لە سەرەتای راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەمڕۆ بە خەمێکی قوڵەوە یادی 37 ساڵەی تاوانی دڕندانەی دژ بە گەلەکەمان دەکەینەوە کە لە شاری هەڵەبجە لە لایەن هێزەکانی رژێمی بەعسی روخاوەوە بەرامبەر بە خەڵکی بێدیفاع و مەدەنی ئەو شارە ئەنجامدرا."

راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو تاوانەی شۆڤێنیەکانی بەعس بەسەر ئەم شارەدا هێنایان، رقێک بوو بەرامبەر رۆڵی مێژوویی هەڵەبجە کە لە جوڵانەوەی فەرهەنگی و شارستانێتی و سیاسیدا خاوەنی بیری دەوڵەمەند و پێشکەوتنخوازی کوردایەتی بوون و لە راپەڕین و شۆرشەکانی گەلەکەشماندا هەمیشە سەرمەشق بوون.

هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە: "وەک چۆن هەر لە پاش راپەڕینەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ئەرکی خۆی و دواتر لە رێگەی حکومەتی هەرێمەوە هەوڵی بێوچانی خستە گەڕ بۆ گەڕاندنەوەی سیمای ئاوەدانی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە هەڵەبجە و خەڵکەکەی، ئیمڕۆش زیاتر لە جاران و پاش بەڕەسمی ناساندنی هەڵەبجە وەک چوارەمین پارێزگای کوردستان لە لایەن پارلەمان و حکومەتی هەرێمەوە، لەپێناو سارێژکردنی زامەکان و باشتر قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتوانی تاوانی جینۆسایدکردنی ئەم شارە تێدەکۆشێت."

مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەم بۆنە خەمناکەدا تەئکیدی کردووەتەوە کە سەرکردایەتی یەکێتی لە رێگەی فراکسیۆنەکەیەوە لە پەرلەمانی عیراق و تیمی ئیدارەی هەڵەبجە و حکومەتی فیدراڵی، لە هەوڵی بەردەوامدان تاوەکو لە ئەنجومەنی نوێنەران پرۆژە یاسای بەرەسمی ناساندنی هەڵەبجە وەک نۆزدەیەمین پارێزگای عێراق دوا خوێندنەوە و دەنگدانی لەسەر بکرێت و بە پێی یاسا و بنەما دەستورییەکان گشت شایستە و مافەکانی بۆ دابین بکرێت.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "تاوانی کیمیایبارانی هەڵەبجە زامێکی لە بیرنەکراوە. درود بۆ رۆحی شەهیدانی کیمیایبارانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی جینۆسایدی گەلەکەمان.