بێتاقەتم و پەنا بۆ هەرقوژبنێکی بیرەوەرییەکانم دەبەم، زیاتر بێتاقەتم دەکات. بێتاقەتم بۆ رۆشتنی هەتاهەتایی ژمارەیەک لە دۆستانی ژیان و هاوڕێیانی خەباتم، بێ تاقەتی ئەو نووسینانەم بە نیوە ناچڵیی جێمهێشتن و تەواوم نەکردن.

لە دەفتەری بیرەوەرییەکانم لە رۆژی (28)ی مانگی ئابی ساڵی (1994) ئەم چەند دێڕەم نووسیووە، لەو رۆژگارە لە گەرمیان بووم و رۆژی پێشتر لەگەڵ کاک شەوکەتی حاجی موشیر و عەدنانی حەمەی مینە لە ناو شاری هەڵەبجە کەوتینە کەمینێکەوە و خالیدی پورزام و ئاموزایەکی کاک شەوکەت ناوی عەبدولرەحمان کاک سەرباز (ئەکرم کەریم خانەقینی)شەهیدبوون و کاک عەدنانیش بریندار بوو.

شەڕی ناوخۆ، شەڕی برا کوژیی، شەڕی خۆکوژیی، بەداخەوە ئەم بەڵایە لە کۆڵ کورد نەبۆتەوە لە دێر زەمانەوە.

 

نازانم کورد نەوەی راستەقینەی قابیلە یان هابیلە؟! ناشزانم قابیلمان زۆرە یان هابیل؟! بەڵام ئەوە دەزانم ئەم شەڕە نەگریسە بۆتە مایەی شکست و سەرنەکەوتنی بزووتنەوەی کوردایەتی، دەشزانم ئەم شەڕە سەرکەوتنی تێدا نییە و

لە هەمووی خراپتر، کورد وەکو پێویست ئەزموونی لەم رابردووە تاڵە وەرنەگرتووە.

داخەکەم هەر ئەو رۆژە تەرمی چەند شەهیدێکمان ناشت، لە ناخمدا بورکانی حەسرەت و خەفەت و فرمێسک کڵپەی دەکرد، بەڵام بەڕووکەش و بۆ ورەی دەووروبەر نەمدەتوانی وەکو خۆی دەریبرم، بۆیە هەر بە تەنها بۆ خۆم لەناخی خۆمدا مەلەم لە ناو ئەو بورکانەدا دەکرد و منیش وەکو دایکم چۆن بۆ لەدەستدانی کۆرپەکانی بە کۆڵ دەگریا و بە دڵیش دەسوتا، وام بەسەرهاتبوو، جاروباریش بە ئاگر شتێکم لەسەر دڵم دەنووسیی کە هەتا ئێستایش هەر داگیرساوە.

ساڵی(1993) ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوک بووم، کە بارەگای مەڵبەند لە دەربەندیخان بوو، کاک عوسمانی حاجی مەحمود جێگری لێپرسراوی مەڵبەند بوو، سنووری مەڵبەند بەرفراوان بوو بێجگە لە گەرمیان و حەوزی چەمچەماڵ، کۆمیتەی کەرکوک لە رانیە و کۆمیتەی کەرکوک لە هەولێر  و کۆمیتەیەکیش هەبوو بەناوی فەیلییەکانەوە لە سلیمانی، هەروەها شانەی رێکخستنە نهێنییەکانی بەغدا و خانەقی و کەرکوک سەر بە مەڵبەندی کەرکوک بوون. ژمارەیەکی باش کادری چاک و چالاک و دیاری ناوچەکە کارگێر و ئەندامی مەڵبەند و لێپرسراوی کۆمیتەکان بوون.

ئەوسا چوار مەڵبەندی رێکخستن هەبوون، مەڵبەندی دهۆک کاک حەسەن کوێستانیی لێپرسراوی بوو، کاک ئەرسەلان بایز لێپرسراوی مەڵبەندی هەولێر بوو، کاک عومەری سەید عەلی لێپرسراوی مەڵبەندی سلیمانی بوو، بەندەش لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوک بووم، کاک عومەر فەتاح لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستن بوو.

بە بریاری سەرکردایەتیی، رەوانشاد مام جەلال، بوو بە سەرپەرشتیاری مەڵبەندی کەرکوک و مولازم عومەر

