ئەنجومەنی پشتیوانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە یادی 37 ساڵەی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا پەیامێکی بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکەدا هاتووە: "ئەمڕۆ یادی گەورەترین تاوانی دەرهەق بە مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەکەینەوە ئەویش کیمیابارانکردنی هەڵەبجەیە. ئەو تاوانەی کە پەڵەیەکی ڕەش و شەرمەزارییە بە نێوچاوانی ڕژێمی بەعس و برینێکی قوڵیشە لە جەستەی مرۆڤایەتیدا."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، ئەنجومەنی پشتیوانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ساتێکی کەمدا نزیکەی 5000 پێنج هەزار مرۆڤی پەپولە ئاسا کرانە قوربانی ڕق و کینەی ئەو رژێمە خوێنڕێژە، و شارێکیان لە خەندەو پێکەنین نوقمی هاوارو ناڵەی مردن بە گازە ژەهراوییەکان کرد.

پەیامەکە بەم شێوەیە کۆتایی هاتووە: "لەم بۆنە خەمناک و کارەساتبارەدا پەیامی هاوخەمی و ماتەمینی خۆمانتان پێ رائەگەیەنین و لەئاست شەهیدو قوربانیانی ئەو تاوانەدا سۆزو وەفا ئەنوێنین... درود دەنێرین بۆ رۆحی پاکی شەهیدان و قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، دروود بۆ رۆحی پاکی شەهیدان و ئەنفال..."

حاجی مەسیفی، سکرتێری ئەنجومەنی پشتیوانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان