ئەمڕۆ 78 ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی قازی محەمەد تێپەڕدەبێت
٣١ی ئازاری ٢٠٢٥
78 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر لەسێدارەدانی قازی محەمەد دامەزرێنەری یەكەم كۆماری كوردستان، ئەو كۆمارەی یەكێكە لە گەورەترین رووداوەكانی مێژووی هاوچەرخی كورد، كەتیایدا بۆ یەكەمجار لەمێژووی نوێدا، كورد توانی كۆمارێكی سەربەخۆ دابمەزرێنێت، ئەگەرچی تەمەنی كۆمارەكە كەمبوو، بەڵام توانی فەرمانڕەوای ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بكات و دامودەزگاكانی حكومەت دابمەزرێنێت و بە ئازادی گۆڤارو رۆژنامە دەربكات و هەوڵی بە كوردیكردنی خوێندن بدات.
قازی محەمەد كوڕی قازی عەلی لە یەكی ئایاری 1893 لە شاری مەهاباد لەدایكبووەو لەمنداڵییەوە خولیایەكی زۆری بۆ زانست و فێربوونی زمانەكان هەبووە، جگەلە فارسی و عەرەبی، ئینگلیزی و فەرەنسی و روسی زانیوەو كەسایەتییەكی كۆمەڵایەتی بووە، بەردەوام لەنێو زانایان و كەسایەتییە نیشتمانپەروەرو سەرۆك هۆزەكاندا بووە.
لە چلەكانی سەدەی رابردوو لەبەر گرنگیدانی بە زانست و مەعریفەی خەڵك بەرپرسیارێتی فەرمانگەی فەرهەنگ و ئەوقافی مەهابادی وەرگرتووە، دوای مردنی باوكی بە قازی ( دادوەر)ی شار هەڵبژێردراوە، هەر لە سەردەمی ئەودا یەكەم قوتابخانەی كچان لە مەهاباد كراوەتەوە.
دوای سەرهەڵدانی راپەڕینێكی جەماوەری لە ساڵی 1941 و كۆنترۆڵكردنی زۆربەی ناوچە كوردییەكان ، لە شاری مەهاباد لیژنەیەك لە كەسایەتی و سەرۆك هۆزەكان دەسەڵاتی ناوچەكەیان گرتە دەست و پارتێكی سیاسی بەناوی كۆمەڵەی ژیانەوەی كوردستان ( ژێ كاف) دامەزراو قازی محەمەد بەسكرتێری پارتەكە هەڵبژێردرا.
لە ئەیلولی 1945 قازی محەمەد و هاوڕێكانی بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی سەردانی تەبرێزیان كردو لەگەڵ كونسوڵی یەكێتی سۆڤیەت كۆبوونەوە، لەوێش ئاگاداركرانەوە كە پارتی دیموكراتی ئازەربایجان دەستی بەسەر پارێزگای تەبرێزدا گرتووە، قازی محەمەدیش هەمان هەوڵەكانی دەستپێكردو دوای چەند مانگێك لە دامەزراندنی حزبی دیموكراتی كوردستان لەسەر بنەمای كۆمەڵەی ژیانەوە، لە رۆژی 22ی كانونی یەكەمی 1945 بەئامادەبوونی جەماوەرێكی زۆر و نوێنەرانی هەر چوارپارچەی كوردستان كۆماری كوردستانی راگەیاند و حكومەتێك لە سەرۆك وەزیران و 13 وەزارەت پێكهێنرا.
دوای 11 مانگ لە تەمەنی كۆمار لە 26ی ئاداری 1946 بەهۆی گوشاری ئەمریكاو رۆژئاوا، یەكێتی سۆڤیەت لە باكوری ئێران كشایەوەو سوپای حكومەتی پەهلەوی ئێران لە21ی ئاداری 1946 دەستی گرت بەسەر شاری تەبرێزدا و كۆماری ئازربایجانی رووخاند، دواتریش پەلاماری ناوچە كوردییەكانی داو لە 15ی كانوونی یەكەم دەستیگرت بەسەر شاری مەهاباددا، ئەوەش دوای ئەوەی قازی محەمەد لەنێوان پاراستنی گیانی خەڵك و بەرگریكردن لەكۆمارەكەی بڕیاری شەڕنەكردنی هەڵبژاردو رایگەیاند،(من خۆم فیدای خەڵكی دەكەم و هیچكات وەك سەرانی ئازربایجان ناكەم، تا وڵاتەكەم لە خوێندا شەڵاڵ بێت و هەزاران كەس بەكوشت بچن). دواجار لە دادگایەكی نادادپەروەرانی سەربازی، بەتاوانی گۆڕین و دەستكاریكردنی نەخشەی وڵاتی ئێران و راگەیاندنی سەربەخۆیی و سازكردنی نەخشەی كوردستانی گەورە بە لكاندنی كوردستانی ئێران و عێراق و توركیا و سووریاو دانانی ئاڵای تایبەت بۆ كوردستان بەرەبەیانی رۆژی 31 ئاداری 1947 قازی محەمەد و سەدری قازی و سەیفی قازی لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد لەسێدارە دران.