بە سەرپەرشتیاری مەڵبەندی سلیمانی و کاک کۆسرەت بە سەرپەرشتیاری هەولێر و دکتۆر کمال فوئاد بە سەرپەرشتیاری مەڵبەندی دهۆک دیاریکران. ئەوسا نە سەتەلایت و نە مۆبایل، نە ئینتەرنێت هەبوو، پەیوەندییەکانم بە سەرەوە و بە دامودەزگاکانی یەکێتی و کۆمیتەکانەوە لەرێگای جیهازی بێسیمی راکاڵەوە بوو. ئەو کاتانە ژیان و گوزەرانی خەڵک زۆر خراپ بوو، شەڕی نەگریسی ناوخۆ هەبوو، گەمارۆی نێو دەوڵەتیی و عیراقیی و ناوخۆیی هەبوو، کارەبا نەبوو، وشکە ساڵیش بوو، سوتەمەنیش نەبوو. سەرەڕای ئەمانە خەڵکی کوردستان بە ئۆمێد بوون و هەموو غەمیان رزگاریی نشتیمانەکەیان بوو چونکە متمانە بە دەسەڵات و لایەنە سیاسییەکان، ئەوسا لە لوتکەدابوو، جارێ جیاوازیی خەڵک و خاون دەسەڵات دەرنەکەوتبوو.

 

ئەوسا شانە و پۆل و کەرتی رێکخستن کارا بوون، کۆبونەوەی رێکخستن و ئابوونە هەبوو، ئەوسا رێکخستن هەیبەت و رۆڵی شایستەی لە بڕیاردانی ناو یەکێتیدا هەبوو، ئەوسا مەڵبەند سەرچاوەی بڕیار بوو، لە ناوچەکەی خۆیدا، هەماهەنگیی و سەرپەرشتیی هەموو دامودەزگاکانی سنوورەکەی خۆی دەکرد، ئەوسا رێکخستن سەرچاوەی دەنگوباس و زانیاریی بوو، ئەوسا کادری رێکخستنی چالاک و بەهەیبەت و دیاری ناو جەماوەر بوون.

 

لەم نووسینەدا ناتوانم باسی یەکە یەکەی ئەو هەڤاڵانە بکەم کە چەند دڵسۆز و ئازا و بە وەفا بوون بۆ کورد و کوردستان و یەکێتی، بەشێکیان ئێستا لە ژیاندا ماون و بەشی زۆریان پلەی باڵایان هەیە، وەکو (م.س) و سەرکردایەتی و بەشەکەی تریان لە ژیاندا نەماون و کۆچی ئەبەدییان کردووە وەکو کاک حەمەنوری و وەسفیەخان و کاک عەلی شامار و کاک سەڵاح کوێخا و مامۆستا ئیکرام و کاک ئیسماعیل مەردان، ئەمان کارگێری مەڵبەند بوون. داخەکەم بۆ لەدەستدانیان، چەند بەنرخ و کامڵ و قارەمان بوون،  زۆر سوودم لە هاوڕییەتی ئەم تێکۆشەرانە وەرگردووە، زۆر شت لێیان فیربووم، داخەکەم زوو ئیمەیان بجێهێشت و بێبەش بووین لە نیعمەتی هاوڕێیەتییان.

مەڵبەندی کەرکوک وەکو دەزگایەکی یەکێتی، سەرەڕای جیاوازیی بیروڕا و ریزبەندیی جیاواز، بەڵام لە کاتی بڕیاردان و جێبەجێکردنی ئەرکەکاندا یەک تیم و یەک هەڵوێست بووین  لە ناو خۆماندا بۆ جێبەجێکردنی ئەرک و فەرمانەکان بۆ خزمەتی گەل و نشتیماندا .

 

یادی هەموویان بەخێر، قەت لە بیرناکرێن و بە ئاسانییش شوێنیان پڕناکرێتەوە. ئێستاش شانازیی بەو رۆژانەوە دەکەم کە لەگەڵ ئەو  هاوڕێیانەدا کارم کردووە، چەند بە سەلیقە و دڵسۆزییەوە کاریاند دەکرد وەکو یەک خێزان و بەردەوام بەیەکەوە بووین، بە یەکەوە جەولەمان دەکرد و سەردانی خەڵکمان دەکرد و لەسەر یەک سفرە نانمان دەخوارد و بەیەکەوە لە مەڵبەند دەماینەوە، بەردەوام لە خۆشیی و ناخۆشییەکاندا بەیەکەوە بووین.

هاوڕێیەتی لە بواری سیاسەتدا بە دەست خۆت نییە، جار هەیە تووش دەبیت بە هەندێ کەسەوە ئەگەر سیاسەت نەبێت چاوت بە چاوی ناکەوێت، بەڵام بە پێچەوانەوە جاریش هەیە دەبیت بە هاوڕێی هەندێ کەس تا مردن جێی شانازین و وەکو ئەڵماس دەبریسکێنەوە.

هەڤالانی مەڵبەندی کەرکوک بۆ من لەو سەردەمەدا ئەڵماس بوون و جێی وەفا و دڵسۆزین و لەگەڵما دەژین، بوونەتە سەرمایەی راستەقینەی ژیان و خەباتم، پەیوەندیم لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەی لە ژیاندا ماون بەردەوامە و جێگەی شانازییمن،  بەردەوام ئاگامان لە یەکترە، خوا تەمەنیان درێژ بکات و بێ بەش نەبم لە تیشکی رووناکییان.