاتە بەردەم ئایندەیەکی نادیار.دیمەنی ئەمڕۆی ئەم پارچەیەی کوردستان وەک ئەوەیە کۆمەڵێک کەس لە ناو کەشتیەک خەریکی شەڕ و ململانێی بن لەسەر ئەوەی کێ کاپتن بێت لە کاتێکدا کە کەشتیەکە بەرەوڕووی نغرۆبوون ئاراستە دەکات. لەبری ئەوەی پەنجەکان یەکتر بشکێنن پێویستە پەنجەکان سەرەداوی پەتەکان بگرن و ئاراستەی میلەتەکەمان بکەن بەرەو یەک ئامانج . بەرەو ئامادەکاری و خۆپارێزی و مانەوەی میلەتەکەمان لە کاتێکدا جیهان گەشتۆتە سەر لێواری داڕمان.

کابینەی نوێ و ئامادەکاری و خۆڕاگری

پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و دڵسۆز گرنگترین و یەکەم هەنگاوی گەیاندنمان بە کەناریێکی ئارام.  کاتێک حکومەت دامەزرا، پێویستە دەستبەجێ ڕێوشوێنی پاراستنی کۆمەڵگا جێبەجێ بکات بۆ پاراستنی میلەتەکەمان لە کاتی سەرهەڵدانی کارەساتە جهیانیەکان. بۆ نمونە:

-        بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک: گەشەپێدانی توانای کشتوکاڵی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هاوردەکردن و دەستەبەرکردنی دابینکردنی خۆراکە سەرەکیەکان لە کاتی پچڕانی هاوردە بەهۆی جەنگ یان کارەساتە سروشتیەکان.

-        ئامادەکاری بۆ فریاگوزاری: پەرەپێدانی سیستەمی بەهێز بۆ وەڵامدانەوەی کارەسات، لەوانەش پەناگە،کۆگای خواردەمەنیە سەرەکیەکان و  تیمەکانی وەڵامدانەوەی خێرا، و پەروەردەی کۆمەڵگا و ئاگادارکردنەوەیان کە چی بکەن لەکاتی کارەساتەکان.

-        خۆگونجاندن لەگەڵ کەشوهەوا: وەبەرهێنانی ستراتیژ بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر کشتوکاڵ، سەرچاوەکانی ئاو و تەندروستی گشتی و زیادبوونی لافاو و کارەساتە سروشتیەکانی تر.

-        بەهێزکردنی متمانەی گشتی: دەستپێکردنی دەستپێشخەری شەفاف و گشتگیر بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی متمانە بە دامەزراوەکانی حکومەت، دەستەبەرکردنی هاوکاری گشتی لە کاتی قەیرانەکاندا.

-        هەمئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ: گفتوگۆکردن و هەمئاهەنگی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ بۆ تێگەیشتن لە ئامادەکاریەکانی ئەوان ( ئەگەر هەبێت) و ڕێکەوتن لە سەر میکانیزمە گونجاوەکانی هاوکاری یەکدی لە کاتی جەنگ و کارەساتە سروشتیەکان بۆ پاراستنی هاونیشتیمانان.

گەر کابینەی نوێ لەدایک بێت و ئەم ئەرکانە بە باشی جێبەجێ بکات، ئەگەری هەیە قەیرانەکان ببنە فرسەت بۆ گەلێکی چەوساوە کاتێک چەوسێنەرەکان لەگەڵ یەک دەجەنگێن و تۆڵەی بەرودوای نەهامەتیەکانی نەتەوەو چەوساوەکان لە یەکتری دەکەنەوە.

ئامادەکاری بۆ جیهانێکی نوێ

لەگەڵ نیشتنەوەی تۆز و خۆڵی جەنگی ڕکابەرە جیۆپۆلەتیکییەکانی ئێستا، ڕەنگە جیهانێکی نوێ سەرهەڵبدات. ڕەنگە سنورەکان بسڕینەوە، بەو سنورانەشەوە  کە سایکس و پیکۆ لەسەر دەستەسڕە نالەبارەکە وێنایان کێشا. نەتەوەی ئێمە کە جهیانیان فێری زانست وشارستانی و کشتوکاڵ کرد، دەتوانن جارێکی تر جیهان فێری ئاشتی و میواندۆستی و بیری چال ووتەی چاک و کرداری چاک بکەنەوە.