تەنها چەند خولەكێك دوای هەڕەشەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەر حوسییەکان، هێرشی بەرفراوانی ئەمریكا بۆ سەر دامەزراوە سەربازیی و ستراتیژییەكانیان لە یەمەن دەستی پێكرد.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوی كردەوە شەوی شەممە دوای بڵاوبونەوەی پەیامی هەڕەشەی سەرۆكی ئەمریكا  لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس، ئەو وڵاتە هێرشەكانی لە دەریا و ئاسمانەوە دژی 30 بنكە و دامەزراوە سەربازییەكانی حوسییەكانی یەمەنی لە سەنعای پایتەخت و چەند ناوچەیەكی دیكەی یەمەن بەشێوەیەكی فراون دەست پێكردوە و زیانی گەورەی لێكەوتوەتەوە.

ترەمپ لە پەیامەكەیدا رایگەیاند، كاردانەوەی سەرۆكی پێشوی ئەمریكا بەرامبەر چەكدارانی حوسیی لاواز بوە بەڵام ئەو داوا مۆڵەت دەداتە ئەو چەكدارانە و هەڕەشەی ئەوەشی كرد كە گورزێكی گەورەیان لێدەوەشێنێت بە جۆرێك كە پێشتر روی نەدابێت.

وەزارەتی تەندروستیی یەمەن بڵاوی كردوەتەوە بەهۆی هێرشەكانی ئەمریكا لانیكەم نۆ چەكداری حوسی كوژراون و نۆی دیكەشیان برینداربون.
حوسییەكان رایانگەیاندوە ئەو هێرشانە توندترین هێرشی ئەمریكا بوە كە لە ئەمساڵدا كراوەتە سەریان و هاوكات لە راگەیەنراوێكیشدا هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەی ئەو هێرشانەیان كردوە.

حوسییەکان کێن؟

حوسییەکانی یەمەن گرووپێکی چەکداری پەیڕەوانی مەزهەبی زەیدین کە یەکێکە لە مەزهەبەکانی ئایینی شیعە لە ئیسلامدا.

ئەم گرووپە لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دروستبوو کە بە گوتەی خۆیان بەرەنگاری گەندەڵییە بەرفەراوانەکانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆک کۆماری یەمەن ببنەوە.

ناوی ئەو گرووپە لە حوسێن ئەلحوسی دامەزرێنەری ئەم بزووتنەوەیە هاتووە. هەروەها بەخۆیان دەڵێن ئەنساروڵا یان یارانی خودا.